بەسمە حەبیب: دەبێت کار بۆ پشتگیریکردنی ژنانی گەنج بکرێت

بەسمە حەبیب، دەڵێت: دەبێت کار بۆ پشتگیریکردنی ژنانی گەنج بکرێت و تواناکانیان بەرز بکرێتەوە، لە هەمان کاتیشدا زانیاری و فێرکاری پێویستیان پێشکەش بکرێت، تا ژنانی گەنجی پێشەنگ-سەرکردە دروست بکرێت.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- ژنان لە بواری سیاسی و بڕیارداندا ڕۆڵی کاریگەر دەگەڕێن و بەو هێز و توانایەی کە بەرجەستەی دەکەن، هەمیشە لە بەڕێوەبردنی وڵات و تێکۆشاندا جێگەی خۆیان گرتووە، لە پاڵ هەنگاوەکانی ژنان لە بەشداری و کاریگەریان، بەپێی کۆمەڵگە گۆڕانکاری بە خۆیەوە بینیوە، بەشداری ژنان لە کایە سیاسییەکان و خۆپەروەردەکردنیاندا و بەشداری کردنیشیان لە پلە جیاوازەکاندا، ساڵ بە ساڵ پێشکەوتن بە خۆیەوە دەبینێت.

 

بەسمە حەبیب، سەرۆکی ئەکادیمیای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق، لە بارەی پێشخستنی ژنان بۆ سەرکردایەتی لە بوارە جیاوازەکاندا وتی: چەندەها ساڵە ژنان لە جیهاندا و بە تایبەت ژنانی کورد خەبات دەکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، ژن بیەوێت خۆی بکات بە نمونە دەبێت ژنێکی سەرکەوتوو بێت بە تایبەت لە کار و چالاکییەکانی بوارە جیاوازەکاندا، کاتی ئەوە هاتووە ژنانی پێشەنگ لە چوارچێوەی پرسی ژنان کە پەیوەندی بە ژنانەوە هەبێت، کار بکەن، ژنان لە چوارچێوەی پرسە جیاوازەکاندا وەک کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی، بەشێکی سەرەکی کاریگەرە، بۆیە دەبێت خەڵک ژنان بکەنە نوێنەری خۆیان بۆ دەستهێنانی ئامانجەکانی بە متمانەیەکی تەواوەوە و دەنگ بدرێت بە ژنان لە پەرلەماندا و بەشدارییان لە کایە سیاسیەکاندا هەبێت، هەروەها لە لایەنی بونیادنانی ئابووری وڵاتدا، ژنان تەنها لە بازاڕی کاردا بوونیان نییە، بەڵکو لە چەندەها ئەزموونی ئابووریدا ژنان ڕۆڵیان هەیە.

 

بەسمە محەمەد، ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت ژنان بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئامانجەکانیان خەبات بکەن، ڕووبەڕووی کێشە کۆمەڵایەتی و کولتووریەکان ببنەوە، لەبەر ئەوە زۆر گرنگە ژن ئەو ڕۆڵەی کە پێویستە وەریبگرێت بۆ سەرکردایەتی، یان ئەو ئاستەنگییەی دێتە ڕێی بە خۆپەروەردەکردن و فێربوون ڕووبەڕووی ببێتەوە و ڕێگری لێبکات، وتیشی: ئەکەدیمیای سەرکردایەتی ژنان لە بناغەدا ئامانجی ئەوەبوو، ژنانی گەنج بۆ بوارە جیاوازەکان پێکبهێنێت، بۆیە دەبێت کار بکرێت بۆ نەوەی تازە و پشتگیریان بکرێت و تواناکانیان بەرز بکرێتەوە، ئاسانکاریان بۆ بکرێت و لەهەمان کاتیشدا زانیاری و فێرکاری پێویستیان پێشکەش بکرێت، بۆ ئەوەی وابکەین نەوەیەک لە ژنانی گەنجی سەرکردەی دروست پێبگەیەنین، ببنە سەرکردەی داهاتوو و بتوانن ئەوانیش ڕۆڵی خۆیان ببینن.

 

بەسمە حەبیب، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: کاتێک ژن پۆستێک وەردەگریت یان سەرکردایەتی دەگرێتە دەست لە پلە باڵاکاندا، ڕەخنە لە ژنان بوونی دەگرن، تەنانەت ڕەخنە لە شێوازی جلوبەرگ و شێوەی ڕووخساریشی دەگرن، کۆمەڵگە کەمتر قبوڵ دەکات کە ژنان سەرکردایەتییان بکەن و پێیان وایە نابێت ژنان خاوەن پلەی بەرز بن، وتیشی: ئێمە وەک ئەکادیمیا جەختمان لەسەر یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردەوە، کە لە ٢٠٠٨وە کاری پێدەکرێت لە هەرێمی کوردستان، هەوڵی هەمووارکردنەوەی دەدەین، کە چۆن هەمووار بکرێتەوە و لەگەڵ ئەو تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەی ئیستا بگونجێت، هەروەها کار لەسەر ئەو ژنانە دەکەین کە وەک کاندید بۆ پەرلەمان دیاری دەکرێن و ڕووبەڕووی تانە و تەشەر دەبنەوە، دەشبێت کۆمەڵگە هۆشیار بکرێتەوە و ژنان نەکرێنە ئامڕازێك بۆ بەلاڕێدابردنی پلە و پۆستی ژنان.

 

لە کۆتایدا بەسمە حەبیب باسی لە تواناکانی ژنان کرد و پێیوایە ژنان زیاتر لە جەستەی خۆی توانای هزری بەهێزی هەیە، ژنان ڕۆڵ و کاریگەری تەواویان هەیە و لە پلە جیاوازەکانی سیاسییدا بەرجەستەی دەکات، هەروەها پەیامی بۆ ژنان ئەوەیە، "کە دەبێت ژنان بۆ هەموو هەنگاوێک پلانیان هەبێت، بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان بەردەوام بن لە خەباتکردن، گۆڕنکاری بکات و خۆیان ڕزگار بکەن، بە خۆپەروەردە کردن و بەرەوپێش بردنی هزر و تواناکانیان، تا بتوانن ببنە سەرکردەیەکی نمونەیی ژنان.