ژنانی میسری لە دژی کۆیلایەتی ناوماڵ تێکۆشان دەکەن

ژنانی قاهیرە سەرنجیان بۆ ئەو پێشێلکارییانە ڕاکێشا کە ژنان لە ماڵدا ڕووبەڕووی دەبنەوە، ڕایانگەیاند کە ژنان وەک کۆیلە لە ماڵدا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و پێویستە خەباتی ژنان لە دژی ئەمە بەرز بکرێتەوە.

ئەسما فەتحی

 

قاهیرە- زۆرێک لە ژنان لە میسر ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی دەبنەوە، یەکێک لەو بابەتانەی لە وڵاتدا باس دەکرێت، ئاساییکردنەوەی توندوتیژییە، جێگای ژن سنووردارە بە ڕۆڵەکانی ناو ماڵ و وەک ڕەنگدانەوەی عەقڵیەتی پیاوانە دەردەکەوێت، عەقڵیەتی پیاوان هەوڵدەدات بە کۆیلەکردنی ڕۆڵی ژنان تا ئاستی کۆیلایەتی ناوماڵ سنووردار بکات.

 

حەنان مەناع یەکێکە لەو ژنانەیە کە توندوتیژی قبوڵ نەکردووە و دژی ئەو توندوتیژییە تێکۆشان دەکات، ئەو باس لەوە دەکات ژنان لەناو ماڵدا بە چاوی "خزمەتکار" سەیر دەکرێن، دەشڵێت: ژنانی خێزاندار وەک هاوژین و هاوبەشی ژیان نابینرێن و ئەرکەکانیان تەنها لە کاری ماڵەوەدا سنووردارە. ئەم ڕێبازە بۆ خۆی سوکایەتیکردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە، زۆرجار ژنان لە ترسی دوورخستنەوە لە کۆمەڵگە داوای جیابوونەوە ناکەن و بەهۆی ئەوەشەوە ئەو ئازارەی کە تووشی دەبن دوو هێندە زیاد دەکات.

 

"کچان وەک بارگرانییەک دەبینن"

حەنان مەناع ئاماژەی بەوەشکرد، بە گشتی ئەو ژنانەی خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆیان نین، ناچارن ژیانێکی سەخت قبوڵ بکەن، وتیشی: زۆرێک لە خێزانەکان بە هۆکاری ئابووری کچەکانیان ناچار دەکەن هاوسەرگیری بکەن، کچان وەک بارگرانییەک لەسەریان دەبینن، ناکۆکی لە کاتی دەستگیراندارییەکانیاندا دروست دەبێت، بەڵام باوەڕێک هەیە کە ئەم دۆخە دوای هاوسەرگیری و منداڵبوون دەگۆڕێت، بەداخەوە ئەو ناکۆکیانەی لە کاتی دەستگیراندارییدا ڕوودەدەن، تەنانەت دوای هاوسەرگیریش بەردەوامن و دواتر دۆخەکە خراپتر دەبێت.

 

"نابێت سنووری کەس پێشێل بکرێت"

حەنان مەناع ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ چارەسەرێک بۆ ئازاردان و فشار لە خێزانەکەدا نییە و دەڵێت: زۆرێک لە ژنانی خێزاندار کێشەیان لەگەڵ هاوبەشی ژیانیان و خێزانی هاوبەشی ژیانیان هەیە، پێویستە هەردوولا سنوور لەناو بنەماڵەی خۆیاندا دابنێن، چونکە هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە مافی کەسانی دیکە پێشێل بکات، سنووری کەسیش نابێت پێشێل بکرێت، ڕێزگرتن زۆر گرنگە لە ژیانی هاوژینیدا و ئەگەر ئەمە بکرێت، ئەوا کێشەکە چارەسەر دەبێت.

 

"لەناو خێزاندا ژنان زۆر لە کارەکان بەڕێوە دەبەن"

مەدیحە کەیلانی باسی لەوە کرد کە ژنان حەزیان لە زۆرێک لە ئەرکەکانی وەک چاودێریکردنی منداڵ و چێشت لێنان و پاککردنەوەی ناو ماڵە و وتی: زۆرێک لە خێزانەکان کاتێک هاوسەرگیری دەکەن بە چاوی هێنانی "خزمەتکار" لە بوکەکەنیان دەڕوانن، خێزانەکان دەبێت ببن بە مۆدێلی باش بۆ نەوەی نوێ، ئەگەر لە خێزاندا ڕێز نەمێنێت، ژنان وەک بەهای باڵا نەبینن و هەمیشە سووکایەتییان پێبکرێت، ئەم دۆخە کاریگەری لەسەر منداڵان و نەوەکانی داهاتووش دەبێت.