گوڵان بەختیار: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری زیادبوونی جیابوونەوەی هاوسەرانە

ئاماری جیابوونەوەی هاوسەران لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام لە زیادبووندایە، لە ماوەی دوو مانگدا لە دادگاکانی عێراق ١١ هەزار و ١٢٣ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە، پارێزەرێکیش دەڵێت: کێشە کۆمەڵایەتییەکان و قەیرانی ئابووری هۆکاری هەڵکشانی جیابوونەوەیە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- جیابوونەوەی هاوسەران لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەردەوام ڕوو لە هەڵکشان دەکات، زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتیەکان و خیانەتی هاوسەرگیری لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە هۆکارێکی سەرەکین لە هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان، هەروەها هەبوونی خراپی بارودۆخی ئابووری و زیادبوونی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراقدا، کێشەیەکی دیکەی زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەرانە لە دادگاکاندا، ئامارەکانی جیابوونەوەش ساڵ بە ساڵ ڕێژەی بەرزتر تۆماردەکات.

 

بە پێی ئەو ئامارانەی دەست ئاژانسی هەواڵی نوژنها کەوتووە ئامارەکانی جیابوونەوەی هاوسەران لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەم ششێوازە دەبێت:

ئامارەکانی جیابوونەوەی هاوسەران لە دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا بۆ مانگی حوزەیران و تەمووز ١٤ هەزار و ٣١٢ دیاردەی جیابوونەوە تۆمار کراوە، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری لە شاری هەولێر ٥٨٥٧ جیابوونەوە تۆمار کراوە، لە سلێمانی ٥٤٣٨ دیاردەی جیابوونەوە هەبووە، گەرمیان ٨٥٣ دیاردەی جیابوونەوە تۆمارکراوە، دهۆک ٢١٦٤ خێزان ڕووی لە دادگاکان کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری، هەروەها لە هەمان مانگەکانی ئەمساڵدا لە دادگاکانی عێراق ١١ هەزار ١٢٣ دیاردەی جیابوونەوەی هاوسەران لە دادگاکانی عێراقدا تۆمار کراوە، هەروەها بەپێی ئامارێکی تایبەت، لە ساڵی ٢٠١٤ تاکو ٢٠٢٣ جیابوونەوەی هاوسەرەکان لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە ٪١٠ زیادی کردووە و لەو ماوەیەدا لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان، ٩٦ هەزار و ٤٤ خێزان هەڵوەشاونەتەوە.

 

"کێشەکانی دارایی و نەبوونی فلتەر بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری سەرەکی هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکانن"

گوڵان بەختیار عەلی، پارێزەر، باس لەوە دەکات، کەیسەکانی جیابوونەوەی هاوسەران لە دادگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکات، دەشڵێت: خراپی بارودۆخی ئابووری هاوڵاتیان و نەبوونی داهاتی پێویست بۆ خێزانەکان، کرانەوەی کۆمەڵگە بە ڕووی دابونەریتی ڕۆژئاوایی و کاڵبوونەوەی کولتووری کوردی لە خێزانەکاندا، نەبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە ناو خێزانەکاندا، نەگۆڕینەوەی خۆشەویستی و ناپاکی هاوسەرگیری لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە بێ هەبوونی سانسۆرێک، هۆکارێکی دیکەی هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکانە، هەروەها هەبوونی ڕاگەیاندنەکان و بڵاوکردنەوەی بابەت و هۆکارەکانی جیابوونەوەی خێزانەکان، بۆتە هۆکاری ئەوەی کۆمەڵگە کەیسەکانی جیابوونەوە یان تێکچوونی خێزانەکان لەلایان ئاسایی ببێتەوە.

 

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشدا، نەبوونی بەربەستەکان لە ڕێگای کەسانی پەیوەندیدارەوە هۆکاری زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی لێ دەکەوێتەوە، وتی: بە فلتەر نەکردنی تەواوی ڕاگەیاندنەکان و بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری زیادبوونی جیابوونەوەیە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ بۆ دانانی فلتەر بۆ سەر ڕاگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بدات، شێوازەکان و جیاکردنەوەی تەمەنەکان بۆ بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دیاری بکرێت.

 

"هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی هۆکارێکی سەرەکی دەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان"

گوڵان بەختیار، ئاماژەی بەوەشکرد، هەموواری یاسای باری کەسێتی عێراقی لەگەڵ بارودۆخەکانی کۆمەڵگەی ئێستادا ناگونجێت، کۆمەڵگە و ژیانی هاوڵاتیان دەبات بەرەو حەوت دەیە پێش ئێستا، دەشڵێت: هەموواری یاسای باری کەسێتی هەبوونی مەزهەبەکان تێیدا ڕەنگ دەداتەوە، لە کاتێکدا پێویستە یاساکان باس لە چارەسەرەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بکات، بە شودانی منداڵان لە تەمەنێکی کەمدا هۆکاری دروست بوونی کێشە کۆمەڵایەتیەکانە، منداڵێک لە تەمەنی ٩ ساڵیدا پێویستی بە چاودێری کردن و پەروەردە کردن هەیە، نەوەک ژیانی هاوژینی پێک بهێنێت، هەمووار کردنەوەی یاساکان بارودۆخی ئێستای عێراق هەرێمی کوردستان لەبەر چاو ناگرێت، کۆمەڵگەی ئێستا بە ڕووی جیهاندا کراوەتەوە بەڵام هەمووارکردنەوەی ئەم یاسایە هۆکار دەبێت بۆ هێنانەوەی سوڵحی عەشایەری و چەندین دابونەریتی دیکە کە زیانیان بە ژنان و منداڵان دەگەیەنن.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشدا، کێشە کۆمەڵایەتیەکان بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکات، "پێویستە تاک هۆشیار بێت لە بارەی پێکهێنانی خێزانەوە، کاتێک ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبنەوە نەیگەیەنە بنبەست و پەنا بەرنە بەر دادگاکان، پێویستە لە ڕێگەی توێژەری کۆمەڵایەتییەوە هاوکاری وەربگر بۆ ڕێنمایی کردنیان، دادگاکان کۆتا ڕێگا بێت بۆ یەکلای کردنەوەی کێشەکانیان، هەبوونی ئەم بەرپرسیارێتیە دەەکەوێتە ئەستۆی حکومەت بۆ دەستەبەرکردنی توێژەری کۆمەڵایەتی لە پێناو هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگەدا، پێویستە بەرپرسیارانە بڕوانێت لە کێشەکانی کۆمەڵگە، هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان هەڵوەشاندنەوەی پەروەردەی منداڵێکی تەندروستە، منداڵ لە نێوان ترازانی خێزانەکەیدا شێوازی پەروەردەکردنی دەگۆڕدرێت.