سازیان تاڵیب: دەسەڵات چالاکییەکانی ژنان سنوردار دەکات

لەگەڵ هەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕێکخراوەکانی ژنان و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان لە باشووری کوردستان، بەڵام حزبی بوونی ڕێکخراوەکانی ژنان، دەستکەوتەکانی ژنانی کەم کردووەتەوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ژنان تێکۆشان و خەباتیان دەستپێکردووە بە شێوەیەکی ئاشکرا، تا گەیشتوونەتە ساڵی ٢٠٢٣ چەندین هەنگاوی نوێیان ناوە و بەربەستیان تێپەڕاندووە، بەڵام کۆی چالاکی و تێکۆشانەکان تا ئێستا نەبووەتە هۆکار بۆ ئەوەی ژن یەکسانی وەربگرێت و بچێتە ناوەندەکانی بڕیاردان، بەڵکو لای زۆرینەی کۆمەڵگەش ژن وەک پلە دوو هەژمار دەکرێت، هۆکاری ئەمەش ئەو ئەقڵیەتەیە کە هەمیشە پیاو بە سەر دەست دادەنێت و ڕێگری لە بەشداری ژنان دەکات لە بوارەکانی ژیاندا، ئەو ڕێکخراوانەش کە داکۆکی لە مافەکانی ژنان دەکەن، بەهۆی حزبی بوون و ئامانجی دیکەیانەوە، نەیانتوانیوە دۆخی ژنان بەرەو باشتر ببەن.

 

"لە پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١ ژنان هەنگاوی زیاتریان بۆ بەرەوپێشچوون ناوە"

سازیان تاڵیب، ڕۆژنامەنووس، باسی لەوەکرد، کە لە پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١ هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی ئازاد و لەباری بۆ ڕەخسا بۆ کارکردن لە دامەزراوە جیاوازەکاندا، بەشێک لە دامەزراوەکان پێویستیان بە دەستی ژن هەبوو، ئەمە لە کاتێکدا بەر لە ڕاپەڕینەکەش ژنان لەناو ڕێکخستنە نهێنییەکاندا ڕۆڵێکی گاریگەریان هەبووە و بە نهێنی کاریان کردووە، ئەم کرانەوە ژینگەییە وایکرد ژن جگە لە فەرمانبەری لە بوارەکانی دیکەشدا کار و چالاکی هەبێت، بەتایبەت ئەو ڕێکخراوانەی ژنان کە داکۆکی لە مافی ژن دەکەن.

 

سازیان باسی لە دوای ڕاپەڕێن کرد، کە بەشداری ژنان هەنگاوی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، چونکە کۆمەڵگە لای ئاسایی بوو ژن بێتە دەرەوە و ئەقڵیەتی ژن و هێزی ژن لەناو کۆمەڵگەدا ڕەنگ بداتەوە، لەو کاتەوە ژنان دەستیان کرد بەوەی جگە لە کاری ماڵەوە و فەرمانبەری، کاری تایبەتی خۆیان هەبێت، دواتر ئەرکی ژنان گۆڕا و بوو بەوەی بەرپرسی بەش بێت لەناو دامەزراوەکاندا، تا ئاستێکیش بڕیاردەر بێت، ئەندام پەرلەمان بێت و ڕۆڵی هەبێت لە گۆڕینی یاسای هەرێم.

 

"ژنان خەباتی زۆر و دەستکەوتی کەمیان هەیە"

ئەو ڕۆژنامەنوسە ئاماژەی بەوەکرد، حکومڕانی کوردستان لە چوارچێوەی دامەزراوە و فەرمانگەکاندا مۆرکێکی حزبیانەی پێوە دیارە و پلەیەکی گرنگە بۆ کار کرد، بۆیە ژنانیش کاتێک پلەیەک یاخود پۆستێکیان پێدەدرێت سەیری حزبی بوونیان دەکرێت تا چەنێک حزبین و سەر بە یەکێک لەو لایەنانەن کە لە زۆنەکاندا حکومڕانی دەکەن، ئەمانە وایکرد مێژوویەک بۆ ژن دروست ببێت تا ساڵی ٢٠٢٣، وتیشی: ژنان توانا و خەباتی مێژووی زۆریان هەیە، بەڵام دەستکەوتی کەمیان هەیە، دەبوو چالاکییەکانیان زیاتر بووایە.

 

سازیان تاڵیب، ڕوونیکردەوە لە ئێستادا ژنانی ناڕازی دەبیندرێت و درک بەوە دەکەن، دەبێت دەستکاری جومگەکان بکرێت و ژن زیاتر بەرەوپێش بچێت، بەڵام دەستکەوتەکان کەمن، ئەویش بەهۆی ڕێگرییەکانی کۆمەڵگە، نەریت و دەسەڵاتەوە، بەڵام دواجار هەنگاوێکیان ناوە دڵخۆشکەرە و تیایدا ژن بەرەوپێشچووە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستی پێویست، لە ساڵی ٢٠٢٣دا چالاکییەکان بۆ ژنان هەبوون، بەڵام پێویستی بە زیاترە.

 

"هەڵمەتەکان بۆ هۆشیاری ژنان لەناو سەنتەر و دامەزراوەکاندا بوو"

لە درێژەی قسەکانیدا سازیان باسی لەوەکرد، چالاکی بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەکرێت و لە ساڵی ٢٠٢٣دا کراوە، هۆشیاری بڵاوکراوەتەوە بەڵام لە ئاستی پێویستدا نەبووە، چونکە سەرجەمیان لە سەنتەرەکانی شاردا بوون، یاخود لەناو دامەزراوە فەرمییەکاندا بوون، لە کاتێکدا ئەو کەسانە تا ئاستێک هۆشیارن و پێویستیان بە هۆشیاری نییە بە بەراورد بەو ژنانەی لە ناوچە دوورە دەستەکاندا دەژین و بێ ئاگان لە مافی ژن.

 

لەلایەکی دیکەوە ڕوونیکردەوە هەرچەندە بەربەست و ڕیگری بۆ چالاکی ژنان دروست دەکرێت، بەڵام چەندین ژن هەبوون کۆڵنەدەرانە چالاکییەکانیان ئەنجامداوە و هۆکارێک بوون بۆ ئاشنابوونی ژن بە مافەکانی، ئەمەش وایکرد چەندین ژن لەسەر ئاستی جیهانیدا خەڵات وەربگرن، وتی: حزبە ئیسلامییە سیاسییەکان کاری خراپیان لەسەر ئەقڵ و کرانەوەی ژن کردووە و پێیان باشە ژن لە چواردیواری ماڵدا بێت، ئەمەش کاریگەری خراپی کردووەتە سەر خەباتی ژن.

 

"وەرگرتنی مۆڵەت ئەنجامدانی چالاکییەکان سنوردارکردنی چالاکییەکانە"

سازیان تاڵیب ئاماژەی بەوەکرد سەرجەم چالاکییەکانی ژنان پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەتە، ئەمەش دیاری دەکات لەو چالاکیەدا بۆت هەیە چی بکەیت و چی نەکەیت، سنورت بۆ دادەنێت بۆ ئەوەی نەتوانن لەو سنورە تێپەڕێت، دەشڵێت: چالاکییەکان نابێت لە پشتی مێز، تەلارە بەرز و هۆتێلە گرانبەهاکانەوە بن، پێویستە بچێتە سەر شەقام، ڕێگری یەکەمیش دەسەڵاتە، چونکە دەترسن بەوە بەرەو ئاڕاستەیەکی دیکە بڕوات بەتایبەت لە ئێستادا کە حزبە سیاسیەکان کۆک نین لەسەر ئەوەی ڕێگە بە کێ بدەن و بە کێی نەدەن بۆ هۆشیاری ژنان کار بکات، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە نایانەوێت دڵی دەوڵەتانی دراوسێ لە خۆیان بشکێنن.

 

هەروەها ڕوونیکردەوە، بۆ ئەوەی دەستە و لایەنی دیکە چالاکی نەکەن، حکومەت کەوتووەتە ئەنجامدانی چالاکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئەمەش وایکردووە چالاکییەکان سنوردار کراون، بۆ ئەو ڕێکخراوانەی ڕێگریشیان لێدەکرێت لە پێناو گەیاندنی پەیامەکەیان، پێویستە شێوازی چالاکیان بگۆڕن و بچنە ناو گەڕەکەکانەوە تا ژنانی ناو ئەو ماڵانەی ڕێگریان لێدەکەن بۆ دەرەوە هۆشیار ببنەوە.

 

"وشەی جێندەر بۆ پاراستنی یەکسانی نێوان ژن و پیاوە"

دەربارەی وشەی جێندەر-ڕەگەز سازیان تاڵیب باسی لەوەکرد، وشەی جەندەر ئەو واتایەی نییە کە لە ئێستادا بە لاڕێدا براوە، ئەوەی لە ئێستادا کۆمەڵگە ئاڕاستە دەکات لە ڕووی فکرییەوە حزبە ئیسلامییە سیاسییەکانە، بەو شێوەیەی خۆی دەیەوێت ئاڕاستەی ژن و کۆمەڵگە دەکات، وتیشی: یەکسانی جێندەری لە جیهاندا کاری بۆ دەکرێت نەک ئەو شیکردنەوەیەی حزبە ئیسلامییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵام لە باشووری کوردستان بووەتە بابەتێکی هەستیار، وادەزانن باس لە ڕێکخراوەکانی پەلکەزێڕینە دەکەیت، لەکاتێکدا جێندەر بۆ پاراستنی یەکسانی ژن و پیاوە.

 

سازیان تاڵیب بە پێویستی دەزانێت ڕێکخراوەکان سەرلەنوێ خۆیان نوێ بکەنەوە و بزانن گەنجی ئێستا چی دەوێت، گەنجان بهێننە ناو خەباتیانەوە و گۆڕانکاری بکەن لە شێوازی چالاکییەکانیاندا، وتیشی: ئەوەندەی من تێبینیم کردووە کاری ڕێکخراوەکان لە کاری دامەزراوەیەکی فەرمی دەچێت و وەک ئەوان مامەڵە دەکەن، هەموویان لە پشتی مێزەکانیانەوە سەرقاڵی کاری ئیدارین، کەمترین چالاکیان هەیە بۆ ئەو ژنان هیچ ئاگاداری مافی ژنان نین.

 

"کۆمەڵگە پێی وایە ڕێکخراوەکانی ژنان بارێکی گرانن بەسەر کۆمەڵگەوە"

لە کۆتایدا سازیان بە پێویستی دەزانێت چالاکیی و سیمینارەکان چڕ بکرێتەوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بزانێت کاری ڕێکخراوەکان چۆنە و بە چ شێوازێک ئەنجام دەدرێت و ئامانجیان چییە، بۆ ئەمەش میکانیزمێکی باشی پێویستە بۆ بانگەشەکردنی کار و چالاکییەکانی، چونکە تا ئێشتاش کۆمەڵگە و خەڵکی لە خەباتی ژنانی ناو ڕێکخراوەکان ئاگادار نین و پێیان وایە هیچیان نەکردووە.