ژنانی هەورامان؛ لیوان لێو لە ڕەنج و ئازایەتی
ئەگەرچی هەمیشە ناوی پیاوان بەناو بووە، بەڵام ژنانی هەورامان بە درێژای چەندەها ساڵ ڕەنج و زەحمەتییان کێشاوە، سەرباری بەڕێوەبردنی ماڵ، منداڵیان بەخێوکردووە و ئاژەڵداری و کشتوکاڵیشیان کردووە.
هیما راد
سنە- هەورامان خاوەنی مێژوویەکی چەند هەزار ساڵەیە لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشەکانی بە " ژاوەرۆ-گاوەرۆ-رەزاو و کەمەرە-لهۆن-دزڵی-هەورامانی تەخت" ناسراوە، یونسکۆ لە ساڵی ٢٠٢١دا هەورامانی وەک شوێنەوارێکی کەلەپووری جیهانی تۆمارکرد، هەورامان دەوڵەمەندە بە کلتور، فەرهەنگ، گۆرانی، ئاواز و جلوبەرگی تایبەت بە خۆیان، زمانیشیان کوردی زاراوەی هەورامییە، بە بڕوای شارەزایانی زمان هەورامان خاوەنی زاراوەیەکی سەربەخۆ و تایبەتی خۆیەتی.
ناوچەکانی هەورامان شاخاوی و پڕ هەوراز و نشێون و کەمتر باخ و دەشتای تێدا بەدیدەکرێت، هەر بۆیەش کشتوکاڵی دانەوێڵەی کەمترە، کەشوهەوا و جۆری خاکەکەی بۆ دانەوێڵەی گوێز گونجاوە و بەهۆی بەرزیی و سەختی ناوچەکەی بۆ کشتوکاڵ کردن خەڵکەکەی بە کەسانی ڕەنجدەر و زەحمەتکێش بەناوبانگن، بەرزی شاخەکانی هەورامان دەگاتە ٣٣٩٠ مەتر، بە هۆکاری تایبەتمەندی جوگرافیا، بیناسازی و ئابووریەوە گوندەکانی هەورامان کەمتر توانای بوون بە شاریان هەیە.
ژنانی هەورامان ڕەنگدەرەوەی سروشتی ناوچەکەیانن
ژنانی هەورامان هێندەی سروشتی ناوچەکەیان زەحمەتکێش و ئازان، بەهۆی هەستکردن بە بەرپرسیارییەتیان هەمیشە بەرگەی سەختی ژیانیان گرتووە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان، سەرقاڵی ئاژەڵداری، کشتوکاڵ، ماڵداری، پەروەردەکردنی منداڵەکانیان بوون و لەم ساڵانەی دوایدا کۆچکردن بۆ شارەکان کەمبووەتەوە، بەڵام بەشێکیان بەهۆی نەبوونی قوتابخانە و خزمەتگوزاری پێویستەوە ناچاربوون گوندەکانیان چۆڵبکەن.
لەگەڵ دەستپێکردنی بەهار و سەرەتای کشتوکاڵدا گوندەکان زیاتر قەرەباڵغ دەبن و بەشێکی زۆریان لە شارە جیاجیاکانەوە دەگەڕێنەوە بۆ گرنگیدان باخ و ڕەز و ژیانی ناو گوندەکەیان و دەستکردن بە کاری ئاودێری، ژنانی هەورامانیش ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە بەڕێوەچوونی کارەکانی گوند و هیچکات پیاوێک نابینیت کە بەتەنها کاربکات، بەڵکو دەبینیت کە ژنان ئازایانە بێئەوەی گلەیی دەرببڕن کاردەکەن و ڕەنج دەکێشن و ئاگاداری کاری ماڵەوە و پەروەردەکردنی منداڵەکانیشیانن.
پیاوان زەحمەتی و ڕەنجی ژنانیان لەبەرچاو نەگرتووە
سەرەڕای سروشتی شاخاوی و کەشوهەوای سەختی هەورامان، کەسانێکی میهرەبان و میواندۆست دەبینرێت کە هەر گەشتیارێک لە کۆڵان و باخێک تێدەپەڕێت، بانگهێشت دەکرێت بۆ چا و نانخواردن.
میوان و ڕێبواران و ئەو کەسانەی تازە دەچنە ناو گوندەکە وەک گوندنشینەکانی خۆیان لێی دەڕوانن و بە گوفتاری شیرین و ڕەفتاری دۆستانە و گەرمیان بانگهێشتیان دەکەن، ژنانی گوندی ئاوینهەنگ کە تەمەنێکیان لە ژیانی ناو گوند بەسەر بردووە باسیان لە ژیانی خۆیان کرد و وتیان، کاتێک ئەوان گەنجبوون دەبوو سەرقاڵی ئاژەڵداری، کشتوکاڵ و کاری ماڵ و منداڵ ببن، بەڵام هاوژینەکانیان ڕێزیان لە ماندووبوونی ئەوان نەدەگرت و نرخیان بۆ ڕەنجکێشانی ئەوان دانەناوە و لێیانداون.
یەکێک لە ژنەکان وتی: "هەرچەندە دۆخی ئەو کاتە زۆر سەخت بوو بۆ ژیانکردن و بژێوی ژیان پەیدا نەدەبوو، ٩ منداڵم بوو لەگەڵیشیدا کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداریشم دەکرد، بەڵام پیاوەکان نرخی کارەکانیان نەدەزانی و ناڕازی بوون و کاتێک دەهاتنەوە ئێواران لێیاندەداین و قسەی ناخۆشیان پێدەوتین."
سومەییە یەکێکە لە ژنەکانی ناو گوندەکە کە سەرقاڵی برژاندنی نانە، باسی لەوەکرد کە لەگەڵ هاوژینەکەی پێکەوە دەژین و سەرقاڵی کاری گوندن، "کاری کشتوکاڵ زۆر زەحمەتە، بەڵام ئێمە لێرە کاردەکەین و سەرقاڵی ئاژەڵداری و کاری ناو ڕەز و باخەکانین و هەموو کارەکان ڕادەپەڕێنین."
کات گەیشتە خۆرئاوابوون و ژنان هێدی هێدی دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە، بە تێپەڕبوونت بە گوندەکەدا جوانی دیمەنی سروشت و بۆنی گوڵ و گوڵزاری ناو باخەکان سەرنجی ڕادەکێشایت.