ژنانی ڕۆژنامەنووسی لوبنانی لە بەدواداچوونی مەیدانی ڕووبەڕووی هەلومەرجی جەنگ دەبنەوە

ڕۆژنامەنووسان باجێکی زۆر دەدەن بەهۆی ڕاپۆرتکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە کە تیایدا ژمارەیەکی زۆر کەس کوژران و برینداربوون.

فادیا جومعە

 

بەیروت- لەکاتی جەنگی لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٦، ژنانی ڕۆژنامەنووس خاڵێکی وەرچەرخانیان لە پیشەکەیاندا بینیووە، توانیویانە لە هێڵەکانی پێشەوەی جەنگەکە ڕاپۆرت بکەن، ئەمڕۆش لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگ لە ناوچەکانی باشوور، ڕوون و ئاشکرایە ژنانی ڕۆژنامەنووس بوێرییان هەیە بۆ ڕاپۆرتکردنی هەواڵ و وێنە لە مەیدانی جەنگەوە.

 

ئەم بوێرییەی کە جیهان لە هەموو ڕووداوەکان ئاگادار دەکاتەوە هەمیشە شایانی پێزانینی تەواو بووە، بەڵام ئەوانەی کە بە کردارەکانیان بڕیاریان داوە ڕێز لە پابەندبوونە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان نەگیرێت و ڕۆژنامەنووسان و میدیاکان وەک ئامانجی سەربازی دەستنیشان دەکەن، کاروانە ڕۆژنامەوانییەکانیان کردە ئامانج، ئەم ڕاستییە ئاستەنگی و هەڕەشەی زیاتری سەپاندووە بەسەر ژنانی ڕۆژنامەنووسدا، وەک هەوڵدان بۆ بێدەنگکردنیان بە کوشتنیان، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئازادی ڕاگەیاندن و مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی و بەشداریکردنی گشتی هەیە، بەڵام ئەمڕۆ جێی سەرنجە کە ئەوان بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ ئەرکە ڕۆژنامەوانییەکانیان بەهۆی گرنگی ئەو کارەی کە دەیکەن.

 

ئەزموونی درێژ

ئامال خەلیل، نووسەر و پەیامنێری مەیدانی باشووری لوبنانە، ئەزموونێکی درێژی لە بواری ڕاپۆرتکردن و نووسینی وتارەکاندا کۆکردەوە، بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٦ و لە قۆناغی بنیادنانەوە دەستیپێکرد، جگە لە شەڕی بەردەوام لە باشووری لوبنان، ئەم ئەزموونە هاوکات بوو لەگەڵ زانیاریەکانی دەربارەی وردەکارییەکانی ناوچەکە لە ڕووی جوگرافییەوە و بووە هۆی پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ لوبنانییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی باشوور، ڕوونیکردەوە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دۆزی نەتەوەیی لوبنان و لەم ڕوانگەیەوە زۆر سروشتییە کە لە بواری ڕاپۆرتکردنی جەنگەکەدا ئامادە بیت سەرەڕای ئەو مەترسییە ڕۆژانەی کە هەیە.

 

ئامال خەلیل وتی: پێموانەبوو تەنانەت یەک جار کارەکەم بوەستێنم، هەرچەندە ئەم شەڕە سێ مانگییەی بۆ من زۆر سەختترە لە شەڕی تەممووزی ٢٠٠٦، چونکە قەبارەی وێرانکاری و ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی کوژران گەورەترە، بەڵام ئەوەی باشووری لوبنان ئەزموونی دەکات مەترسیدارترە لەسەر ئەو بنەمایەی کە هیچ جەنگ و ئاشتییەک بوونی نییە، بۆیە کەس ناتوانێت پێشبینی ئەو ناوچانە بکات کە ئیسرائیل دەتوانێت بیکاتە ئامانج.

 

"کراینە ئامانج بۆ ئەوەی بمانترسێنێت"

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ڕۆژی کۆتایی هاتنی ئاگربەستەکەوە، ژمارەی هێرشەکان و وێرانکارییەکان گەورەتر بوون، وتی: لەگەڵ هاوکارەکانم ڕاستەوخۆ ڕێوڕەسمی پرسەی یەکێک لە کوژراوەکانمان لە شارۆچکەی عیتا شەعب بڵاوکردەوە، دوژمن هێرشی کردە سەر شوێنێکی تەنیشت کۆبوونەوەی خەڵکەکە، ئەمەش پەیامێکی ڕوونە بۆ خەڵکی شارۆچکەکە بۆ ئەوەی بەبیریان بهێننەوە کە ئەوان لەژێر ئاگردان، بەڵام ئەمە ڕێگری نەکرد لە بەردەوامبوون لە کارەکانم، هەروەک چۆن لە ١٣ی تشرینی دووەم ڕوویدا، کە دوژمن میدیاکانی کردە ئامانج بە ئاڕاستەکردنی دوو موشەک بۆ کاروانێکی ڕاگەیاندن کە من ئەندامی بووم و پەیامنێر و وێنەگری ئاژانسە ناوخۆیی و عەرەبی و نێودەوڵەتییەکانی تێدابوو لە شارۆچکەی "یارۆن"، و لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلی پەخشی ڕاستەوخۆوە بۆی ڕوون بوو کە ئێمە سەربازی نین، بەڵام مەبەستی ئەوە بوو بمانترسێنێت.

 

پێداگری لەسەر بەدواداچوون

ڕۆژنامەنووس ئامال خەلیل وتیشی: ئەرکی منە بەردەوام بم لە کارەکانم سەرەڕای هەموو مەترسییەکان، چونکە هەندێک لە هاوکارەکانم پێشبڕکێ دەکەن بۆ ڕاپۆرتکردنی جەنگ و ڕووداوە ئەمنییەکان و کارەساتە سروشتییەکان لە دەرەوەی لوبنان، ئەمەش ئەو شتەیە کە من بە دوو ستاندارد دادەنێم، چونکە جەنگ لەسەر خاکەکەم شایەنی ئەوەیە زۆرترین سەرنجی پێبدرێت چونکە ئەوە ڕەوشی منە، بوونم لە هێڵەکانی پێشەوەی ڕاپۆرتکردنی جەنگ بەو مانایە نییە کە بە مەبەست خۆم دەخەمە بەر مەترسی، چونکە پابەندم بە ستانداردەکانی سەلامەتی و ڕێنماییەکانی بەرپرسانی ئاسایش، چونکە پیشەگەری پێویستی بەوەیە کە بە سەلامەتی بمێنمەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بم لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانم و ڕاپۆرتکردنی هەواڵە ڕاستەکان.

 

"لە هیرشەکانی ئیسرائیل کراینە ئامانج"

ڕولا فەرحات، ڕۆژنامەنووسێکی لوبنانییە کە لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئەڵمانی لە لوبنان کار دەکات و هەروەها پەروەردەی لە بواری ڕۆژنامەوانی مۆبایل و بەرهەمهێنانی میدیادا وەرگرتووە، وتی: لە سەرەتادا، قەبارەی ترس گەورە نەبوو، وریا بووم، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی توندوتیژی و شەهیدبوونی عیسام عەبدولا، وێنەگری هاوکارمان لە ڕۆیتەرز لە هێرشێکی ئیسرائیلدا، ترسمان زیادبوو وەک ڕۆژنامەنووس کراینە ئامانج.

 

هاندانی هەستانەوە

وتیشێ: لەبەر ئەوەی دایکی منداڵێکی بچووکم، وایکرد زیاتر گرنگی بە ژیانم بدەم، بەتایبەتی لەو کاتەوەی کە ڕوون بووەتەوە هیچ سنوورێک نییە بۆ هێرشی ڕۆژانە و هیچ جیاوازیەک نییە لە نێوان هاوڵاتیەکی مەدەنی، ڕۆژنامەنووسێک یان سەربازێک، دوای ئامانجە دووبارەکراوەکان، وەک ڕۆژنامەنووس بووین بە گروپێکی ئامانج بە قەڵغان و کڵاو یان لۆگۆی ڕۆژنامەوانی بەستراو نین، لێرەش هاوسۆزی و پشتیوانییەکی زۆرمان لەلایەن خۆڕاگرانی گوندەکانیانەوە وەرگرتووە، ڕێنماییەکانی سەلامەتی و ڕێنماییەکانی بەرپرسانی ئاسایشمان جێبەجێ دەکرد بۆ سەلامەتیمان و کارەکانمان بە خێرایی ئەنجام دەدا بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە یەک شوێندا نەمێنینەوە، بەڵام جێگیربوونی خەڵکی گوندەکان و بارودۆخی ناخۆشی ئاوارەکان هانی داین بۆ بەردەوامبوون لە کارەکانمان.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕولا فەرحات جەختی لەوە کردەوە، بەردەوام دەبێت لە کارەکانی لە چوارچێوەی مەرج و ڕێوشوێنەکانی سەلامەتیدا و وتی: ئەو ڕووداوەی گرنگە شایەنی ئەوەیە بەدوای ڕاستییەکاندا بگەڕێین و ڕاستییەکان نیشان بدەین.