ژن و ژیان و ئازادی; لە ڕۆحی ژیناوە بۆ بە جیهانیبوون

نارەزایەتی گەلانی ئێران بە پێشەنگایەتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای کوشتنی ژینا ئەمینیی ٢٢ ساڵ بە دەستی ڕژێمی ئێران دەستی پێکرد و ئەمەش بوو بە یەکەم پریشکی سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی".

هێلین ڕەشید

 

ناوەندی هەواڵ- ژینا ئەمینی ژنێکی کوردی ٢٢ ساڵ بوو، لە ساڵی ٢٠٠٠ لە شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، ژینا کە لە ناسنامەی دەوڵەتدا ناوی مەهسا ئەمینییە، بۆ سەردان دەچێتە شاری تاران و لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا لەناو شەقامدا لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بە بیانووی نەپۆشینی حیجابەوە دەستگیر دەکرێت و ئەشکەنجە دەدرێت.

 

لەو دیمەنانەی بڵاوبووەتەوە دەردەکەوێت، بەهۆی ئەشکەنجەوە ژینا ئەمینی تەندروستی تێکدەچێت و دوای سێ ڕۆژ مانەوەی لە کۆمادا لە نەخۆشخانەی کەسرا لە تاران گیان بەخت دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانی گەلانی ئێران لە دژی حیجابی ناچاری و هەموو سەپاندنەکانی ڕژێمی ئێران بەسەر کۆمەڵگە و بە تایبەت ژناندا،

 

یەکەم پریشکی سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی'' بە کوشتنی ژینا و دەنگی بەرزی چالاکوانان و ژنانی ئێران دەستی پێکرد، سەقزیش یەکەم ناوەندی سەرهەڵدانەکە بوو کە دواتر بە هەموو ئێران و جیهانیشدا بڵاو بووەوە، هاواری شۆڕشگێرانی "ژن، ژیان، ئازادی" ئەو پەیامەی بە گوێی جیهان گەیاند کە ئەمجارە خەریکە شۆڕشێكی ژنانە لە ڕۆژهەڵات و ئێراندا سەرهەڵدەدات.

 

ژنان بە لادانی سەرپۆشەکانیان و گوتنەوەی دروشمی( ژن، ژیان، ئازادی) بەرگێکی دیکەیان بە بەر ناڕەزایەتیاکاندا کرد و شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خرۆشا، ئەمەش ڕاستییەکی دەرخست کە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ئاستی ستەمەکان بێدەنگ نابن و هێزی تێکۆشانیان لە خۆیاندا قەتیس کردووە و ماتە وزەی ناخییان گۆڕاوە بۆ جوڵە وزەیەک کە سنورەکانی جیهان دەبڕێت.

 

چیرۆکی ژینا ئەمینی و دۆزی بزووتنەوەکە سەرنج و پشتیوانیی نێودەوڵەتیی بەدەستهێنا، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئیراندا بووە مایەی نیگەرانی دەوڵەتانی تر، هەر بۆیە خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادی بیرکردنەوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا لەلایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە بەخشرایە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی.

 

ئەم خەڵاتە ساڵانە بەو کەسانە یان گروپانە دەدرا کە بەشدارییەکی بەرچاویان لە داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان کردووە، هەربۆیە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەکە کە گۆرانکاری ڕیشەییان لە تێکۆشان و ئازادی ژن و مافی مرۆڤدا کرد، بە شایەنی خەڵاتەکە بینرا.

 

لە بنەڕەتدا سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی تەنیا بانگەشەکردن نەبوو بۆ مافەکانی ژنان لە ئێراندا، بەڵکو هێمایەکی بەرفراوانتر بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەم و بانگەوازێک بوو بۆ ماف و دادپەروەریی گشتگیری مرۆڤ، شۆڕشێک بوو  توانی ڕوخسارێکی جیاواز  پیشانی دنیا بدات، کە گەلی کورد و لە ناویاندا ژنان بۆ دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەیی خۆیان تێدەکۆشن و شۆڕشێکە کە ئاسەوارەکانی خۆی جێهێشت و دەکرێت لە داهاتوشدا ببێتە مایەی گۆڕانکاری و بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتە ستەمکارەکان.

 

زیاتر لە چوار مانگ خۆپیشاندەران و شۆڕشگێڕانی سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شەقامدا مانەوە و بە وتنەوەی دروشم و ناڕەزایەتی دەربڕین لە ناوەندە گرنگەکانی ئەو ڕژێمە، بە تایبەت زانکۆکان پەیام و ئامانجەکانی خۆیان دووپاتکردەوە، گەل هاوهەنگاو و هاوهەڵوێست بوون، لە هەمووی گرینگتر، پێشەنگایەتیی ژنان خاڵێکی جەوهەری شۆڕشەکە بوو، بوو بە هێمایەکی جیهانیی خەباتکردن لە پێناو  دادپەروەری و یەکسانی و مافی مرۆڤ، هەروەها خاڵیکی گرنگی وەرچەرخانی مێژووی گەلی کورد بوو،

 

تا ئێستاش ئاراستەی کۆمەڵگە لەسەر هێڵێ ئەم شۆڕشە بەرەوپێش دەچێت و ژینا نیشانی دا دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، دروشمێکە بۆ ڕزگاری و دەتوانێت کاروانی خەبات بە وێستگەی ئازادی بگەیەنێ، نمونەی ئەوەش، پاش دوو ساڵ لە سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ژنانی هیندستان لە دژی دەستدرێژی کردنە سەر پزیشکێکی ژن و دواتر کوشتنی، ڕژانە شەقام و دروشمی ژن ژیان ئازادییان کردە ڕێگە چارەسەری بەگژداچوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.