چالاکوانێکی هەڵەبجە: پێویستە یاساکانی فرە ژنی کەم نەکرێتەوە

پاش ئەوەی دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا چاو بخشێنێتەوە بە یاسای فرە ژنی لە عێراقدا، کە نیگەرانی لای ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان دروستکرد، ژنان ئاماژەیان بەوەدا، پێویستە لەم بارەدا یەک دەنگ بن.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە-  لەسەر سکاڵای پارێزەری ڕاوێژکار، بەرهەم رەئوف عەلی، کە سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لەسەر نادەستووریبوونی ماددەی (١) لە یاسای ژمارە (١٥)ی ساڵی (٢٠٠٨)ی پەرلەمانی كوردستان تۆمار کردووە، کە باس لە فرە ژنی دەکات و ٧ مەرجی بۆ داناوە. لە دوای ئەوە دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق یەکەم دانیشتنی خۆی لەسەر یاساکە بەڕێوەبرد، بەڵام ناڕەزایەتی ژنان و ڕێكخراوەکان و لایەنە مەدەنییەکان دانیشتنەکانی ڕاوەستاند و تا ئیستا پرسەکە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.

 

نیشتمان گەرمیانی، چالاکوانی مەدەنی و چالاکوانی بواری ژنان لە شاری هەڵەبجە، سەبارەت بە دانیشتنی دادگای عێراق لەسەر یاسای فرە ژنی و بڕیاردان لەسەر نادەستووریبوونی بڕگەکانی فرە ژنی لە یاسای ژمارە ١٥ی هەرێمی کوردستاندا، وتی: پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان نەهێڵن بڕگەکانی یاسای فرە ژنی کەم بکرێتەوە لە هەرێمی کوردستان، چونکە ئەگەر فرە ژنی بۆ هەندێک لە خێزانەکان بەختی هێنا بێت، لە تەواوی حاڵەتەکانی تر کێشەکە تەشەنەی کردووە و چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی بەدوادا هاتووە.

 

"فرە ژنی هۆکارە بۆ لادانی گەنجەکانمان"

نیشتمان گەرمیانی لە هەمانکاتدا توێژەری دەروونیە و باسی لەوە کرد، ئەگەر چاوێک بە کۆمەڵگەدا بخشێنینەوە، زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی لادان بوون، زۆربەی ئەوانەن باوکیان بەجێیان هێشتوون و دایکیان شووی کردووەتەوە، ئەگەرچی ئەمە لە ڕێگە شەرعەوە قبوڵ بێت، بەڵام پیاوان شەرع بەجێناهێنن و بۆ خواستنی خۆیان ژنی دیکە دەهێنن، ۆیە ژنان و کچان و منداڵان تووشی لادان دەبن و لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە.

 

پارێزەران و ژنان و ڕێکخراوەکان پێویستە پێداگر بن لە زیادکردنی مەرجەکانی فرە ژنی

نیشتمان گەرمیانی جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە یاساکە توندتر بکرێتەوە، داوا لە پارێزەران و ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی ژنان و ڕێنماییکاری دەروونی دەکات، کار بکەن لەسەر توندکردنەوەی یاساکە، چونکە سەرجەم کێشە کۆمەڵایەتی و دەروونیەکان ئەو خێزانانەن کە دایک و باوکەکە بە جێیان هێشتوون، ناشکرێت بۆ جێبەجێکردنی حەزی پیاو بێت و ژنێکی تر بێنێت و کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێر بڕوات.

 

لە کۆتایدا نیشتمان گەرمیانی دەڵێت: پێویست سەرجەم یاساکانی خێزان لە کۆمەڵایەتی و ئابووری و فرە ژنیەوە توند بکرێتەوە، چونکە ئێستا تۆڕی کۆمەڵایەتی لە ماڵی هەموومانە و دەبێت دایک و باوک زیاتر هۆشیار بن لەپێناو پەروەردە کردنی خێزان و کۆمەڵگەیەکی تەندروستدا.