دۆخی ژیانی ئاوارەکان پێویستی بە چاکسازییە
ئەو هاوڵاتیانەی لەناو کامپەکاندا دەژین تا دێت دۆخی ژیانیان خراپتر دەبێت، نەبوونی سەرچاوەی داهات و کەمی خزمەتگوزاری وای کردووە ڕۆژانە ڕووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە بە تایبەت ژنان و منداڵان، کاندید نەرمین مەعروف پێی باشە حکومەت و ڕێکخراوەکان هەوڵی باشکردنی دۆخی ژیانیان بدەن.
شنیار بایز
سلێمانی- لەگەڵ هەبوونی ژمارەیەکی زۆر ئاوارە، تا ئێستا حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کارێکیان نەکردووە بە بێ کەموکورتی ژیانیان بگوزەرێنن، بەڵکو لەلایەنی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە ڕووبەڕووی چەندین کێشە بوونەتەوە، ژنان و منداڵان لەناو کامپەکاندا بە ڕێژەیەکی زۆر ڕووبەڕووی جۆرەها توندوتیژی دەبنەوە بەوەش کار دەکاتە سەر دەروونیان و شێوازی ژیانیان.
نەرمین مەعروف، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە ئابووری و کاندیدی لیستی هاوپیەمانی، دەربارەی دۆخی ژیانی ئاوارەکان و پێداویستییەکانیان، بە ژنهای وت: "دۆخی سیاسی ژیانی چەندین هاوڵاتی خستووەتە ژێر مەترسییەوە و پێویستە کار بکرێت لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان".
"بارودۆخی سیاسی بووتە هۆی ئاوارەبوونی چەندین هاوڵاتی"
نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی هێرشی داعش و دۆخی سیاسی و بوونی مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان لە ٪٩٧ی ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا ڕوویانکردووەتە هەرێمی کوردستان، زۆربەیان نیشتەجێی ناو کامپەکانن لە هەرسێ پارێزگای "سلێمانی، دهۆک و هەولێر"، هەروەها بەشێکی دیکەیان نیشتەجێی ناو گەڕەکەکانی شارن، وتیشی: ئەو ئاوارانەی نیشتەجێی ناو کامپەکانن دۆخی ژیانیان لە مەترسیدایە بە گشتی و زۆر کات ڕووبەڕووی قەیرانی دارای دەبنەوە، بە تایبەت ژنان.
"خراپی دۆخی ژیانی ئاوارەکان، نەبوونی سەرچاوەی داهاتە"
بەهۆی خراپی دۆخی سیاسی لەو ناوچانە، ئەستەمە خێزانەکان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، لە حاڵەتێکدا بگەڕێنەوە تەنها پیاوەکانن و ژن و منداڵەکان لە کامپەکانی ئێرەدا ماونەتەوە و لەگەڵ بەخێوکردنی منداڵەکانیان لە خەمی پەیداکردنی بژێوی ژیاندان، بۆیە دۆخی ژیانیان تا بێت خراپتر دەبێت و لەوکاتەی بە شوێن هەلی کاردا دەگەڕێن ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.
نەرمین مەعروف، بە پێویستی دەزانێت سەرچاوەی داهات بۆ ئەو هاوڵاتیانە دەستەبەر بکرێت لەگەڵ ئەوەی ساڵانی ڕابردوو چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کاری کردووە بۆ پڕکردنەوەی کەم و کورتییەکانایان بەڵام هێشتا چەندین کەلێن هەن کە پڕ نەکراونەتەوە، چونکە ئەو چارەسەریانە کاتین، هۆکاری سەرەکیشیان نەبوونی سەرچاوەی داهاتە.
یەکێک لەو پڕۆژانەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانی ئەو هاوڵاتیان بونیاتی ناوە لە کامپەکانی وەک عەربەت، دارە شەکران و چنەدینی دیکە، پڕۆژەی "ناوە پلاستییکیەکانە"، کە لە ڕێیەوە دەتوانن کاری کشتوکاڵی تێدا بکەن و بەرهەمەکەی بەشێکی بۆ خۆیان بێت و بەشەکەی دیکەی بفرۆشنەوە و سودی لێ ببینن،هەروەها لە ڕووی ئابورییەوە بیکەنە سەرچاوەیەکی داهات.
"دەبێت هەوڵی باشکردنی ناوچەی ئاوارەکان بدرێت"
نەرمین باس لەوەدەکات کە چەند پێویستە هەوڵی باشکردنی دۆخی ژیانی ئاوارەکان بدرێت دوو هێندە پێویستە هەوڵ بۆ باشکردنی ئەو ناوچانە بدرێت کە پێشتر لێی نیشتەجێبوون و ئێستا بەهۆی دۆخی سیاسی و شەڕەوە وێران بوون، لە پێناو ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسای خۆیان و وەک هاوڵاتییەکی ئاسای بژین.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی "ئەم کێشانە پێویستیان بە چارەسەری بنەڕەتییە تەنها بە بانگەشە و هەوڵی کاتی ناکرێت، بەڵکو دەبێت حکومەتی عێراق بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بکات و هەوڵی نۆژەنکردنەوەی خانووە ڕووخاوەکانی ئەو ناوچانە بدات و تەواوی خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابین بکرێت، هەروەها ئەو ژن و منداڵانەی ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بونەتەوە قەرەبوویان بکرێتەوە زیاتر گرنگیان پێبدرێت"
ئەو کاندیدە ئاماژەی بەوەشدا کە لە ساڵی ٢٠٢٠ یاسایەک لە پەرلەمانی عێراقەوە دەرچووە تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی ئەو هاوڵاتیانەی لە سنوری ناوچە کوردییەکان و کوردستان ڕووبەڕووی زیان بوونەتەوە لە ئەنجامی شەڕی سەربازی واتە پەنابەران ناگرێتەوە، بە پێی ئەم یاسایە دەبێت ئاوارەکان قەرەبوو بکرێنەوە و دۆخی ژیانیان بەرەو باشتر بچێت ئەمەش بە هاوکاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دابینکردنی بودجەی پێویست لەلایەن حکومەتەوە.
نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوەدا پێویستە پڕۆژەی جۆراوجۆریان پێشکەش بکەن لە ڕووی بەتوانا کردنیان لە بەدەستهێنانی سەرچاوەی داهات و ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی، زیاتر تیشک بخرێتە سەر ژنان کە جیا لە ئەرکی دابینکردنی بژێوی ژیان، بەخێوکردنی منداڵیان لەسەر شانە.
ت.پ