ئەو بەفرەی هەرەسەکەی داگیرکاری ڕاماڵی
بەرفین ڕێباز بە بەشداریکردنی لە خەباتی ئازادی کوردستان، بە هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی، لەگەڵ حەقیقەتی ئەو ژنە ئازادەی کە لە کەسایەتی خۆیدا بنیادی نا، بوو بە جێگای شانازی بۆ گەلی کورد.
هێلین ڕەشید
سلێمانی- ژنانی کورد پێشەنگانی ڕێگای حەقیقەت و ئازادی گەلێکن، بە چەک و قەڵەم و زمان و دەنگیان لە هەر سەردەمێکدا، ڕووبەڕووی ئەو ئەقڵییەتە وەستاونەتەوە کە ژن و کۆمەڵگە دەکاتە کۆیلە و لە کەسایەتی تاکی کۆمەڵگەدا داگیرکاری دەکات، بەرفین لە باشوورەوە و لە چەقی پیلانگێڕی داگیرکاریی و لە هەناوی کوشتنی ژنانەوە بووە هەرەسێکی بەفر و بە ڕووی هەموو هێزە داگیرکار و ژن کوژەکاندا وەستایەوە و ڕێبازی گەیشتن بە حەقیقەت و ئازادی ڕووناک کردەوە.
سارا ئەحمەد ناسراو بە (بەرفین ڕێباز) لە شاری سلێمانی لەناو بنەماڵەیەک کە لە بەرامبەر بەها نەتەوەییەکان و خاکەکەیان دڵسۆزن، لە دایکبووە، لە ژیانێکی سادە دا فێری ڕەنج و دڵسۆزی بوو. وەک ژنێکی گەنجی ماندوو نەناس و بەهرەمەند، هەر لە منداڵیەوە ژێر دەستەیی ژنانی ناو کۆمەڵگای قبوڵ نەکرد و خەونی بەوەوە دەبینی ببێت بە جەنگاوەرێک بۆ پاراستنی خاک و نەتەوەکەی، هەر بۆیە بە شوێن بەدیهێنانی خەونەکەی دەکەوێت و ڕوو لە چیا ئازادەکانی کوردستان دەکات، لە ساڵی ٢٠١٥ بەشداری ناو ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە دەکات.
لە نێوان ساڵانی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٨ وەک گەریلایەک لە ناوچەی زاپ ئەزموونی گەورەی بەدەستهێناوە، دوای زاپ دەچێتە ناوچەی گارە و لە ئەکادیمیای سەربازی ژنانی ئازاد بە ناوی ئەکادیمیای شەهید بێریتان دەخوێنێت. هەڤاڵ بەرفین، بەو ڕاهێنانەی کە وەریگرت، ئەزموونەکانی لە ژیان و شەڕدا دەخاتە سەر بنەمایەکی زانستیتر و بووەتە فەرماندەیەکی پێشەنگی ژن.
ئەو پێی وابوو بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پێویستە خەباتی خۆی فراوانتر بکات و پێشنیاری کرد لە شەڕەکاندا ڕووبەڕووی دوژمن بێتەوە، هەر بۆیە لەسەر ئاستی فەرماندەیی یەکەکان، ڕووی لە ناوچەی مەتینا کرد.
بەرفین ڕێباز چالاکانە بەشداری لە هەڵمەتی شۆڕشگێڕانەی شەڕی خابوردا کردووە، لە ساڵی ٢٠٢١ لە کاتی زیادبوونی هێرشەکانی دوژمن هەڤاڵ بەرفین لە زۆرێک لە چالاکییەکاندا لە ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا بەبێ دوودڵیی و بە ڕۆحێکی فیداکارانە، ڕۆڵێکی کارا و قارەمانانەی گێڕا بۆ پاراستنی باشووری کوردستان لە دەستی دوژمن.
وەک فەرماندەیەکی بوێر و قارەمانی یەژاستار لە هەرێمەکانی بەرخۆدان لە مەتینا تا دوا دڵۆپی خوێن شەڕی کرد، دواجار لە ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە مەتینا لە هێرشێکی دوژمندا گیانی بەخت کرد و لە گۆڕستانی قڕگە لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.