سروە نوری ئەزیز: مێژووی ژنان پەیوەستە بە مێژووی تێکۆشانی کۆمەڵگەوە
ئەقڵیەتی پیاوسالاری وەکو هەمیشە ڕێگر بووە لەبەردەم ژنان و هۆکاری زۆربەی توندوتیژییەکان بووە، نووسەرێکیش دەڵێت: هێرشی داگیرکاران بۆ سەر کورد و ئەقڵیەتی پیاوسالاری هۆکاری ون بوونی میژووی ژنانە.
شیرین ساڵح
سلێمانی- ژنان وەک هەمیشە دەستێکی باڵایان هەبووە لە بواری ئەدەب و نووسینی پەرتووک و مێژووی خۆیان و نەتەوەکەیان، بەڵام لە زۆربەی ئەو پەرتووکانەی پەیوەندیان بە نەتەوەی کورد و میژووەکەیانەوە هەیە کەمترین بەش دراوە بە ژنان و باسی میژوو و خەباتیان کراوە.
سروە نوری ئەزیز، مامۆستا و نووسەر باسی نەنووسینەوە و ونکردنی مێژووی ژنان دەکات و هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو توندوتیژیە بەردەوامەی بەرامبەر بە ژنان کراوە و ئەو ڕێگریانەی کە دێتە بەردەمی ژنان و وایان لێ دەکات دەستەوەستان بن لە نووسینەوەی مێژووی خۆیان.
ئەگەر سەیری ئەو پەرتووکانە بکەین کە لە سیستمی پەروەردەدا دەدرێت بە خوێندکار، تەنها گرنگی بە میژوو و نووسینەکانی پیاوان دراوە، لە پەرتووکی ئەدەب و ڕێزمانی کوردی خوێندنگەدا، لە قۆناغی ٧ بۆ ١٢کوردیدا تەنها ژیاننامەی دوو ژن باسکراوە، کە بەم شێوەیەیە؛
پۆلی حەوتەم ژیاننامەی ١١ پیاو باس کراوە، هیچ ژیاننامەیەکی ژنی تیادا نییە.
پۆلی هەشتەم لە نێوان ١٤ ژیاننامەی پیاودا، باسی هیچ ژنێک نەکراوە.
پۆلی نۆیەم ٩ ژیاننامەی پیاو هەیە و باسی ژن نەکراوە.
پۆلی دەیەم ٩ پیاو لەگەڵ یەک ژن باسکراوە.
پۆلی یانزەیەم ١٥پیاو لەگەڵ یەک ژن باس کراوە.
پۆلی ١٢ سێ پیاو ژیاننامەیان نووسراوەتەوە و هیچ ژنێک نییە.
ئەمە لە کاتێکدایە تەنانەت بەرگی ئەو پەرتووکانە تەنها وێنەی شاعیر و ئەدەب و مێژوو نووسی پیاوی لەسەرە.
"مێژووی ژنان پەیوەستە میژووی تێکۆشانی کۆمەڵگەوە"
سروە نوری ئەزیز ئاماژەی بەوەکرد، نووسینەوەی میژوو و تێکۆشانی ژنان دەبێت ژنان خۆیان بیکەن، چونکە ژنان بەشێکی دابڕاوی کۆمەڵگە نین و ئەگەر کۆمەڵگە لەم مێژووە کەمتەرخەم بێت لاسەنگی دروست دەبێت، وتیشی: مێژووی ژنان پەیوەستە بە مێژووی تێکۆشانی هەموو کۆمەڵگەوە، بۆیە دەبێت ژنان خۆیان ڕێچکەشکێن بن و چاوەڕێ نەکەن پیاوان ئەو ڕێگەیان بۆ خۆش بکەن تا مێژووی خۆیان بنووسنەوە، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەد ساڵ پێش ئێستا و ببینین ژنان چیان کردووە، بۆیە دەبینین بەشێک لە تێکۆشان و مێژووی ژنان ون کراون، کارێکی تریش بۆ ئەوەی ئەم مێژووە بمێنێتەوە لە دوای نووسینەوەی بچێتە سیستمی پەروەردەوە، بۆ ئەوەی کەسایەتیە ژنەکان دەرکەون و کاریگەریان هەبێت لەسەر کۆمەڵگە، ئەمە بۆ قوتابییە کچەکانیش گرنگە، بۆئەوەی بزانن تێکۆشانی ژنان چۆن بووە.
"ژنان بە پێی پێویست ڕۆڵیان پی نادرێت"
سروە نوری ئەزیز ڕوونی کردەوە، ئەو دابوونەریت و یاسا و سیستمەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە وای کردووە ژنان بکشێنەوە و تا ڕادەیەک ڕێچکەشکێن نەبن، چونکە کۆمەڵگە کارێکی وای کردووە ژنان نەتوانن دەستپێشخەری بکەن و ترسێکیان لا دروست بووە، لە پێشتریشدا هەرچەندە چەند ژنێکی بەتوانا هەبووە، بەڵام هەمیشە دژایەتیان کراوە و ئەوەش تا ئیستا ماوە، بەهۆی دابونەریتی کۆنەوە کە وردە وردە هاتوەتە ناو کۆمەڵگە. لەم چەند ساڵەی دوایدا ژنان جێ دەستیان دیار بووە لە هەموو بوارەکاندا، بەڵام بە پێی پێویست ڕۆڵیان پی نەدراوە.
وتیشی: لە وڵاتانی دەرەوەش پێگەی ژنان بەرەو دواوە دەکشێتەوە، بۆیە ژنان نابێت چاوەڕێ بن مێژوو خۆی بنووسرێتەوە یان لەلایەن پیاوانەوە بنووسرێتەوە، بەڵکو دەبێت ژنان خۆیان بینووسنەوە، ئەمە بۆ ژنانی پێشتریش ڕاستە، بەهۆی ئەوەی نەتەوەی کورد بەردەوام چەوسێندراوەتەوە لە لایەن ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانەوە، دەبینین ئەم پرسە نەتەوەییەوە پرسەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگەی شاردووەتەوە و نەنووسراوەتەوە، چی لە کوشتنی ژنانەوە بێت یان توندوتیژیەکان بێت بەرامبەریان.
"لە ڕابردوودا ژنی بە توانامان زۆر بووە، بەڵام ون کراون"
سروە نوری ئەزیز ئەوەشی خستەڕوو، ژنان بەهۆی ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە کە زاڵە بەسەر کۆمەڵگەدا دووجار چەوسێندراونەتەوە، بەداخەوە تا ئێستا باسی کولتووری شەرەف پارێزی دەکرێت و ماوە، چونکە شەرەفی خێڵەکیان بەستووەتەوە بە شەرەفی ژنەوە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو دەبینین ژنی زۆر بەتوانامان هەبووە، بەڵام وەک سەربازی ون، ون بوون.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەو مامۆستایە وتی: لە سیستمی پەروەردەدا پێش ئەوەی منداڵ پەروەردە و ئاڕاستە بکرێت، دەبێت بزانێت مێژوومان چییە، ئەوە جێگەی داخە لە سیستمی خوێندندا باسکردنی میژوو و تێکۆشانی ژنان پشتگوێ خراوە، بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو هۆشیار بکەینەوە دەبێت مێژووی ژنانی وەکو مەستورەی ئەردەڵانی و ژنانی تریان پێ بناسینین، وە ئەرکی مامۆستایە مێژووی ئەم ژنانە بۆ قوتابیان باس بکات.
"کەمتەرخەمی لە سیستەمی پەروەدەدا بۆ پێشاندانی مێژووی ژن هەیە"
لە کۆتاییدا سروە نوری ئەزیز باسی لەوەشکرد، مێژووی کورد ناخوێندرێتەوە و نازانرێت داگیرکەران چیان لە میژووی کورد کردووە، ئەمانە هەمووی کەمتەرخەمی گەورەیە لەناو سیستمی پەروەردەیی ئێمەدا کە باس نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت نەوەی داهاتوو فێری ئەوە بکرێت و چەند نەتەوە و ئاینی جیاواز لە باشووری کوردستان هەبێت هەموویان بناسن و قبوڵیان بکەن، ئەو پەرتووکانەی پەیوەندیان بە ناسنامەی ئێمەوە هەیە، دەبێت گۆڕانکاری ڕیشەییان تیادا بکرێت، دەبێت هەوڵ بدەین هەستی نیشتمان پەروەری لای تاکەکان دروست بکەین و ژنانی گەنج ئاشنا بکەن بە خەباتی ژنانی تێکۆشەر، وە خەمی ئەوەمان بێت چۆن کۆمەڵگەکەمان بەرەو پێشەوە ببەین.