"یەکگرتنی ژنان وەڵامی تێکۆشانی شەهید ناگیهانە"

خەبات و ئازادی ژنان لە باشوری کوردستان ترسی لای نەیارانی کورد زیاتر کردووە، بۆیە هەمیشە لە هەوڵی لە ناوبردنی شۆڕش و خەباتی ئازادی ژنان دەدەن، لە بەرامبەردا ژنان بە تێكۆشانەکانیان درێژە بە شۆڕشی هزری ژنان دەدەن

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- لە مەراسیمی چلەی ماتەمینی شەهید ناگیهان ئاکارسەلدا چالاکوانان و ئەندامی ڕێکخراوەکان، ئیدانەی شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل و ئازادیخوازانیان کرد و بەڵێنیاندا کە بەردەوامی بە ڕێبازەکەی شەهید ناگیهان و هزر و ئایدۆلۆژیاکەی بدەن.

 

"ناگیهان ئاکارسەل ئەو ڕێچکەیەی شکاند کە ڕێگری لە ژنان دەکرد بۆ کار و خەبات"

شەهێن محەمەد، چالاکوانی بواری ژنان، لە مەراسیمی چلەی ماتەمینی ناگیهان ئاکارسەلدا باسی لە هەوڵ و تێکۆشانی شەهید ناگیهان کرد کە بۆ یەکڕیزی و ئازادی ژنان داویەتی و وتی: شەهید ناگیهان یەکێک بوو لەو ژنە خاوەن ئیرادە و خۆبووانەی لە تەمەنێکی گەنجدا خۆی بە بەرپرسیار دەبینی بەرامبەر دۆخی کۆمەڵگەدا و ژنان بەتایبەتی، بۆیە بڕیاریدا کە بەشداری خەبات و تێکۆشان بکات."

 

هەروەها وتیشی: دۆخی باکووری کوردستان کە دەوڵەت ئەقڵیەتی کۆنەپەرستی و هێڵی چەوساندنەوەی لەسەر گەلی کورد زیاتر تۆخ کردووەتەوە، ژنان زۆر لە دەستوپێ خراون و گرێدراون بە ماڵەوە کە نەهێڵن پەلبهاوێژن و خەبات بکەن، بۆیە لەم بابەتەدا ناگیهان ئاکارسەل دەردەکەوێت کە درێژە بە خەباتەکەی هەڤاڵ ساکینە دەدات و بڕیار دەدات بەشدار بێت لەو تێکۆشاندا.

 

"خەباتی ناگیهان ئاکارسەل لە وێستگەی هێڵی ژنۆلۆژیدا خۆی دەبینێتەوە"

شەهێن محەمەد ئەوەشی خستەڕوو کە خەبات و تێکۆشانی چەند ساڵەی شەهید ناگیهان لە وێستگەی هێڵی ژنۆلۆژیدا خۆی بینییەوە، کە ژنۆلۆژی ئایدۆلۆژیایەکی هەرە گرنگی پێویستە بۆ کۆمەڵگەی کوردی و بەتایبەتی ژنان، "ژنۆلۆژی بە واتای ژن ناسی، خۆناسین، ناسینی نادادپەروەری و دواجار بەواتای خۆ هۆشیارکردنەوە و ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو نادادپەروەرییە دێت کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت، شەهید ناگیهان لە باشووری کوردستاندا تێکۆشانێکی هەرە پیرۆز و بەهێزی بەڕێوەدەبرد لە چوارچێوەی فکری ژنۆلۆژیدا و خزمەتێکی زۆری ژنانی کردووە، کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر ژنان بۆ ئەوەی ئاشنایان بکات بە ژنۆلۆژی."

 

"سیاسەتی هێزەکان وایکردووە پارچەبوون لەناو ژناندا دروست ببێت"

شەهێن محەمەد لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە دوای ساڵی ١٩٩١ و شۆڕشی گەلی کورد لە باشووری کوردستان و بەدەستهێنانی هەرێمێکی سەربەخۆی فیدراڵی، سیاسەتی هێزە سیاسیەکان وایکردبوو کە پارچەبوون لە ناو ژنانیشدا دروست ببێت، شەهید ناگیهان دەیویست ژنان لە ژێر یەک چەتردا کۆبکاتەوە تا بتوانن باسی ئازارەکانی خۆیان بکەن، هەر بەو هۆیەشەوە چەندین خولی بەهێزی دەکردوە بۆ ژنان، "بۆ درێژەدان بە خەباتی شەهید ناگیهان لە ٢٥ تشرینی دووەمدا کە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانە چەندین چالاکی ئەنجام دەدەین، چونکە شەهید ناگیهان خۆی ڕۆڵی زۆر گرنگی هەبوو لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا و هەمیشە هەوڵی دەدا پەنجە بخاتە سەر ئازارەکانی ژنان، ئێمەش هەوڵدەدەین کە چەترێکی بەهێز بۆ ژنان دروستبکەین بە فکر و ڕامان و ڕێبازەکەی شەهید ناگیهان."

 

"ژن بە واتای ئاشتی و خەبات و تێکۆشان دێت"

مەهاباد شێخ حەمەئەمین، ئەندامی تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان لە بارەی شەهید ناگیهانەوە وتی: شەهید ناگیهان لەسەر پەروەردەکردنی ژنان لە باشوری کوردستاندا کاری دەکرد، داوا دەکەین کە چیتر دەست نەخەنە خوێنی ئەو ئازادیخوازانەی کە فکری "ژن، ژیان، ئازادی" و فکری ئاشتیخوازانەیان هەڵگرتووە، ئێمە دژی ئەو کەسانە دەوەستینەوە و ئیدانەیان دەکەین کە کار لەسەر ژنکوژی دەکەن، چونکە ژن بە مانای ئاشتی و خەبات و تێکۆشان دێت و بۆ خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە کار دەکەن."