ژنانی گەرمیان لە بەردەم ئازاری ئەنفالدا؛ فەیمە ڕۆستەم

ئەنفال ڕۆژێکی لەبیرنەکراوە بۆ گەلی کورد و بەتایبەت بۆ ئەوانەی خاوەن شەهیدن و چارەنووسی بەشێکیان نادیارە، دایکێکی خاوەن ئەنفالیش دەڵێت: تا ئێستاش بە هیوای بینینەوەی کوڕەکەم دەژیم.

شیرین ساڵح

 

گەرمیان- گەلی کورد هەمیشە لە بەردەم کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی ڕژێمە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق و وڵاتانی تر بووەتەوە، یەکێک لەو ئازارانەی کە گەلی کوردی بە جیهان ناساندووە، ئەنفالە، کە لە ١٤ی نیسانی ١٩٨٨ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ئەنجامدرا و بە چەندین شێواز ئەشکەنجەی کوردان دەدرا و بە هەزارەها ژن و منداڵ و پیاوی شەهید کرد و چەندین گوندی وێران کرد، ئەم ئازارەش تا ئێستا لای کورد و بەتایبەتی کەسوکاری ئەنفالکراوان سارێژ نەبووە.

 

فەیمە بۆ ڕووناک کردنەوەی ڕێگەکەی چرایەکی برد، بەڵام ڕژێمی بەعس ژیانی تاریک کرد

فەیمە ڕۆستەم، هاوژینی شەهیدە و چارەنووسی کوڕێکی نادیارە، چیرۆکی ڕۆژی ئەنفال بۆ ئەو بەم شێوەیە بووە، "دوانیوەڕۆی ١٤ی نیسانی ١٩٨٨ فەیمە و خێزانەکەی کە نیشتەجێی گوندی سپی سەرن گوێیان لە دەنگی تۆپ و هاتنی سوپای ڕژێمی بەعس دەبێت، فەیمە ئەو کات دووگیان دەبێت، بۆیە پێیان دەوترێت کە گوندەکە بە جێبهێڵن، چونکە پێشمەرگەی تێدایە و ئەگەری هەیە هەموو دانیشتوانی گوندەکە شەهید بکرێت، بۆیە فەیمە لەگەڵ هاوژین و کچەکەی دەڕۆنە شوێنێکی چۆڵی دوور لە گوندەکە و تەنها چرایەک لەگەڵ خۆیاندا دەبەن، دواتر دەڕۆنە قادر کەرەم.

 

لە کاتی گەشتنی فەیمە و خێزانەکەی بە قادر کەرەم، ڕژێمی بەعس هەموو پیاوەکان دەستگیر دەکات بە بیانووی ئەوەی چەکیان پێبووە، هاوژینەکەی فەیمە هەرچەندە جوتیار بووە و چەکی پێ نەبوو، بەڵام ئەویش دەستگیر دەکرێت و ڕژێم چەکێک دەدات بە دەست هاوژینەکەی فەیمەوە و ڕەسمی دەگرێت، دوای ڕۆژێک بەشێکیان ئازاد دەکەن و هاوژینەکەی فەیمەش دەگەڕێتەوە بۆ لای فەیمە، دواتر لە لایەن سیخوڕەکانەوە پیاوەکان دەبەن و بە بیانووی ئەوەی ناسنامەی بەعسیان بۆ دەردەکرێت و ئیتر دەتوانن بە ئازادی بژین، بەڵام دوای ئەوە چارەنووسی هاوژینەکەی فەیمە نادیار دەبێت.

 

ڕۆژی ئەنفال کۆتا ڕۆژ بوو بۆ فەیمە منداڵەکەی لە ئامێز بگرێت

دوای ڕۆژێک لە دەستگیرکردنی هاوژینەکەی فەیمە لە ڕۆژێکی باراناوی و لەناو ئازارێکی زۆردا فەیمە منداڵەکەی لەدایکدەبێت و منداڵەکەی لە ئامێز دەگرێت و لە هۆش خۆی دەچێت، دوای ئەوەی فەیمە بەهۆش خۆی دێتەوە منداڵەکەی نەماوە، ئەوەش دەبێتە دوا دیداری فەیمە و منداڵەکەی، هەر لەوکاتەدا پیاوێک کە خزمی فەیمە خۆیەتی دێت بە شوێنیدا و دەڕۆن بۆ سەرقەڵا، لە ڕێگەدا ڕژێمی بەعس دووجار ڕێگە لە فەیمە دەگرن و داوای پارەی لێ دەکەن، بەڵام فەیمە بە سەلامەتی دەپەڕێتەوە.

 

فەیمە کەسوکارەکەشی بەر ئەشکەنجەیەکی زۆری ڕژێمی بەعس دەکەون، مامێکی لە زینداندا لەبەر ئەوەی ئەڵقەیەکی زیو لە دەستیدا دەبێت، ڕژێمی بەعس پەنجەی دەشکێنن و ئەڵقەکەی لێ دەبەن، باوکی فەیمە لە کۆتا کۆمەڵەدا دەبێت کە لە نوگرەسەلمانەوە دەگەڕێنەوە، باوکی هەواڵی ئەوە دەدات بە فیمە کە ڕژێمی بەعس هەموو گەنجەکانی بە پشتوێن و جامانەی خۆیان دەستەبەسەر کردوون و شەهیدی کردوون، فەیمەش بێ هیوا دەبێت لە گەڕانەوەی هاوژینەکەی و دەزانێت کە ئەویش شەهید بووە و ئیتر بێ هیوا دەبێت لە گەڕانەوەی هاوژینەکەی".

 

ئەنفال ئازارێکی وای لە فەیمە کردووە کە خۆزگە دەخوازێت خۆی شەهید ببوایە

لە دوای ئەو ڕۆژە ڕەشەی ڕژێمی بەعس بەسەر کورد و خێزانەکەی فەیمەدا هێنای، فەیمە لەناو ئازاردا دەژی و دەڵێت: "خۆزگە من لە جێگەی خێزانەکەم شەهید دەبووم"، چونکە ڕۆژە ڕەشەکان و ئازارەکان بۆ فەیمە بەردەوام دەبن، وەک فەیمە خۆی دەڵێت: سەدام و ڕژێمی بەعس پارچەیەک لە جەرگ و ژیانی ئێمەی برد، بەڵام حکومەتی ئێستاش هیچ گوێ لە داواکاری خاوەن شەهیدەکان ناگرێت، تەنانەت سیخوڕەکانیان کردووە بە دەسەڵاتدار، هەرچەندە کەسوکاری ئێمە لەسەر کوردایەتی و خاکی کوردستان شەهید بوو، بەڵام هێشتا تەرمەکانیان نەگەڕێندراوەتەوە بۆ زێدی خۆیان.