کۆچبەران لە کامپی یۆنانی لە ڕەققا ژیانێکی سەخت دەژین

ژنانی کۆچبەر کە لە کامپی یۆنانی لە ڕەققا نیشتەجێن، بە هۆی خراپی باری ئابوریەوە ناچارن بە دوای پلاستیک لە بیاباندا بگەڕێن بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان دابین بکەن.

ڕیم محەمەد

 

ڕەققا - نزیکەی ١٢٦ خێزان لە کامپی یۆنان لە باشوری شاری ڕەققا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەژین، کە زۆربەیان خەڵکی ڕەسافە، تەدمور، حەما و دێرەزۆرن، ژنانی پەنابەری دانیشتووی کامپی یۆنانی بەهۆی خراپی باری ئابوریەوە ناچارن بە دوای پلاستیکدا بگەڕێن بۆ بژێوی ژیانیان.

 

فەهیمە محەمەدی ٦٨ ساڵ، لە ناوچەی رەسافەوە کۆچبەری کامپەکە بووە، باسی لەوەکرد کە لە کۆڵاندا بەدوای پلاستیک و تەنەکەدا دەگەڕێن تا بیفرۆشن و بژێوی ژیانیان پەیدا بکەن، وتیشی: من بە تەنیا بژێوی خێزانەکەم دابین دەکەم، چونکە هەموو خوشک و براکانم خاوەن پێداویستی تایبەتن، لەبەرئەوەی کارەبا زۆر گرانە و ناتوانین دابینی بکەین، ناچارم خواردن لەسەر خەلوز دروستبکەم، ئێمە نزیکەی ٦ ساڵە لەم کامپەدا دەژین. زۆر جار من و براکانم بە بێ خواردن دەمێنینەوە بۆ ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ، هەندێکجار دەچینە بازاڕی سەوزە، بەڵام کەس هیچمان پێ نادات، پێش کۆچکردن ژیانێکی جێگیرمان لە ماڵەکانماندا هەبوو و سەرچاوەی بژێوی خۆمان هەبوو.

 

خشفە مەحمود، پەنابەرێکی دیکەی ناوچەی ڕەسافەیە و وتی: من ٦ منداڵم هەیە، بچوکەکەیان تەمەنی یەک ساڵە و برسییە، لەبەر نەبوونی پارە ناتوانم شیر بدەم، هەموومان لەم چادرەدا دەژین، دەخۆین، دەخۆینەوە و حەمام دەکەین. لە کەمپەکە هەموویان برسین و بارودۆخمان زۆر خراپە. ئاوێک لە نزیک ئێمەیە و هەمیشە دەترسم منداڵەکانم بچنە ناو ئاوەوە و نوقم بن، چونکە کارەبا نییە ڕووناکی بکەینەوە ناوچەکە، ئاو لەسەر شان دەهێنین بۆ چادرەکان، ڕشک و ئەسپێ لە قژی منداڵەکانمدا بلاودەبنەوە و لەبەر نەبوونی پێداویستی لە نۆرینگەش هیچیان بۆ نەکردین، چارەسەریش لای پزیشک بە پارەیەکی زۆرە.

 

خەلفە مەتەر، پێش سێ ساڵ لە تەدمورەوە هاتوونەتە کامپەکە، دەڵێت: لەم کەمپەدا بارودۆخمان بەرەو خراپتر دەچێت، ئاو و نان و کارەبا و دەرمان نییە، زۆر لە ئێمە نەخۆش کەوتووین و ناتوانین داوای یارمەتی پزیشکی بکەین. من و کچەکانم بە دوای پارچەی پلاستیکیدا دەگەڕێین بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان دابین بکەین. ئێمە ناتوانین چەندین جۆر خواردن بخۆین و چەند ڕۆژێکیش بەبێ خواردن دەمێنینەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرماشدا تەنانەت تامی دڵۆپێک ئاوی ساردیش ناکەین.