بێریڤانەکان بەهۆی قەدەغەکردنی زۆزانەوە  ڕۆژانە ٣ کاتژمێر بە پێ دەڕۆن

ئەو بێریڤانانەی کە ڕێگای زۆزانەکانیان قەدەغە کراوە، ڕۆژانە ٣ کاتژمێر بە ڕێگەی سەخت و خۆڵ و قورسدا بە پێ دەڕۆن، بێریڤانەکان ئەو پارەیەی لە شیری مەڕەوە دەستیان دەکەوێت، دەیکەنە کرێی ئەو تراکتۆرانەی پێی هاتوچۆ دەکەن.

 

جولەمێرگ- ڕۆژانە ژمارەی بنکە سەربازییەکان و بنکەی پۆلیس لە جولەمێرگ زیاد دەکات، ناوچەکە وەک زیندانی لێهاتووە و زۆرێک لە ناوچەکانی قەدەغە کراون هاوڵاتی بۆی بچنن ئەو بێریڤانانەی ساڵانە دەچنە زۆزانەکان و شیری ڕانەکانیان کۆدەکەنەوە، بەهۆی قەدەغەکردنی زۆزانەکانەوە ناچارن ڕۆژانە ٣ کاتژمێر بە پێ ڕێبکەن، ڕێگەش نادرێت ڕەشماڵی کۆچەرییەکان هەڵبدرێت و بێریڤانەکان تەنها دەتوانن ڕۆژانە سەردانی ئاژەڵەکانیان بکەن و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

 

ڕۆژانە بە ڕێگەی مەترسیداردا هاتوچۆ دەکەن

ئەو بێریڤانانەی لە گوندی خروەتی گەڤەرەوە دەچنە زۆزانەکان، بەرەبەیان، بە ناچاری بە ڕێگەی پڕ لە خۆڵ و قوڕاوی و خراپدا بپەڕنەوە بۆ ئەوەی بگەنە زۆزانی مەیدان بەلەک، ژنانی بێریڤان دەبێت چاویان داپۆشن بۆ ئەوەی خۆیان لە تەپوتۆز بپارێزن لە ماوەی تەواوی گەشتەکەدا و زۆرجار بەو هۆیەشەوە نەخۆش دەکەون.

 

"ئەو پارەیەی لە شیر فرۆشتن بەدەستی دەهێنین دەیدەینە کرێی ڕێگە"

بێریڤانەکان دەڵێن پێشتر چادرەکانیان لە گردەکاندا هەڵدەدا و چەند مانگێک دەمانەوە، بەڵام ئێستا سەربازەکان ڕێگەیان پێنادەن، نیهایەت زێدان بێریڤانێکە و دەڵێت: هەموو ڕۆژێک بەیانیان هەڵدەستین، لە ڕێگای خۆڵ و تۆزاوییەوە دێینە ئەم شوێنە، ئێمە دەڵێین با لێرە بمێنینەوە و ڕەشماڵەکانمان هەڵبدەین، بەڵام سەربازەکان ڕێگەمان پێنادەن. نازانین بۆ ڕێگا نادەن، چەند کاتژمێرێک بە هاتن و چوون تێدەپەڕێت. ئەگەر لە زۆزان بماینایەتەوە، هەر کاتێک بمانویستایە مەڕەکانمان دەلەوەڕاند، ئەو پارەیەی لە تراکتۆرەکەمان خەرجی دەکەین، زیاترە لەو پارەیەی لە شیرەوە دەستمان دەکەوێت، ئەگەر لە زۆزانەکە بووینایە، پارەکەمان بە هاتوچۆ بە فیڕۆ نەدەچوو.

 

"ئێمە نەخۆش کەوتین"

ئایشە ئونات باسی لە سەختییەکانی ژیانیان کرد و وتی: زۆر باشتر دەبوو ئەگەر لە زۆزانەکە بمێنینەوە، هەم ڕێگاکە زۆر خۆڵ و قوڕاوییە و هەم ئەو پارەیەی دەیدەین زۆرە، شیری مەڕ وەک جاران نییە، ئەو پارەیەی لە شیرەوە بەدەستی دەهێنین هەموو بە ڕێگاکە دەڕوات، ئەگەر ئێمە لێرە بوینایە، پارەکەمان لە گیرفانی خۆماندا دەمایەوە، نەخۆشین و هیچ پارەیەکیشمان نییە.

 

"ئەم ڕێگایە زۆر ماندوومان دەکات"

گوڵجان چەتینکایا باسی لەوەکرد، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا دێنە لەوەڕگەکان، دوای خواردنی نانی بەیانیان، مەڕەکانیان دەلەوەڕێنن و وتی: ئەم ڕێگایە زۆر بێزارمان دەکات، هەموو ڕۆژێک ٣ کاتژمێر لە ڕێگادا بەسەر دەبەین، هەموومان بەهۆی ئەم جادە و خۆڵەوە نەخۆش کەوتووین، ئەگەر چادرەکانمان لەم شوێنەدا هەبوایە، ئەوەندە زەحمەتیمان نەدەبوو، بەهۆی قەدەغەکردنەکەوە تەنها ڕێگەمان پێدەدەن بێین و مەڕەکانمان بلەوەڕێنین، ئەمەش کارەکانمان زۆر قورس دەکات.