"منداڵەکان بێدەنگ دەکەن، بکەرەکان دەپارێزن"
سەبارەت بە لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانی پەیوەست بە کوشتنی نارین گۆران، سەرۆکی دەستەی مافی منداڵان، حوریە حەمیدی کە چاودێری پڕۆسەکە دەکات، ئاماژەی بەوەدا، منداڵەکان بێدەنگ دەکرێن بۆ ئەوەی زیان بە پێناسەی "خێزانی پیرۆز" نەگات.
مەدینە مامەد ئۆغلو
ئامەد- نارین گۆرانی تەمەن ٨ ساڵ خەڵکی گوندی چۆلی سەر بە شارۆچکەی ڕێزانی ئامەد بێسەروشوێن بوو، دوای ١٩ ڕۆژ تەرمەکەی دۆزرایەوە، لەو گوندەی کە تێیدا کوژرا بەخاک سپێردرا، وردەکارییەکانی پەیوەست بە کوژرانی نارین گۆران بە ڕاپۆرتی پشکنینی تەرمەکەی دیاری دەکرێت.
لەگەڵ دیارنەمان و کوشتنی نارین گۆران، جارێکی دیکە ڕووداوەکانی توندوتیژی و بەکارهێنان و دەستدرێژی و کوشتنی منداڵان لە تورکیادا بووە بە ڕۆژەڤ، بەپێی داتاکانی پەیمانگای ئاماری تورکیا-TUIK لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠١٦، ١٠٤ هەزار و ٥٣١ منداڵ بێسەروشوێن بوون.
لەو وڵاتەی کە بووەتە شوێنی دیارنەمانی منداڵان، پەیمانگاکە لە دوای ساڵی ٢٠١٦ەوە هیچ داتایەکی بڵاو نەکردووەتەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی داد لە ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر لە ٤٠ هەزار دۆسیەی تاوان دژی منداڵان کراوەتەوە، لە کۆی ٣٦ هەزار و ٢٧٥ تاوانبار، ٧ هەزار و ٨٨ کەسیان سزا دراون، ٧ هەزار و ١٠٨ کەسیان بێتاوان دەرچوون، دووبارە لە ساڵی ٢٠٢٣دا ١٤ هەزار و ٨٤ کەیس بە بڕیاری "پێویست بە بەدواداچوون" کرانەوە، هەروەها ١٤ هەزار و ٢٩٩ کەیس وەک کەیسی گشتی کرانەوە.
ئامەد یەکێکە لەو شارانەی کە زۆرجار منداڵانی تێدا بێسەروشوێن دەبن، پێش نارین لە ساڵی ٢٠٢٠ میراج چیچەک دیار نەما، چەند ڕۆژێک بەدوایدا گەڕان بەڵام نەدۆزرایەوە. دۆسیەی میراج چیچەک کە لە چاوەڕوانی وادەی دیاریکراودا ماوەتەوە، ماوەی ٤ ساڵە هیچ پێشکەوتنێکی لەسەر دۆسیەکە بەخۆوە نەبینیوە.
"ئەو ڕووداوە بە بەشداری ڕای گشتی کەوتە ڕۆژەڤەوە"
حوریە حەمیدی، سەرۆکی دەستەی مافی منداڵانی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد، یەکێکە لەو کەسانەی کە لە سەرەتاوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی نارین گۆران دەکات، ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی ڕای گشتی و ئەو دامودەزگایانەی کە ئاگاداری نارین گۆران بوون و پرسەکەیان خستە ڕۆژەڤەوە، تەرمی نارین دۆزرایەوە و باسی لە بڕیاری نهێنی بوونی دۆسیەکە و قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەشی کرد.
حوریە حەمیدی وتی: شاردنەوە لە لێکۆڵینەوە تاوانکاریەدا شتێکی جەوهەرییە، دوو لایەنی هەیە بۆ ئەمە؛ یەکێک لەوانە پاراستنی تۆمەتبارانە، دووەمیان ڕێگریکردنە لە لەدەستدانی بەڵگەکان. لە دۆسیەکەدا بڕیاری شاردنەوە دراوە، ڕەنگە ئەم بڕیارە بۆ ئەوە درابێت کە دۆسیەکە بە باشی پەیڕەو بکرێت، بەڵام بابەتێک کە چووەتە کارنامەی ڕای گشتی، دەبێت هەندێک شت جێبەجێ بکرێت، هەروەها ڕای گشتی لە لایەن دامەزراوە فەرمییەکانەوە ئاگادار دەکرێتەوە. دەبوو لەم پرۆسەیەدا خەڵک ئاگادار بکرایەتەوە، ئەمە دۆسیەیەکی هەستیارە، هەڵوێستی ئاگادارانەی ڕای گشتی و هەموو دامودەزگاکان ئەم دۆسیەیەی لە رۆژەڤدا هێشتەوە. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەمەش ئەوەیە کە خەڵک خاوەندارێتی ئەم بابەتەیان کرد، لە ڕۆژانی سەرەتاییدا بینیمان کە کاری توێژینەوە بە شێوەیەکی باش ئەنجام دەدرا، کاتێک ئەمە بەراورد دەکەین لەگەڵ دۆسیەکەی میراج کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا دیارنەما، دەبینین کارێکی باش کراوە، بەڵام لە قۆناغی ئێستادا مرۆڤ ناتوانێت درێژیی ئەم پرۆسەیە قبوڵ بکات، دەبینین کە هەندێک شت لەم پرۆسەیەدا کەمکاریان بۆ کراوە.
"منداڵان بێدەنگ دەکرێن"
حوریە حەمیدی ئاماژەی بەوەدا کە پێشێلکاری یاسایی و کۆمەڵایەتی بەرامبەر بە منداڵان دەکرت و پێویستە ڕێکارێک بەکاربێت کە بتوانێت ڕێگری لەو پێشێلکارییانە بکرێت، وتیشی: کاتێک سەیری لایەنی یاسایی دەکەین، دەبینین دەوڵەت بۆ پاراستنی منداڵان ڕێوشوێنی ڕێگریکردن لە سەرپێچیەکان ناگرێتەبەر، کاتێک لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە سەیر دەکەین، دەبینین منداڵ وەک کەسێکی خاوەن ماف سەیر ناکرێت، بە ناوی زیان نەگەیاندن بە 'خێزانی پیرۆز'، منداڵان بێدەنگ دەکرێن و بێسەروشوێن دەکرێن، سەرەتا پێویستە ئەم سیستەمە بگۆڕدرێت، پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە و سەرەتا پێویستە دەوڵەت کار بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی و پێشێلکاری بکات، ئەمە نەک تەنها لە قسەدا بەڵکو بە کردار بێت، پێویستە وتنی زیاتر هەبێت بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی منداڵان.
"پیاو پارێزراون"
حوریە حەمیدی دیاری کرد کە سیاسەتی بێ سزایی و چەمکی "پاراستنی خێزان" دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەو تاوانانە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: پێویستە توندوتیژی دژی منداڵان و ژنان بەجیا سەیر نەکرێت، ئامانجی بکەرەکان ژن و منداڵن، بۆچی لە دوای ئەوەوە پێناسەیەک بۆ "خێزانی پیرۆز" هەیە؟ ئەو خێزانە دەبێ بە جۆرێک پارێزراو بێت، ئەمەش هەم بە قسە و هەم بە سیاسەتی بێ سزا دەکرێت. ئێمە لە زۆر دۆسیەدا ئەم سیاسەتەی بێ سزایمان بینیوە، لە دۆسیە تاوانەکارییەکان لە بەرامبەر ژنان و منداڵن، بکەرانی پیاوان پارێزراون، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تاوانباران ئیرادەیان هەبێت و درێژە بە تاوانەکانیان بدەن، لە مانگی ئابدا دەیان ژن کوژراون و ژمارەی ئەو منداڵانەی دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر زیادی کردووە، ئەو سیاسەتانەی کە "خێزان دەپارێزن" دەبێتە هۆی زیادبوونی تاوان.
حوریە حەمیدی جەختیشی کردەوە کە تا کۆتایی بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکەن.