منداڵانی ئەفغانی کە لە کامپی تۆرخام دەژین: نازانین چی بکەین

ئەو منداڵە ئەفغانییانەی لە پاکستان دیپۆرتکرانەوە و لە کامپی تۆرخام لە سنووری ئەفغانستان و پاکستان ماونەتەوە، دەڵێن: نازانین چی بکەین.

بەهار لاهیب

 

ئەفغانستان- لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣دا کاتێک کۆچبەرە ئەفغانییەکان بە زۆرەملێ لە پاکستان دەرکران، زۆرترین زیان بەر ژنان و منداڵان کەوت، بەپێی داتاکانی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف، ٪٦٠ی کۆچبەرانی دیپۆرتکراو منداڵن، ٪٢٤ی منداڵان تەمەنیان لە خوار ٥ ساڵەوەیە و ٪٩٠ی کۆچبەران بێ ماڵ و حاڵن، زۆربەی ئەو منداڵانەی شەو لە چادر و ئۆتۆمبێلدا بەسەر دەبەن، باس لەوە دەکەن کە ڕووبەڕووی سەرما و تا و کۆکەیەکی توند و ئازار دەبنەوە.

 

"نازانین چی بکەین"

لە کامپی تۆرخام لەسەر سنووری ئەفغانستان و پاکستان لەگەڵ منداڵە دیپۆرتکراوەکان قسەمان کرد، منداڵەکان باسیان لەوەکرد، کە دەزگاکانی فریاگوزاری لە جلوبەرگ و پێڵاو و هەندێک پێداویستی سەرەتاییدا یارمەتییان داون، ڕویا ناسری تەمەن ٨ ساڵ کە لەگەڵ برا ١١ ساڵانەکەی لە کامپەکەدا ماونەتەوە، وتی: من و برا ١١ ساڵانەکەم لە پاکستان کەلوپەلمان دەفرۆشت، دایک و باوکم ساڵێک لەمەوبەر لە پاکستان لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانیان لەدەستدا، دوای مردنیان لەگەڵ خزمێکمان لە پاکستان دەژیاین و من و براکەم ناچار بووین کاربکەین تا بژێوی ژیانمان دابین بکەین، ئەو ماڵەی کە لەگەڵیاندا دەژیاین، کوڕە گەورەکەیان ڕێگری لێکرا کار بکات و دوو براکەشی لە قوتابخانە دەرکران، پاکستانمان بەجێهێشت، چونکە ئێمە جیاواز بووین و کەسمان نەبوو، ئێستا من و براکەم لێرەین و نازانین چی بکەین.

 

جەمیلە سابوری ١٠ ساڵ دەڵێت: ئێمە ٤ خوشک و براین، پێش ئەوەی لە پاکستانەوە بێینە ئەفغانستان لەگەڵ خێزانەکەمان لە پاکستان دەژیاین، پاشان هاتینە ئەم کامپە و هەر خێزانێک چادرێکیان پێدرا.

 

لەکاتێکدا لەگەڵ منداڵەکان قسەمان دەکرد، تاڵیبانەکان هاتن و گوتیان "بۆچی ئێوەی کچان ناچنە چادرەکانتان" و هاواریان کرد و ناچار بووین کامپەکە بەجێبهێڵین، کامپەکانی پەنابەران لەژێر چاودێری توندی تاڵیباندان و دەزگاکانی فریاگوزاری و ڕۆژنامەنووسان و ئەو بیانیانەی کە دەچنە ناو کامپەکەوە دەکەونە ژێر چاودێرییەوە.