"ڕاگەیاندنی کوردی بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری کار دەکات"

ڕاگەیاندن لە باشووری کوردستان لە دۆخێکدایە کە بابەتی فرە ژنی دەخەنە پێش چاو و ژنان بەکاردەهێنن بۆ کۆکردنەوەی بینەر، شارەزایەکی ڕاگەیاندنیش دەڵێت: ڕاگەیاندن هەڵقوڵاوی ئەو دەسەڵاتەیە کە بە ئەقڵیەتیکی پیاوسالاری کار دەکات.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-ڕاگەیاندن بەشێکی گرنگی هەموو کۆمەڵگەیەکە بۆ ئەوەی تاکەکانی ئاگایان لەو ڕووداو و پێشهاتانە بێت کە ڕۆژانە ڕوودەدات، بەڵام لە هەندێک لە کۆمەڵگە داخراوەکان و ئەو کۆمەڵگەیانەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵە بەسەریدا، ڕاگەیاندن بە ئەرکە ڕاستەکەی خۆی هەڵناسێت و بابەتە هەنووکەییەکان دەخەنەڕوو، هەروەها ژنان بەکاردەهێنن بۆ کۆکردنەوەی بینەر و بابەتی فرە ژنی و ئەو بابەتانەی پەیوەندی بە ژنەوە هەیە دەوروژێنن.

 

"ڕاگەیاندنی ئێستا لە ڕووی ناوەڕۆکەوە لاوازە"

ڕۆژان سەیفور، مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، دۆخی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان لەڕووی تەکنیکیەوە لە ئاستێکی باشدایە، بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆک و ئەو بابەتانەی بینەر دەیەوێت، لاوازی پێوە دیارە، ئەوەی کە ڕاگەیاندن پێویستە بیکات، ڕاگەیاندنەکانی باشووری کوردستان نەیانکردوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە میدیاکان سەر بە حزبەکانن و بەشێکی کەمیان سەربەخۆن، هەواڵەکانمان سەرچاوەکانیان ئاساییە و کەمتەرخەمیەک دەکەن بۆ گەڕان بە داوی سەرچاوەی قوڵدا، زۆربەی هەواڵەکانی ئێستا نەرێنین و هەواڵی کوشتن و پرسە زۆر بڵاودەکەنەوە، لە کاتێکدا ئێمە لە سەردەمێکداین پێویستمان بە هەواڵی جدی هەیە.

 

"بابەتی فرە ژنی لە کۆمەڵگەی کوردیدا سەرنج دەخرێتە سەری"

ڕۆژان سەیفور ڕوونی کردەوە، ئەو ڕاگەیاندنانەی زۆر دەچنە ناو خەڵکەوە و سەر بە حزبەکانن، ئەو بابەتانە دەوروژێنن کە سەرنجی خەڵک ڕادەکێشێت، بابەتی سیاسی و ئابووری ناوروژێنن، چونکە لە بەرژەوەندی حزبەکان نییە، بۆیە بابەتی فرە ژنی یەکێکە لەو بابەتانەی کۆمەڵگەی کوردی زۆر سەرنج دەخاتە سەری، لەبەر ئەوەشی کۆمەڵگە لە ئیسلامی و عیلمانی پێکهاتووە، وا دەکات بەگژداچوونێک دروست ببێت و بابەتە سەرەکییەکان پشتگوێ بخرێت، هۆکارێکی تری وروژاندنی فرە ژنی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنەکانی باشوور بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری کار دەکەن و ئەو بابەتانە باس دەکەن کە پیاوان دەیانەوێت.

 

وتیشی: وروژاندنی بابەتەکانی فرە ژنی لەلایەن ڕاگەیاندنەکانەوە لە کاتی نزیک بوونەی وەرگرتنی موچەدا دەبێت، بۆ ئەوەی چەواشەکارییەک لای خەڵکی دروست بکەن و خەڵکی سەرقاڵ بکەن، وە بابەتی فرە ژنی بابەتێکی زیندووی ناو کۆمەڵگەیە و ژنانیش هەستیارن بەم بابەتە، بەشێک لە خەڵکی داوای یەکسانی ژن و پیاو دەکات، بەڵام لە لایەکی ترەوە فرە ژنی ئەنجامدەدات.

 

"ژنان دژی فرە ژنی ڕێگە ڕاستەکە ناگرنەبەر"

ڕۆژان سەیفور ئەوەشی خستەڕوو، لە بابەتی فرە ژنی تەفسیری قورئان بە ئەقڵیەتییەکی پیاوسالارانە شیکراوەتەوە، دەبێت ئێمە بێین شیکردنەوەی دروستی بۆ بکەین، چونکە هەندێک کەس هیچ لە دینی ئیسلام نازانن و ئەرکەکانی جێبەجێ ناکەن، بەڵام پشتگیری لە بابەتی فرە ژنی دەکەن و پێیان وایە ئەرکێکی ئاینییە، لە کاتێکدا لە دینی ئیسلامدا فرە ژنی نەکراوە بە مەرج و لە سەردەمی پێش هاتنی ئیسلامدا پیاوان زیاتر لە ١٠٠ ژنیان هەبووە، دوای هاتنی ئیسلام سنورێک دانراوە بۆ ئەوەی چیتر ئەو زوڵمە بەرامبەر بە ژنان نەمێنێت. ژنان تا ڕادەیەک بێ دەنگ نەبوونە بەرامبەر ئەم چەواشەکاریانە، بەڵام ڕێگە دروستەکەیان نەگرتوەتەبەر، دەبێت ژنان خۆیان ڕێگە راستەکە بگرنەبەر و پیاوان ئاڕستەیان نەکەن وەکو بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان بە حساب کار بۆ ژنان دەکەن، بەڵام دیسان ئەقڵیەتییەکی پیاوسالاری لە پشتیانەوەن.

 

"دەسەڵات بە ئەقڵیەتییەکی پیاوسالارانە ژنانی لە سیاسەتدا بێ دەنگ کردوە"

ڕۆژان سەیفور جەختی کردەوە، دەسەڵات لە باشووری کوردستان بە ئەقڵیەتییەکی پیاوسالارانە کار دەکات، هەندێک لە پۆستە سیاسییەکان دەدات بە ژنان تەنها بۆ ئەوەی بڵێن کۆمەڵگەیەکی یەکسان و دادپەروەرە، بەڵام لە دوایدا دەسەڵاتی بڕیاردانیش لە ژنان دەسێننەوە و ناهێڵن ژن بوونی خۆیان بسەلمێنن، هەر بۆیە بەشێکی زۆری ڕاگەیاندنەکان هەڵقوڵاوی ئەو دەسەڵاتەن.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: ڕاگەیاندن کار لەسەر ئەوە ناکات بینەر چی دەوێت، بەڵکو کار بۆ ئەوە دەکات بینەر چۆن بیر بکاتەوە، بۆیە پێویستە ئێمە خۆمان و منداڵ و کۆمەڵگەکەمان پەروەردەیەکی ڕاگەیاندن بکەین، ئەگەر گرنگی بە بابەتە هەنوکەییەکان نەدەین وا لە ڕاگەیاندن دەکەین ڕێڕەوە ڕاستەکەی خۆی بدۆزێتەوە، وە ڕاگەیاندن دەبێت ئەو بابەتانە بخاتە ڕوو کە پەیوەندی بە کۆمەڵگەوە هەیە و لەگەڵ کولتووری ئێمەدا دەگونجێت.