دیاردەی کۆچ هاوکات لەگەڵ شەڕدا کاریگەری لەسەر خەڵکی ئەفغانستان هەبووە

ئەفغانیەکان چەندین جار ڕووبەڕووی ئاوارەیی و پەنابەری بوونەوەتەوە و لە ئێستاشدا ئەو دۆخە زیادی کردووە، بەجۆرێک پەنابەرانی ئەفغانی لە زۆرینەی کامپەکانی وڵاتاندا نیشتەجێ بوون.

بەهاران لەهیب

 

کابول- کۆچبەری لەپاڵ قەیران و ئاڵۆزییەکانی دیکەدا، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ و توندوتیژی لە ئەفغانستاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.، ئاماری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی کۆچبەران و پەنابەران وەک کۆمسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان-UNHCR ڕوونی دەکەنەوە کە زۆرترین پەنابەرانی جیهان هاوڵاتی ئەفغانستان بوون، فاکتەرە جیاوازەکانی وەک، شەڕ و بۆردومانی دوو زلهێزی جیهانی وەک ڕووسیا و ئەمریکا، سەرکوتی سیاسی و دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە نەیارانی سیاسی لەلایەن ڕژێمەکانەوە، توندوتیژی، جینۆسایدی نەتەوەیی و ئایینی، هەژاری، بێکاری، نەبوونی پێداویستی کۆمەڵایەتی بە تایبەت قوتابخانە و زانکۆ بۆ منداڵان و لاوان، پەرچەکرداری ژنکوژی گروپە بناژۆخوازە ئیسلامییەکان لە ئەفغانستان، وایکردووە گەلی ئەفغانستان بۆ رزگارکردنی گیانی خۆیان لەو وڵاتە هەڵبێن.

 

بە کودەتای "هفت ثور" لە ئایاری ١٩٧٨دا خەڵکی ئەفغانستان ناچاربوون ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن و سەرەتا پەنایان بۆ ئێران و پاکستان و پاشان هەندێکیان بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا برد. لە زۆربەی ناوچەکانی ئەفغانستان لەو سەردەمەدا تەنانەت خەڵکی گوندێک بە تەواوی ناچار بوون بە کۆمەڵ لەو وڵاتە هەڵبێن، چونکە گوندەکەیان بەهۆی پشتیوانی لە بەرخۆدانی دژە ڕووسیا لەلایەن فڕۆکەکانی ڕووسیاوە بۆردومان کرابوو یان لەلایەن بریکارەکانی ڕژێمی بەکرێگیراوی ڕووسیا کۆمەڵکوژ کرابوون.

 

جێگای ئاماژەیە کە لە ساڵانی یەکەمی کودەتاکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران و ناڕازییەکانی ئەفغانستان زێدی خۆیان بەجێهێشت. چونکە ڕژێمی سۆڤیەت-ڕووسیای ئێستا هەموو نەیارەکانی زیندانی و بێ سەروشوێن دەکرد. دروشمی ئەوان ئەوە بوو: یان لەگەڵ ئێمە، یان لەگەڵ دوژمنەکانمان!

 

چەندین جار ئەفغانستان ڕووبەڕووی ئاوارەیی بووەتەوە

لەگەڵ ڕووخانی حکومەتی سەردەمی سۆڤیەت، لە هشت ثور، ٢ی ئایاری ١٩٩٢دا دەسەڵات کەوتە دەست ڕژێمە جیهادییەکان و شەڕێکی ناوخۆیی لەسەر دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات سەریهەڵدا. ئەمجارەیان لێشاوی کۆچبەران لە شارە گەورەکانەوە بە تایبەت کابولی پایتەختی ئەفغانستان بەرەو پاکستان و ئێران دەستیپێکرد، دوای هاتنی تاڵیبان لە ساڵی ١٩٩٦دا شەڕ لە باکووری ئەفغانستان هەڵگیرسا، تاڵیبان چەندین کۆمەڵکوژی لەو ناوچانەدا ئەنجامدا و خەڵک ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن. لەبەرئەوەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی تاجیک و هەزارە بوون، تاڵیبان ئاگریان لە ماڵ و کێڵگە و باخەکانی ترێ بەرەدا و وێرانکاری دەکرد.

 

چوونی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان دۆخی ئەو وڵاتەی باش نەکرد

دوای داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکاوە، حکومەتە دیکتاتۆرەکان پڕوپاگەندەیەکی زۆریان ئەنجامدا بۆ گەڕاندنەوەی گەلی ئەفغانستان بۆ زێدی خۆیان. بەڵام ئەمڕۆ دەبینرێت دوای بیست ساڵ کۆچبەربوونی ئەفغانییەکان کەم نەبووەتەوە، ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٤ ژمارەی سەربازەکانی لە ئەفغانستان کەمکردەوە و دەستی بە دانوستانی بەناو ئاشتی لەگەڵ تاڵیبان کرد، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دۆخی ئەمنی بەرەو خراپتر دەچوو. دواجار لە مانگی ئابی ٢٠٢١ تاڵیبان کۆنترۆڵی تەواوی ئەفغانستانی گرتەوە. هەر لەم ماوەیەدا بوو کە حکومەتی ئەمریکا لەگەڵ شەریکەکانی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی کابولەوە دەستیان کرد بە راگواستنی خەڵک. پرۆسەی چۆڵکردنەکە لە ١٥ی ئاب تا ١ی ئەیلول بەڕێوەچوو. ژمارەیەکی زۆر لەو گەنجانەی کە لەگەڵ هێزە بیانییەکان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان کاردەکەن لە ئەفغانستان وڵاتەکەیان بەجێهێشت، تا ئێستا زۆربەیان لە کەمپەکانی ئەبوزەبی و قەتەر و ئەلبانیا و چەند وڵاتێکی دیکە لە دۆخێکێکی بێچارەیی دان و ئەمریکییەکان تەنها لەم کەمپانەدا بژێوی ژیانیان بۆ دابینکردوون.

 

جگە لەوەش رۆژانە سەدان کەس مەترسی گیانی خۆیان ئەدەنە بەرچاو و سنووری ئێران و پاکستان بە قاچاخ دەبڕن و کۆچبەربوون بۆ ئەو وڵاتانە هەڵدەبژێرن، لەوێش مامەڵەی  هێزە ئەمنییەکانی ئێران و بەتایبەت پۆلیس بەرامبەر پەنابەرانی ئەفغانستان نامرۆڤانەیە و لەگەڵ هیچ پێوەرێکی نێودەوڵەتیدا ناگونجێت.

 

ڕەنگە لێرەدا گرنگ بێت ئاماژە بەوە بدەین کە لە زۆر حاڵەتدا هۆکار و پاڵنەر بۆ کۆچکردنی گەلی ئەفغانستان بۆ ڕزگاربوون بوو لە کۆمەڵگایەکی دژە ژن و پیاوسالار، لە سەردەمی دەسەڵاتی گروپە بناژۆخوازە جیهادییەکان کە هاوکات بوو لەگەڵ شەڕی ناوخۆی نێوان ساڵانی ١٩٩٢-١٩٩٦ گەلێک زۆر لە خێزانەکان لە ترسی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و کچانی گەنج لەلایەن گروپە جیهادییە چەکدارەکانەوە لە ئەفغانستان هەڵاتن و زێدی خۆیان بەرەو پاکستان و ئێران بەجێهێشت.

 

لە سەرەتای دەسەڵاتی ڕژێمی تاڵیباندا، چونکە کچان و ژنانی گەنج بە هیچ شێوەیەک ڕێگەیان پێنەدەدرا بچنە قوتابخانە، باوکەکان و دایکەکان ناچار بوون بچنە پاکستان بۆ پەروەردەکردنی کچەکانیان. ئێستاش زۆربەی دایکان و باوکان بەدوای جێهێشتنی وڵاتدا دەگەڕێن و یەکێک لە هۆکارەکانیش نەبوونی قوتابخانە و پێداویستیەکانی پەروەردەییە بۆ کچانی سەرووی پۆلی شەشی ئامادەیی.