لە شوێنێکی نەشیاو بۆ ژیانەوە ژنانی عەفرین بەرخۆدان دەکەن

ژنانی ئاوارەی عەفرین، کە لە شوێنی نیشتەجێبوونی وێرانەدا دەژین، دووپاتی دەکەنەوە کە بەرەنگاری هەموو سەختییەکانی ژیان دەبنەوە، تا شارەکەیان لە داگیرکاری ڕزگاری دەبێت.

فیدان عەبدوڵا

 

شەهبا- لە شوێنی نیشتەجێبوونی ڕووخاو و خانووە نیمچە وێرانبووەکاندا، خەڵکی عەفرین، کە بە زۆر ئاوارە بوون بۆ کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەرەنگاری هەموو سەختییەکانی ژیان دەبنەوە تا شارەکەیان لە دەستی داگیرکاری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی ڕزگار ببێت و بگەڕێنەوە سەر خاکەکانیان.

 

"بەرخۆدانمان بۆ ئازادکردنی عەفرینە"

ئامینە بیرەم، کە لە گوندی میدانکە لە عەفرین ئاوارە بووە بۆ کانتۆنی شەهبا، لەگەڵ چەند خێزانێکی ئاوارەی عەفرین لە کێڵگەیەکی پەلەوەری چۆڵکراودا دەژین، لەبارەی ژیان و ئازارەکانیان دەڵێت: پێشتر بەیانیان بە دەنگی باڵندە و وێنەی سروشتی لە خەو هەڵدەستاین، بەڵام ئەمڕۆ بە دەنگی تۆپباران لەو شوێنانە لە خەو هەڵدەستین کە شیاوی نیشتەجێبوون نین، هەر ڕۆژێکمان بە سەختی بۆ تێدەپەڕێت، بەڵام بەرخۆدان و پابەندبوونمان بە خاکەوە وامان لێدەکات، بەرگەی هەموو ئەو سەختی و ئاستەنگانە بگرین کە بەرەوڕووی دەبینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو سەرکەوتنە گەورەیە بەدەستبهێنن و عەفین لەژێر دەستی داگیرکاری تورکیا ڕزگار بکەین.

 

"ماڵەکەمان وەک ئەوەیە لەسەر شەقام بێت"

سەلوە سیدۆ لە ناوچەیەکدا دەژی کە پێشتر فرۆشگای بازرگانی بووە، باسی لەوەکرد، کە شوێنی ژیانیان لە شەقام دەچێت نەک ماڵ، چونکە ئەو فرۆشگایەی کە ئێستا تێیدا دەژین لە ناوچەی بابنیس لە شەهبا ڕاستەوخۆ ڕووی لە شەقامەکەیە و ئەمەش لە زۆر حاڵەتدا دەبێتە هۆی ئازار و شەرمەزارییان، وتیشی: لە هاویندا بەدەست تۆزی ئۆتۆمبێلەکانەوە دەناڵێنین کە لەبەردەم ژوورەکەدا تێدەپەڕن، چونکە بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما ناچارین دەرگاکان بە کراوەیی بهێڵینەوە، لە وەرزی زستانیشدا هەر کە دەرگاکە کرایەوە تا کەسێکی خێزانە هاتوچۆ بکات، ژوورەکە سارد دەبێتەوە.

 

سەلوە سیدۆ داوای لە ڕێکخراوە مرۆییەکان و وڵاتانی بەشدار لە کاروباری قەیرانی سووریا کرد، کۆتایی بەو کارەسات و مەینەتییە بێنن کە لە ئەنجامی قەیران و شەڕ و داگیرکاری و ئاوارەیی و گەمارۆدان خەڵک تووشی بووە.

 

"تەنها ئیدارەی خۆسەری هاوکاری کردووین"

زەینەب عوسمان، دانیشتووی شاری حەلەب بووە و لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانەکاندا بۆ ژیانێکی سەلامەتتر دەچێتە کانتۆنی شەهبا، ماوەی پێنج ساڵە لە ماڵێکی نیمچە وێراندا دەژی کە نازانن چۆن و کەی سەقفەکە دەڕووخێت بەسەریاندا، چونکە بەهۆی هێرشەکانی لەسەر ناوچەکە بووە، زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و کاریگەری بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی باكووری کوردستانیشی لەسەرە، کە هەڕەشەی بۆ سەر ژیانیان دروستکردووە، زەینەب دەڵێت: زۆرێک لەو ڕێکخراو و دامەزراوەیانەی بانگەشەی مرۆڤایەتی دەکەن و هاوکاری خەڵک دەکەن، سەردانی ئەو شوێنەیان کردووە کە ئێمە لێی دەژین و بەڵێنی زۆریان پێداوین، بەڵام هێشتا هیچیان دابین نەکردووە بۆمان.

 

زەینەب دووپاتی کردەوە کە تا ئێستا ئیدارەی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تاکە ئیدارەیە کە هاوکاری مرۆیی و فریاگوزاری و ماددییان بۆ دابین دەکات.