بە لەچکە سپییەکەیەوە لەناو کامپی هۆلدا دەسووڕێتەوە

خەدیجە ساڵح لە مەترسیدارترین کامپی جیهاندایە و بە لەچکە سپییەکەیەوە لەناو ناوەندی دژایەتیکردنی ژن و ژیان و ئەو کەسانەی کە پاڵپشتی بیرۆکەکانی داعش دەکەن، ژیان تێدەپەڕێنێت.

حەسەکە

 

لە کامپی هۆل لە نزیک شاری حەسەکە، مرۆڤ لە ژێر چادرە سپییەکاندا جگە لە ڕەنگ و بیری ڕەش هیچ ڕەنگێکی تر نابینێت، لە کامپەکەدا بەرگدروویان نییە بۆ کڕین و دورینی جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ، هەمیشە بە بیری تاریک و ڕەشەوە ژیان بەڕێدەکەن، ئەو کەسانەی لە دونیا و زیندانە تاریکەکەیان دێنە دەرەوە و جیهانێکی ڕەنگاوڕەنگ هەڵدەبژێرن، ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئەشکەنجە و سەربڕین و کوشتن دەبنەوە، لەم کامپەدا گوێ لە میوزیک ناگیرێت، ڕۆح و هەستی خەڵک ناجووڵێت، تەنیا لە بیرۆکەی داعشی توندڕەودا قفڵ دەکرێن، دەڵێن ئەمە سنووری ئێمەیە، لەوە زیاتر هەنگاو نانێین.

 

لە هۆلدا، لەناو ژنان و خێزانەکانی داعشدا، هەندێک ژن هەن کە پابەندی یاسا و بڕیارەکانی داعشییەکان نابن، جگە لە ژن و منداڵ، داپیرەش هەن کە دەیانەوێت وەک کۆترە سپییەکان بفڕن و ئازادانە بژین، لە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنیدا کە لە ٢٥ی ئابەوە دەستیپێکردووە، چەندین چیرۆکی ناو کامپەکە هەن پێویستە ببینرێن و بنووسرێنەوە، نمونەیەک لە نوژنهاوە دەخەینەڕوو.

 

خەدیجە ساڵح، داپیرەیەکی تەمەن ٦٥ ساڵە و خەڵکی عێراقە، ئەوان بەهۆی دۆخیانەوە لە منداڵییەوە تا پیرییان ئازاریان چەشتووە، لە ناو کولتووری کورد و عەرەبدا، ژنانی بەتەمەن تەنها لەچکی سپی لەسەر دەکەن، کە هێمای ئاشتییە، لە هەندێک کۆمەڵگەشدا کاتێک ژنان لەچکە سپییەکانیان دەخەنە سەر زەوی، واتای ئەوەیە دەبێت شەڕ بوەستێت.

 

خەدیخە ساڵح لە دڕندەترین و مەترسیدارترین کامپەکانی جیهاندا دەژی، لەچکی سپی لەسەردایە و ڕووی خۆی نەشاردووەتەوە، دەڵێت، لەو رۆژەوەی چاوی بە دونیا هەڵهێناوە ڕەشی لەبەر نەكردووە، لە کامپەکەدا ویستیان ناچارم بکەن کە لەچکی ڕەش لەسەر بکەم، بەڵام قبوڵم نەكرد، جگە لە خوا كەس ناتوانێت لێپرسینەوەم لێبکات و من لە کەس ناترسم.

 

"ئێمە دەڵێین ئەوا گورگ هات و ئێستا هێرش دەکات"

کاتێک پرسیارمان لە خەدیجە کرد کە ئایا لەلایەن شانە نووستووەکانی داعشەوە هەراسان دەکرێت، وەڵامی دایەوە: "چۆن من هەراسان نەکرێم؟ شەوانە ناخەوین، ڕەنگە تەنها ١٥ خولەک بخەوین، بەڵام خۆزگە لەو خولەکانەشدا بە ئاسوودەیی بخەوین، هەمیشە بە خەبەرین و چاوەڕێین گورگەکان بێن هێرش بکەن، تەنانەت نازانین ئەوان کێن، من تەنها دەمەوێت دۆخەکە باشتر بێت و بگەڕێمەوە وڵاتەکەم و ئیدی ڕووبەڕووی ژیانێکی لەم شێوەیە نەبینەوە.

 

ژنان و داپیرەکان تەنانەت بەشێوازی بچوکیش بەرەنگاری بیروبۆچوونی داعش دەبنەوە و پەیڕەوی لە یاساکانیان ناکەن. لەبەرکردنی پەچەی ڕەش ناچارییە، بەڵام هەندێک ژن و داپیرە هەن نایانەوێت چارەنووسیان بەو پەچە ڕەشانەوە ببەسترێتەوە و لە دونیادا بخنکێن. لە ڕوخساریدا چەندین چیرۆک هەیە کە دەیەوێت بیگێڕێتەوە، بەڵام ئەگەر بێدەنگی بشکێنێت و بیگێڕێتەوە، بەدڵنیاییەوە دەکوژرێت. زۆر چیرۆک لەو چاوانەدا هەیە کە پێویستە مرۆڤ بیخوێنێتەوە و حەقیقەتی زۆرێک لە ڕووداوەکان بزانێت، بەڵام لە ئێستادا باس ناکرێت و ناوترێت.