"گرفتە سیاسییەکان سیستمی پەروەردەی تێکشکاندووە"

لە مشتومڕی ئەوەی کە ئایا سیستمی خوێندنی باشووری کوردستان دروستکەرە یاخود ڕوخێنەر؟ وەڵامی "ڕوخێنەرە" ورد تر و گونجاوترە، چونکە تاک ناتوانێت خۆی تێدا دروست بکات.

بانە ڕۆز

 

سلێمانی- لە باشووری کوردستاندا سیستمی خوێندن گۆڕانکاری زۆری بەسەرداهاتووە، بەڵام هەمیشە گۆڕانکاریەکان باش نەبوون یاخود لە لایەنە پێویستەکاندا چاکسازی نەکراوە، ئەمەش گرفتی بۆ کۆمەڵگە و تاک دروست کردووە، یەکێک لەو گرفتانەی هەیە ئەوەیە کە لەگەڵ سیستمی خوێندندا، تەواوکەرێک نییە بەناوی سیستمی پەروەردەوە لە ناوەندەکانی خوێندندا، بۆ ئەمەش خوێندکار زەرەرێکی زۆری بەرکەوتووە، چونکە لە هەموو کایە گرنگەکان دوور خراوەتەوە. لە مشتومڕی ئەوەی کە ئایا سیستمی خوێندنی باشووری کوردستان دروستکەرە یاخود ڕوخێنەر؟ وەڵامی "ڕوخێنەرە" ورد تر و گونجاوترە، چونکە بە درێژایی ساڵانی خوێندنمان تاکە ئامانج لەلای هەر قوتابیەک دروست دەکرێت، گەشتنە بە چەند کۆلێژێکی دیاریکراو و جودا لەوە، هیچ بناغەیەکی تری تاکێکی خاوەن هەڵویست و داهێنەر دروست نابێت یاخود دروست ناکرێت بۆ گەنجەکانمان. لە کاتێکدا هەر ئەم تاکانە کە قۆناغەکانی قوتابخانە بەجێ دەهێڵن و دەچنە زانکۆ و پەیمانگا و قۆناغەکانی دواتریش، هێشتا زەمینە سازیەک نییە کە گەنج بتوانێت تێیدا کادرێکی خاوەن خود بێت و وەک تاکێکی بەرپرسیار لە کۆمەڵگەدا مامەڵە بکات.

 

خۆشی لەتیف، مامۆستای کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت و پسپۆڕ لە پەروەردە و دەروونزانی گشتی، دەڵێت: ساڵەکانی سەرەتای تەمەنی منداڵ کە بناغەیە بۆ دروست بوونییە کەسایەتی، هەر وەک هەموو زاناکان کۆکن لەسەر ئەوەی ٥ ساڵی یەکەم گرنگە بۆ گەشە کردن و پەروەردە کردنی تاکەکان، بێگوومان لەگەڵ پەروەردە کردنی خێزاندا، تەواوکەرێک هەیە ئەویش دایەنگە و باخچەی ساوان و دواتر قوتابخانە و زانکۆ پێکدێت، بەتایبەت کاتێک لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا دایکان و باوکان ناچارن کار زۆر بکەن بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان، بۆیە پەنا دەبەنە بەر ئەوەی منداڵەکانیان لە دایەنگە دابنێن.

 

"دەبێت پەروەردە، فەلسەفەی تایبەت بە خۆی هەبێت"

خۆشی لەتیف، ئەوەشی خستە ڕوو: هەموو وڵاتێک کە سیستمی پەروەردە دادەنێت، دەبێت فەلسەفەیەکی خۆی هەبێت، ئەم فەلسەفەی پەروەردەییەش لە سیستمی حکومڕانییەوە دادەڕێژرێت، کاتێک لەم ناوچەیدا ئەو هەموو گرفتە سیاسیە هەیە، گرنگی پێویستیان بە داڕشتنەوەی گوجاوترین فەلسەفە نەداوە بۆ سیستمی خوێندن و پەروەردە، کاتێک وڵات لەسەر بنەمای ژمارەیەک حزب وڵات ببات بەڕێوە، وە هەموویان لەبەر گیروگرفتە ناوەکی و دەرەکیەکان، زۆر کەمتەرخەم بوون بەرامبەر بەوەی فەلسەفەیەکی گشتی دابڕێژن بۆ ئەم سیستمی خوێندنە. بلۆم، کە زانایەکی بەناوبانگە و لەناو سیستمی خوێندندا هەیە، دەڵێت منداڵ دەبێت تێبگات لەو چەمکانەی وەریدەگرێت، کاتێک زانیاری وەرگرت دواتر تێدەگات و دەبێت جێبەجێی بکات، کاتێک ئەم هەنگاوانە هەمووی گیرایەبەر واتا گۆڕانکاری دروستبووە لە کەسایەتی و هەڵسوکەوتیدا و داهێنان دەکات. یەکێکی تر لەو گرفتانەی کە خوێندکار و گەنجی ئێستا هەیەتی ئەوەیە کە توانای نووسین و خەت خۆشی نییە، ئەمە زاناکان کار و قسەیان لەسەر کردووە کە جواننووسی بە مانای جوانی مرۆڤەکان و پێشکەوتنی شارستانییەتەکان دێت، کاتێک خەت خۆشی و گرنگیدان بە نووسین نامێنێت، پەیوەندیەکانیش نامێنێت لە ڕێگای نووسینەوە، دەبێت مامۆستاش توانای نووسینی هەبێت و لەو ڕێگایەوە خوێندکارەکان ڕابکێشێت بەلای وانەکەدا، مامۆستا دەبێت زانیاریشی هەبێت، کە تەنها سەرنجمان لەسەر لەبەر کردن و تاقیکردنەوە نەبێت، بەڵکو زانیاریەکان بۆ جێبەجێ کردن بەکار بهێنێنەوە.

 

"گرفتەکە ئەوەیە کە چاودێریمان نییە"

خۆشی لەتیف، وتیشی: ئەو پەروەردە توندوتیژانەیەی هەم لە ناوەندەکانی خوێندندا و هەم لەناو خێزانیشدا کە بۆ نەمانی کارمان کردووە، ئێمە بە پەرچەکرداری ئەم هەڵسوکەوتە دێین منداڵەکانمان زۆر بە ناز و نەرم و نیانییەوە گەورە دەکەین وە هیچ بەرپرسیارێتیەکیان نادەینێ، بۆیە دەبێت نێوەندگیریەک دروستبکەین کە نە توندوتیژکار بین، نە پشتگوێخەر، پێویستە لە خێزانەوە دەستپێبکەین و بوار بدەین بە منداڵەکانمان کە بتوانن قسەبکەن و گفتوگۆ بکەن، پاشان ناوەندەکانی خوێندن دەتوانێت بەردەوامی پێدەری ئەم پەروەردە دروستکەرە بێت، لە ناوەندەکانی خوێندنیش هەوڵدەدرێت بۆ کار کردن لەسەر کۆمەڵێک چەمکی گرنگ بەرەو دروستکردنی تاک، وانەیەک زیاد کراوە بۆ قۆناغەکانی سەرەتایی خوێندکار کە هەر لە زانکۆشدا دەخوێنرێت، ئەویش "کارامەیی پیشەیی"ە، کە وانەیەکە لەسەر بنەمای گفتوگۆ کردن بەڕێوە دەچێت، توێژەرەکانیش ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پەروەردەکردنی تاک لە ناوەندەکانی خوێندندا، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە چاودێریمان نییە  و سیستمێک باڵا نییە کە هاندان و دەستخۆشی تێدا بێت بۆ بەردەوام بوون.

 

خۆشی لەتیف لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغی ١٢ کاریگەریەکی زۆری داناوە لەسەر ئاستی گەنج و زۆر ڕەخنەمان لێی هەیە بەهۆی چەمکی هەڵبژاردنەوە، چونکە وا لە خوێندکار دەکات کار بە جێبەجێ کردن نەکات، وە ئێمە دەبێت لە منداڵیەوە تاک فێری بەرپرسیارێتی بکەین و گەورەیان بکەین، لە هەموو ڕوویەکەوە و بەتایبەت پاک و خاوێنی.