کاروانی شەڕڤانێکی یەپەژە؛ لە فەرەنساوە بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان

دەرسیم مزگین، شەڕڤانی ئینتەرناسیۆنالیستی یەپەژە، هێرش و سیاسەتی لەناوبردنی دەوڵەتی تورکیای دژی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نرخاند و ڕایگەیاند کە ناتۆ خۆی لەو هێرشانەدا بەشدارە.

سۆرگول شێخۆ

 

حەسەکە- هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە سوریا، کوردستان، ئەوروپا و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی کاردانەوەی ڕاستەقینە بووەتەوە، شۆڕشی رۆژئاوا بە پێشەنگایەتی ژنان سەرنجی سەدان ژنی دانیشتووی ئەوروپای بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، زۆرێک لە ژنانی گەنج بە خۆشەویستی بینینی ڕۆژئاوا و ژیانی سیستمی ژنان ڕوویان لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان کرد، یەکێک لەو ژنانەی هەزاران کیلۆمەتر و سنوور و خەڵک و دەریای تێپەڕاند و کاروانەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان گیرسایەوە، دەرسیم مزگینە.

 

دەرسیم مزگین، تەمەنی ٢٢ ساڵە و خەڵکی فەرەنسایە، دەخوێنێتەوە و لەگەڵ بزووتنەوە چەپەکاندا تێکۆشاوە، کاروانی تێکۆشانی دەرسیم تەنها لە وڵاتی فەرەنسا نەمایەوە، بەڵکوو ڕووی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامی پێدا، "لە ڕێکخراو و بزووتنەوە چەپەکاندا خەباتم کردووە و بۆ وڵاتانی دیکە گەڕاوم، شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان لە ئەوروپا لە شەڕی دژی چەتەکانی داعشدا ٢٠١٤-٢٠١٥ دەنگێکی زۆری دایەوە، بەتایبەت قارەمانێتی شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە و هەڵوێستەکانیان، بە پرسیاری 'ڕۆژئاوای کوردستان چییە دەمەوێت بزانم' هاتمە ئێرە، ڕاستە من پێشتر سەیری فیلمم دەکرد و کتێبم دەخوێندەوە دەربارەی شۆڕش، بەڵام بە تەنها ئەوە بەس نەبوو بۆ ئەوەی شۆڕش بناسم، بۆیە لە ساڵی ٢٠٢٠دا هاتمە ڕۆژئاوا، ئێرە زۆر دوورە لە وڵاتەکەمەوە، بەڵام زۆر جیاوازە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپاش جیاوازن، ک ەهاتمە ئێرە زمان و کلتوری گەلانی دیکەم ناسی ئەوەش بۆ من سەخت بوو".
 

"خۆشحاڵم بە بزوتنەوەیەک کە ماڵی ژن و گوندی ژنوار ڕێکدەخات"

دەرسیم مزگین ئاماژەی بەوەدا ئەوەی کە زۆر سەرنجی بەلای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا ڕاکێشاوە، ئایدۆلۆژیای ژن و سیستمەکەیانە، "لە مێژوودا شۆڕشی جیاواز ڕوویانداوە، بەڵام بۆ یەکەمجار شۆڕشێکی لەم جۆرە کە بە شۆڕشی ژنان ناسراوە هەیە، لەسەر ئەو بنەمایەی لێرە وەڵامی پرسیارەکانم دەدۆزمەوە، ڕووم کردە شۆڕش، زانیاری بەخشترین شت کە تا ئێستا بیستبووم گوندی ژنوار بوو، بەڕاستی ویستم بیبینم و چانسێکی زۆر بوو کە پێی گەشتم و ماڵی ژن، بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنانم ناسی".

 

"چیرۆکی کۆچبەرانی عەفرین توڕەیی و ئومێدیان لە دڵمدا دروستکرد"

ئەو شەڕڤانە توڕەیی خۆی لە هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر خەڵکی عەفرین لە شەهبا دەربڕی و وتی: کاتێک چوومە شەهبا، ئەو دایک و خێزانانەم بینی کە لە عەفرینەوە کۆچیان کردبوو و چیرۆکەکانیان گێڕایەوە. گوێم لە کۆچ گرت. پاشان توڕەیی من دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک زیادیکرد، لە لایەکی دیکەوە هیوایەک لە دڵمدا دروستبوو، کە هەرکاتێک ئارەزوو هەبوو، ژنان دەتوانن خۆیان و کۆمەڵگە لە هەر شوێنێک بێت ڕێکبخەن، چونکە ئەزموونی پێشوویان هەیە.

 

دەرسیم تیشکی خستەسەر هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە کاریگەری دەکاتە سەر ئەوروپا و پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی کە هەمووان و ناتۆ تێیدا بەشدارە، بەڕێوەدەچێت، بۆیە لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: وەک ئەندامێکی یەپەژەیەی ئینتەرناسیۆنال بەرگری لە خاکی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەکەین و ئەگەر شەڕێک رووبدات تا کۆتایی شەڕ دەکەین و سەرکەوتن بەدەستدەهێنین، هەموو هێز و بزووتنەوە چەپەکان، ئازادیخواز و ڕێکخراوە فێمینیستەکان کە خەبات دەکەن بۆ ڕزگاری ژنان و دەیانەوێت بەرگری لە شۆڕشی ژنان بکەن، ئێمە داوایان لێدەکەین بەشداری شۆڕشەکە بکەن.