لە ئیدلب "پۆلیسی ڕەوشت" ژیانی ژنان سنوردار دەکات

 لە ئیدلب، چەتەکانی هەتەشەی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بە هەندێک بڕیار بە ناوی "پۆلیسی ڕەوشت" هێرش دەکەنە سەر تەڤگەری ژنان، ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی ئەم کارانە دەبنەوە، ناچارن واز لە خوێندن بهێنن و لە ماڵەوە بمێننەوە.

سوها عەلی

 

ئیدلب-دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٦ ئیدلبی داگیرکرد و چەتەکانی سەر تورکیا بە ئیدلب نیشتەجێ بوون، ژیانی دانیشتووانی ئیدلب ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەختتر دەبێت، بە تایبەتی ژنان لە ئیدلب لەگەڵ سەختی ئابووری و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دوای دامەزراندنی "پۆلیسی رەوشت" بەناوی ڕێگریکردن لە تاوانەکان ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە، ژنان و خوێندکاری کچ کە جوڵەیان سنووردارە، نیگەرانن لەم پێشێلکاریانە.

 

"پۆلیسی ڕەوشت تەنها بۆ تێکدانی ژیانی ژنان دروستکراوە"

" ئیسلام ئەلرەواس، خوێندکاری زانکۆ کە تەمەنی ٢٤ ساڵە، بەهۆی کارەکانی 'پۆلیسی ڕەوشت' وازی لە خوێندن هێنا، وتی: دوای ئەوەی بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ لەلایەن چەتەکانی حەیات تەحریر ئەلشامەوە دەستبەسەرکرام، ژیانم سەرەو بن بوو، دەستبەسەرکردنم لە شوێنێکی گشتیدا ئەنجامدرا چونکە بەپێی یاساکان لەگەڵ یەکێک لە مامۆستاکانم ڕەفتارم نەدەکرد، بەهۆی ئەمەوە خێزانەکەم ناچاریان کردم کە زانکۆ جێبهێڵم، ئێستا ناتوانم بچمە دەرەوە بەهۆی ئەو قسانەی دەوروبەر و دانانی پۆلیسی ڕەوشت، دامەزراندنی "پۆلیسی ڕەوشت" تەنها بۆ ئەوەیە ژیانی ژنان سنوردار بێت.

 

"پۆلیسی ڕەوشت ئێش و ئازاری ژنان زیاد دەکات"

ڕەندا ئەلسۆکۆ تەمەن ٢٥ ساڵ کە کۆچبەرەو لە شاری ئیدلب نیشتەجێیە، بەهۆی لەبەرکردنی جلوبەرگێک بەبیانووی ئەوەی بەپێی یاسا نەبووە، دەستبەسەرکرا، وتی: دوای ٤٨ کاتژمێر لە دەستبەسەرکردنم ناچار بووم ٢٠٠ دۆلار بدەم بۆ ئازادبوونم، لە ماوەی دەستبەسەرکردنمدا لەلایەن ژنانی ئەمنیەوە سووکایەتیم پێکراو ئەشکەنجە درام، ئەم ڕووداوە بووە هۆی ئەوەی تووشی نەخۆشی دەروونی بم، بەردەوامبوونی "پۆلیسی رەوشت" ئێش و ئازاری ژنان زیاد دەکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دامەزراندنی "پۆلیسی رەوشت" ئێش و ئازاری ژنان بەهۆی بڕیاره سەپێندراوەکانەوه زیاد دەکات، له ڕێگه ی سنوردارکردنی ئازادی هاتوچۆی ژنان و سنوردارکردنی مافه تایبەتییەکانی ژنان کەسایەتی ژنان سنوردار دەکات.

 

"پێشێلکارییەکان دژی ژنان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە

ڕەوان ئەلعەلۆ، چالاکوانی یاسایی ئاماژەی بەوەکرد، گرنگە بەرامبەر بڕیارە نوێیەکانی "پۆلیسی ڕەوشت" و هەوڵەکانی چەوساندنەوەی ژنان بەرخۆدان بکەن و وتی: لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی چەتەکانی حەیات تەحریر شام، پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ژنان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبن، لە سەردەمێکداین کە ژنانی چالاکوان ناتوانن مافی ژنان بپارێزن و ناوەندەکانی گەشەپێدانی ژنان هێرشیان دەکرێنە سەر و دادەخرێن.

 

شایانی بەبیرهێنانەوەیە کە لە داگیرکردنی ئیدلبەوە تا ئێستا زۆر بڕیار لەلایەن گروپە چەتەکانەوە دژ بە ژنان و کۆمەڵگە دراوە, هەندێک لەو بڕیارانەی کە ژیانی ژنان قورس دەکەن، وەک منداڵانی کچی سەروو ١٢ ساڵ ناچار دەکرێن حیجاب لەبەر بکەن، هەردوو ڕەگەز ناتوانن لە بەردەم خەڵکدا پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا ببەستن، هەروەها گۆرانی وتن لە بازاڕ و کافێ و ئاهەنگی هاوسەرگیریدا ڕێگەپێدراو نییە.