"دەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی وئازادی شۆڕش بکەین"

نەغەدە شێخ عوسمان، چالاکوانی مافی مرۆڤ دەڵێت: یادکردنی ڕۆژی ئاشتی لە باشووری کوردستاندا بە بیرێکی ئاشتیەوە ناکرێتەوە، ئێمەی کورد ژیانێکی ئازاد و ئاشتیمان نی‌یە لە سایەی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستانەوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی-  لە ٢١ی ئەیلوولدا جیهان یادی ڕۆژی جیهانیی ئاشتی دەکەنەوە، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی ١٩٨١دا بڕیار لە دیاریکردنی ڕۆژی ئاشتی دراوە، لە ٢١ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٢دا وەک ڕۆژێک بۆ دوورکەوتنەوە لە ئازار و توندوتیژی و شەڕ هەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە.

 

سیمبولی ئاشتی کۆترێکە کە چڵێک زەیتوونی هەڵگرتووە بە واتای ئازادی و ئاشتی دێت، بۆ ئەمساڵیش دروشمی ئەم یادە "چاندنی کولتووری ئاشتی" بوو، بەڵام سەرەڕای دروشمەکان کوردستان بەردەوام لەناو شەڕ و هێرش و داگیرکاریدایە و جیهانیش لێی بێدەنگە، لە ناوخۆشدا ئازادی بۆ تاک نییە و لەسەر بیڕوڕای ئازاد تیرۆر دەکرێن

 

باشووری کوردستان و عێراق بە هۆکاری سەروەر نەبوونی خاکەکەی و نەپاراستنی وڵات لە دێر زەمانەوە ئازادی و ئاشتی بەخۆیەوە نەبینیوە، لە ناویاندا ژنان بە هۆکاری ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەردەوام ئازادی و ئاشتیان لێ زەوت دەکرێت، لە ڕێگەی سەرکۆنەکردن و هەمووارکردنەوەی یاساکانەوە ژنان بەرەو توندوتیژی دەبەن، کە دەبێتە هۆکاری نەبوونی ئاشتی لەناو ژنان و کۆمەڵگەدا، هەروەها هاوڵاتیانی باشووری کوردستان لەناو وڵاتەکەی خۆیاندا ئازادی بیروڕا دەربڕینیان لێ زەوت دەکرێت و لە کاتی دەنگ هەڵبڕیندا تیرۆر دەکرێن.

 

"لە باشووری کوردستان دەسەڵاتداران و حکومکڕانی کردنی هەڵە ئازادی لە تاک زەوت کراوە"
نەغەدە شێخ عوسمان، چالاکوانی مافی مرۆڤ، باس لە ئاشتی و ئازادی دەکات و ئاماژەی بەوەدا ئاشتی و ئازادی لە باشووری کوردستاندا نییە، بە هۆکاری دەسەڵاتداران و حکومڕانی کردنی هەڵەوە تاکی کۆمەڵگە ئازاد نین و لە ئاشتیدا ناژین، وتیشی: یادکردنەوەی ڕۆژی ئاشتی لە باشووری کوردستاندا بە گیان و بیرێکی ئازادانە ناکرێتەوە، لە کاتێکدا ئێمەی کورد ژیانێکی ئازادمان نی‌یە لە سایەی حکومڕانی و دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستانەوە، ئێمەی کورد ئابووری، سیاسەت، فەرهەنگ، ڕۆژنامەنووسان و ژنان ئازادیان پێنەدراوە، تەواوی چینەکان و توێژەکان لە باشووری کوردستاندا بە ئازادانە ژیان ناکەن، هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی عێراقدا ئاماژەیە بۆ قورخکردنی مافی ژنان و منداڵان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، زیندووکردنەوە و هەمووارکردنەوەی یاساکان هۆکارێکی دیکەی قەتیسکردنی ئازادییە لە هەرێمی کوردستاندا.

 

ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانیش بیبەش نین لە سەرکوتکردنی بیروڕاکانیان، لە ئاکامی دەنگ هەڵبرینی ڕۆژنامەنووسان لەسەر ئازادبوونی تاکی کۆمەڵگە لەلایەن دەسەڵاتدارانی باشوووی کوردستان و داگیرکەرانی ئازادییەوە بە ئامانج دەگیرێن، وتی: کاتێک ڕۆژنامەنووسان بۆ ئازادی دەنگ هەڵدەبڕن تیرۆر دەکرێن، هەر وەک هەموو ڕۆژنامەنووسانی ئازاد کە لە لایەن داگیرکەرانەوە کراونەتە ئامانج، لە ٢٣ی ئابدا هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و بە هاوکاری لایەنە سیخوڕەکانی باشووری کوردستانەوە لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی ڕۆژنامەگەریدا شەهید کران، لە کاتێکدا بۆ ئازادبوون تێدەکۆشان، کەواتە لە خاکی ئێمەدا دەنگی ئازادی توانای هەڵبرینی نەماوە، بۆیە ناتوانین ڕۆژی جیهانیش بکەینەوە.

 

"یاساکان هەوڵی بەرتەسک کردنەوەی ئازادی ژنان و منداڵان دەدەن"

نەغەدە شێخ عوسمان، ئاماژەی بەوەکرد، لە باشووری کوردستاندا ئازادی تاک بەدی ناکرێت، لە ناویاندا ژنان بەردەوام ڕوبەڕووی پێشێلکردنی مافیان دەبنەوە، یادکردنەوەی ڕۆژی ئاشتی و ئازادی لە باشووری کوردستاندا کاتێک دەکرێت کە ئازادی تاکەکان بەدەست هاتبن، دەشڵێت: تاکی هەرێمی کوردستان ئازادی بۆ دەستەبەر نەکراوە، لە ناویاندا ژنان بەردەوام لە مافە ڕەواکانی خۆیان بێبەشی دەکرێن، یاساکانی ئێمە ڕێگە دەدات بەوەی ژنان توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت، لە باشووری کوردستاندا هەموو ڕۆژێک بە هەواڵی کوشتنی ژنێک بەدەستی باوک و براکانی بە ئاگادێین، ئێمەی ژنان لە جێگای یادکردنەوە هەوڵ بۆ بەدەستهینانی ئازادی خۆمان دەدەین، پێویستە ژنان هەوڵ بۆ ئازادی بیروڕاکانیان بدەن، لەژێر دەستی پیاواندا بێنە دەرەوە.

 

ئەو چالاکوانە جەختی لەوەشکردەوە، هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە عێراقدا ژنان دەکاتە ژێردەستەی پیاوان و ئازادی بیروڕایان لێ زەوت دەکرێت، وتی: لە ڕێگەی هەمووارکردنەوەی یاسای ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی، ئازادی ژنان زەوت دەکرێت، ژنان لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیرییان پێ دەکرێت، تەنها لە چوارچێوەی ماڵێکدا زیندانیان دەکەن و ئازادیان لێ زەوت دەکەن، ئازادی ژنان و منداڵان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا بە هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراقی بەرتەسک دەبێتەوە.

 

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەدا، پلانی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی دراوسێ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەرەو لەناوچوون دەبات، هاوڵاتیانی باشووری کوردستان ئازادی هاوتوچۆکردنی شارەکانی خۆیانیان نی‌یە، وتیشی: بە پلانی حکومڕانانی باشووری کوردستان هاوڵاتیانی ئازادیخواز لە شارەکانی هەرێمدا بە ئازادی هاتوچۆیان بۆ ئەنجام نادرێت، کاتێک لە شاری سلێمانیەوە سەردانی شاری هەولێر دەکەیت کێشەت بۆ دروست دەبێت، بەهەمان شێوە ئازادی بۆ شارەکانی دیکەش زەوت کراوە، دەستکەوتنی ژیانێکی ئازاد پێویستی بە شۆڕشێکی سەرتاسەری هەرێمیی هەیە، هەرێمی کوردستان بووەتە زیندانێکی گەورە و ناتوانین ئازادانە دەنگ هەڵببڕین.