"بە سایەی دایکم و ژنانەوە لە هاوسەرگیری تەمەن بچوک ڕزگارم بووم"

سۆفیا وەهاب لە باغلان لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا بە تێکۆشانی دایکی و هاوژینی براکەی لە هاوسەرگیری لە تەمەنی بچوکدا ڕزگاری بوو، وتیشی: پشتیوانی ژنان و شەڕی عەقڵیەتی پیاوان گرنگە، نابێت ڕێگە بدەین ژیانمان بگۆڕێت بۆ دۆزەخ.

بەهاران لاهیب

 

باغلان- لە ئەفغانستان کاتێک عەقڵیەتی پیاوسالاری هەوڵیدا لەژێر ناوی کۆنەپەرستیدا ژنان بچەوسێنێتەوە و ئیدارەی تاڵیباندا بوو بە سیستەمێکی دامەزراو، ژنان و کچان ڕووبەڕووی کێشەی توندوتیژی خێزانی، هاوسەرگیری لە تەمەنی بچوک و زۆرەملێ، هەڕەشە، ئەشکەنجەدان و دەستبەسەرکردن بوونەوە، بە تایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکانی ئەفغانستان ژنان ناچارن ملکەچی ئەو 'ژیان پیسە' بن کە پیاوان بۆیان دروستکردوون، تەنها کەسێکیش لە پشتیوانی لە ژنان بکات، ژنان خۆیانن.

 

بە پاڵپشتی ژنان ڕزگاری بوو لە هاوسەرگیری تەمەن بچوک

سۆفیا وەهابی ٢٥ ساڵ کە تووشی توندوتیژی خێزانی بوو، لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا بە ناچاری هاوسەرگیری پێکراوە، چیرۆکی خۆی وەها دەگێڕێتەوە؛

 

"تەمەنم تەنها ١٣ ساڵ بوو، بە پاڵپشتی دایکم سەرەڕای کێشەی زۆر دەستم بە خوێندنی پۆلی شەشەم کرد، باوکم و برا گەورەکەم بڕیاریان دا من بدەنە دەست پیاوێکی گەورەتر لە باوکم، کاتێک لە قوتابخانە هاتمەوە، برا بچووکەکەم پێی وتم کە ئێمە تۆمان یاوەتە مەلایەک دوو ژنی هەیە، کچەکەشی لە من گەورەترە، سەرەتا من پێم وابوو ئەوە گاڵتەجاڕییە و توڕە بووم، دایکیشـم ئاگای لێنەبوو، کاتێک بیستی زۆر ناڕەحەت بوو، باوکم ڕازی بوو، بەڵام کاتێک دایکم و هاوژینی براکەم ئەمەیان زانی، شەڕیان کرد، من تەنها گریام، باوکم و براکەم گوێیان نەگرت و دڵنیایان کردمەوە کە کەسێکی ئاینییە و ژیانێکی خۆشم دەبێت، لەو ڕۆژەی کە پیاوانی ئایینی مزگەوت و هەندێک پیاوی گوندەکە هاتنە ماڵەکەمان بۆ بە فەرمی کردنی مەراسیمەکە، هاوژینی براکەم و دایکم بە بەرد و دار و ئاوی گەرم و بە پشتیوانی هەموو منداڵانی گوندەکەوە چوون بۆ پێشوازیکردنیان، منیش لەناویاندا بووم و نەمانهێشت بچنە ماڵەوە، ئەمەش هەموو پیاوەکان و مەلای مزگەوتەکەشمانی تووڕە کرد و ئامادە نەبوو کە هاوسەرگیریم لەگەڵدا بکات.

"خۆم بە دڵخۆشترین کچی جیهان دەزانم"

سۆفیا وەهاب، کە پێش ئەوەی تاڵیبان دەست بەسەر حکومەتدا بگرێت، مامۆستا بووە لە قوتابخانەکانی ناوچەکەی خۆیدا، دەڵێت: ئەم کارەی ئێمە بووە هۆی ئەوەی خەڵک بە تایبەتی ژنان گاڵتە بە پیاوانی ئایینی مزگەوت بکەن، دوای یەک دوو مانگ ناچار بووم گوندەکە بەجێبهێڵم، ئەگەر پاڵپشتی دایکم و هاوژینی براکەم نەبوایە دڵنیام وەک هەزاران ژنی تر بە ناچاری هاوسەرگیریم دەکرد و ناچاری ژیانێکی نەخۆش دەکرام، بەڵام ئێستا خۆم بە بەختەوەرترین کچی جیهان دەزانم.

 

سۆفیا وەهاب داوای لە ژنان کرد پشتیوانی یەکتر بکەن و دەڵێت: پێویستە ژنان پێکەوە دژی عەقڵیەتی پیاوان بجەنگن و نەهێڵن ژیانیان ببێتە دۆزەخ.