"ئەگەر کۆمەڵگا خودی ژن بەرز بنرخێنێت توندوتیژی بەرامبەر ناکات"

لە بەر هۆکاری ئەقڵیەتی خۆسەپێنی پیاوسالاری و بە گەورەزانینی ڕەگەزی پیاوان بەسەر ژندا، هەمیشە ژن لەناو کۆمەڵگای کوردیدا بە لاواز تەماشا دەکرێن، گرینگی بە ڕۆڵی ژن نادرێت، سەرەڕای بوونی ئەو ڕەنج و تێکۆشانانەی دایک-ژن بە درێژایی مێژوو ئەنجامیان داوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- دایک-ژن لە مێژوودا ڕۆڵی کاریگەرییان هەبووە لە بنیادنانی ژیان، پەروەردە کردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، چەندین شۆڕش وەک شۆڕشی کشتوکاڵی و داهێنان و پێشکەوتن لەسەر دەستی دایک-ژن بووە، هەروەها گەلی کورد وەک دێرینترین گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە دایکەکانی پێشەنگی بەڕێوەبردن، پەروەردە، داهێنان، سیاسەت و وەستانەوە بە ڕووی زوڵم و ستەم و داگیرکاریدا بووە.

 

دایک-ژن لە خێزاندا پەروەردەی کردووە و لە کۆمەڵگەدا ئاڕاستەی کردووە، بۆیەش ڕۆڵی کاریگەری هەبووە، بەڵام هەمیشە ژن بە پلە دووی کۆمەڵگا هەژمارکراوە، ژن وەک نەزان و بێدەسەڵات تەماشاکراوە، کۆمەڵگا بە گشتی و پیاوان بە تایبەت ژنیان وەک بوونی خۆی پێ قبوڵ نییە، بەڵکو پێیانوایە ئەوەی خزمەتکار، بێدەسەڵات و نەزانە ژنە، درکیان بە گرنگی ڕۆڵی ژن نەکردووە.

 

"بۆ ئەوەی ژنان خۆیان بسەلمێنن پێویستە خاوەن بڕیار بن"

هاجەرە بەکر، وەک ژنێکی گەنج دەربارەی خودی ژن بوون و ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگادا هەروەها بە گرنگ سەیرکردنیان لەلایەن کۆمەڵگاوە بۆ نوژنهای ڕوونکردەوە کە کۆمەڵگا بە گشتی گرنگی بە ژنان نادەن، تا بڵێین ژنان بوونیانن هەیە و وەک خودی خۆی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن، "کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکە ڕەنجی ژنان تیایدا ون کراوە، لە بەرامبەردا پیاوان گەورەکراون و بوونەتە خاوەن دەسەڵات، ڕەنجی پیاو زیاتر دەبیندرێت، لەکاتێکدا ژنان لەگەڵ ئەوەی کار دەکەن، ئەرکی خێزان و پەروەردەکردنی منداڵیان لەسەر شانە بەڵام هەوڵەکانیان بەرز نانرخێندرێت".

 

وەک گەنجێک پێیوایە تاکە ڕێگا بۆ سەلماندنی خودی ژن خۆیەتی، پێویستە خاوەن بڕیار بێت لە بەرامبەر ویستی خۆی بێدەنگ نەبێت، نەک خەون و بڕیارەکانی بخاتەوە ناخی خۆی، هەروەها دەڵێت: "ئەگەر کۆمەڵگا خودی ژن بەرز بنرخێنێت توندوتیژی بەرامبەر ناکات، بەڵام ڕۆژانە دەبینین ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت".

 

"زاڵبوونی پیاو لە کۆمەڵگای کوردی ڕۆڵی ژنی لاواز کردووە"

گەشبین عەلی، وەک گەنجێک درک بەوە دەکات کۆمەڵگای کوردی بەهۆی ئەو فکرە کۆنەی باوباپیران لە مێژووەوە و زاڵکردنی ئەقڵیەتی پیاوسالاری وای کردووە ژن بە گرنگ نەبیندرێت و بێدەنگ بکرێت، "ئەو ئەقڵیەتەی کە بوونی هەیە وایکردووە بەشێکی ژنان خودی خۆیان بەلاوە کەم بێت، ئەمەش وایکردووە لە خێزانەکاندا پیاوان بە گرنگتر بیندراون و ژنان هەمیشە لاواز کراون".

 

پێشیوایە ژنان بە خوێندنەوە و کار کردن دەتوانن خۆیان بسەلمێنن و دەنگ و ڕەنگیان لەناو کۆمەڵگادا هەبێت.

 

"کۆمەڵگا ئەگەر کۆمەڵگایەکی تەندروست بێت دەبێت ڕۆڵی دایک بەرز بنرخێنن"

ئاواز حسێن، هاوڵاتی و مامۆستایەکی خانەنشینە، دەربارەی ڕۆڵی دایک و ژن لە کۆمەڵگەدا باسی لەوەکرد، ئەوەی تەواوی ئەرکی خێزان و نەوەی داهاتووی لەسەر شانە دایکە، بەڵام لە کۆمەڵگای کوردی هەمیشە دایک و ژن لاواز کراون و ئەوەی بووەتە باڵا دەست پیاوانن.

 

ئەو مامۆستایە پێیوایە کۆمەڵگایەکی تەندروست ڕۆڵی دایک بەرز دەنرخێنێت، چونکە ئەوەی دایک دەیکات هیچ کەس و لایەنێک نایکەن، ڕاستە باوکانیش ئەرک دەکەوێتە سەریان بەڵام لە بەرامبەر ژناندا کەمترە، "جگە لەوەش دایک هەمیشە ڕۆڵی هەبووە لە تێکۆشان و شۆڕشدا بە جۆرێک تا ئێستاش دایک هەن بە جۆرێک منداڵەکانیان پەروەردە دەکەن لە ئاست نیشتیماندا گیانیان ببەخشن، بەڵام ئەوەی جێگای داخە بیرکردنەوەی کۆمەڵگایە کە هەمیشە پیاویان بەلاوە گرنگە و ڕەنجی پیاو دەنرخێنن".

 

لە کۆتایدا باسی لەوەکرد نەک تەنها کۆمەڵگا بەڵکو لە هەندێک خێزانیشدا دایک ئەو ڕۆڵە بەرچاوەی نەماوە و بە گرنگ تەماشا ناکرێت و منداڵ و باوک بە گرنگ لە هەوڵەکانی ناڕوانن و گوێبیستی ئامۆژگارییەکانی نابن.

 

 

"ڕۆڵی ژن زۆر لەوە زیاترە کە هەستی پێدەکرێت"

شەونم محەمەد، هاوڵاتییەکی دیکەیە و پێیوایە لە دوای خوداوە دایکە، بۆیە زۆرترین ئەرکەکان کەوتووەتە سەر شانی دایک، ساڵانی ڕابردوو زۆربەی ژنان تەنها ئەرکی ماڵەوەیان لەسەر شان بوو، بەڵام ئێستا جگە لەوە کاری دەریشەوە دەکەن و پەروەردەکردنی منداڵ و بەڕێوەبردنی خێزانیشیان لەسەر شانە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی تا ئێستا کۆمەڵگا هەست بە ماندووبوونی دایک و ژن ناکات لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا، لە بەرامبەردا هەوڵەکانی پیاوان بەرز دەنرخێنن، ئەمەش وایکردووە لە هەندێک خێزاندا دایک ئەو گرنگییەی نەماوە، بەڵام پێویستە ژنان بە متمانە بەخۆبوونیان خۆیان بسەلمێنن و ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگادا دەربخەن.