ئیسپارتە، شارێک بووەتە باخچەی گوڵەکان

ئیسپارتە بە باخچەی گوڵەکان ناسراوە، لە وەرزی بەهار و پایزدا پێشوازی لە گەشتیارانی دەکات، گوڵەکانی ئیسپارتە لەسەر ڕووبەری زیاتر لە ٢٥ هەزار هێکتارە و زیاتر لە ١٢ هەزار جوتیار کاری تیادا دەکەن، لە ٪٦٥ پێداویستی جیهان بۆ پیشەسازی گوڵەباخ دابین دەکات.

بێریڤان کەمال

 

ناوەندی هەواڵ- ئیسپارتە یەکێکە لە پارێزگاکانی تورکیا کە زۆرترین دەریاچەی هەیە و دەریاچەی گوڵکۆک کراتەر، کۆڤادا و دەریاچەی ئیگیردر کە سەردانیکەرانی بە دیمەنی سەرنجڕاکێش و چالاکی جۆراوجۆر سەرسام دەکات.

 

ئیسپارتە خاکی گوڵ و دەریاچەکانە، لە وەرزی بەهار و پایزدا شارەکە پێشوازی لە گەشتیاران دەکات، ڕووبەری شارەکە زیاتر لە ٩٠٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە کە نزیکەی ٤٥٠،٠٠٠ کەس دانیشتوانەکەیەتی، شوێنێکی دڵخوازە بۆ ئارەزوومەندانی وەرزشی دەرەوە و شاخەوانان چونکە چەندین چیای هەیە، وەک چیای دافراز، چیای دێدگۆل و چیای بارلا.

 

ئیسپارتە لە میژووی خۆیدا بەشێک بووە لە ئیمپراتۆریەتی هایتییەکان، بە درێژایی مێژوو شارەکەش لە لایەن فریگیان و لێدییەکان و فارس و مەقدۆنی و ڕۆمەکانەوە بەڕێوەبراوە و لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری ڕۆمانیدا، شارەکە بە ناوی "پسیدیا" ناوبراوە، دواتر شارەکە چووەتە ژێر دەسەڵاتی بیزەنتینییەکان و دوای دامەزراندنی تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣ ئیسپارتە بووە بەشێک لە خاکی تورکیا.

 

ئیسپارتە، شارێک بووەتە باخچەی گوڵەکان

لە ماوەی چەند ساڵێکدا ئیسپارتە بە "باخچەی گوڵی تورکیا" ناسراوە، بەرهەمهێنانی گوڵەباخ و پیشەسازییەکانی، بازرگانییەکی گەورەیە لە شارەکەدا، کە هەموو جۆرەکانی بەرهەم و پیشەسازی گوڵ ئەنجامدەدرێت، وەک زەیتی گوڵ کە لە ٪٦٠ بەرهەمی زەیتی گوڵی جیهان دەستەبەردەکات، جگە لە بەرهەمە ڕووەکییەکانی، فەرشی ئیسپارتەش لە هەموو جیهاندا بە کوالێتی و ڕەسەنایەتی ناسراوە، کە چنینی فەرش لە ئیسپارتە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٢ و دانیشتوانێکی زۆری تورکمانی هەیە و نەریتی چنینی فەرش لە ناوچەکە بۆیان زۆر گرنگ بووە.

 

نزیکەی ١٣٥٠ جۆری گوڵ لە جیهاندا هەیە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزاری شاری ئیسپارتە دراون، گوڵە باخەکەی ئیسپارتە گوڵێکی پێنج پەڕەییە، بۆنێکی بەهێزی هەیە و گوڵەکەی پەمەییە، گوڵەکان بەشێکن لە ژیانی نزیکەی هەموو خێزانێک لە ئیسپارتە لەبەر ئەوە هەموو کەسێک لە ئیسپارتە خۆشەویستییەکی مەزنی هەیە بۆ گوڵەکان.

 

نەریتی سەدان ساڵەی چاندن و دروێنە کردنی گوڵ لە ئیسپارتە

 ئیسپارتە کە پێی دەوترێت خاکی گوڵەکان، ساڵانە لە مانگی ئایاردا فیستیڤاڵی دروێنەکردنی گوڵەکان سازدەکات و ڕێگە بە سەردانیکەران دەدات کە بۆ یەکەمجار ئەزموونی دروێنەکردنی گوڵەکان بکەن، گەشتیارانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەیانی زوو لەخەو هەڵدەستن و ڕوو لە کێڵگەکانی گوڵ دەکەن بۆ یارمەتیدانی جوتیارانی ناوچەکە، کە بەشێکی زۆریان ژنانن، ڕەنجی ژنان بە تەواوی هەستی پێدەکرێت کە پێش خۆرهەڵاتن دەست بە دروێنەکردنی گوڵ دەکەن و تا نیوەڕۆ کارەکانی ئەو ڕۆژە تەواو دەکەن.

 

ڕۆژانە لە کارگەکاندا ٣٢٠ تۆن گوڵ بەکاردەهێنرێت، کە ڕۆژانە کارکردنی ناو کارگەکان لەگەڵ دروێنەکردندا بەردەوام دەبێت، هەرچەندە ئەو تەکنیکانەی کە لە بەرهەمهێنانی گوڵەکان و شێوازەکانی دەرهێنانی زەیتی گوڵ بەکارهاتوون لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا گۆڕاوە، بەڵام لە سەدەی نۆزدەیەمەوە بەرهەمی گوڵی ئیسپارتە نەگۆڕاوە و دروێنەی گوڵ بووە بە مەراسیمێک کە هەزاران گەشتیاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ڕادەکێشێت.