لە باشووری کوردستان ژیانی پەنابەرانی سیاسی لە مەترسیدایە

هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لەناو باشووری کوردستاندا لە ڕێگەی سیخوڕەکانییەوە بەردەوامی هەیە، تیرۆری چالاکوانان و پەنابەرانی سیاسی بەشێکی شکستەکانی دەوڵەتی تورکیایە لە چیاکانی کوردستاندا، پەنابەرانیش دەڵێن: "تیرۆر ئێمە ناترسێنێت".

شنیار بایز

 

سلێمانی- باشووری کوردستان پەناگەیەکی پەنابەرانی چوار پارچەی کوردستان، بە هەزاران پەنابەر بە هۆکاری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ژیانی ڕوویان لەم هەرێمە کردووە لەپێناو ژیانێکی بێ مەترسی و باشتر، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت باشووری کوردستان ئەو ماڵە نییە ئارامی بێت بۆ پەنابەران و بەهۆی هەبوونی دەزگای سیخوڕی و هەواڵگری وڵاتانی داگیرکەر ساڵ نییە ڕووداوی تیرۆرکردنی پەنابەران نەبیسترێت.

 

تیرۆری پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری سلێمانی و ئوتێلەکانی شاری هەولێر، دەرکردنی پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ دەرەوەی سنوری دەستکردنی هەرێم و تیرۆری پەنابەرانی باکووری کوردستان ئەو نمونانەن کە داگیرکەران بە هاوکاری هێزی ناوخۆ ئەنجامی دەدەن.

 

ڕووداوەکەی ١٧ی ئایاری ئەمساڵ، تیرۆرکردنی محەمەد زەکی چەلەبی، پەنابەری سیاسی باکووری کوردستان و خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز لە شاری سلێمانی دەیسەلمێنێت کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ئەوەدا نییە پەنابەران بە ئازادی و بێ ترس بتوانن تێیدا بژین.

 

"باشووری کوردستان نەبووەتە جێگایەکی ئارام بۆ ئێمە"

پرشنگ شاهۆ، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پەنابەر لە باشووری کوردستان، ئاماژەی بەوەدا بەهۆی پیلانگێڕی و سیاسەتی داگیرکەران ژیانیان لە مەترسیدایە و کەسانی تاوانباریش بە ئازادی دێن و دەڕۆن، بێ ئەوەی هیچ لایەن و دەسەلاتێک لێپرسینەوەیان لێبکات.

 

"پێویستە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بێنە دەنگ لە بەرامبەر ئەو زوڵم و ستەمەی دژ بە پەنابەران دەکرێت، چونکە ئەو دۆخەی ئێستا پەنابەرانی تێدایە دۆخێکی مەترسیدارە و هەمووان لە ژیانی خۆیان دەترسن"، بۆیە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکات، ژیانیان بپارێزن، چونکە لە وڵاتی خۆیان لە سیاسەتی داگیرکەران هەڵهاتوون لە پێناو ژیانێکی ئارام ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

 

"پەنابەرە کوردەکان لە باشووری کوردستان وەک کوردێک تەماشا ناکرێن"

زولەیخا موسا بەرخۆ، خەڵکی کۆبانێیە لە ڕۆژئاوای کوردستان و پەنابەرە لە باشووری کوردستان، دەربارەی تیرۆرکردنی محەمەد زەکی چەلەبی وتی: تورکیا لە باکووری کوردستان ڕێگەی نەدا زەکی چەلەبی بە ئازادی بژی بەهۆی فکرە سیاسییەکەیەوە دەستگیری کرد و پاشان ئازادی کرد، بۆیە محەمەد زەکی ناچار بوو بێتە باشووری کوردستان و وەک پەنابەرێکی سیاسی لێرە بژی، بەڵام حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار وەک کوردێک مامەڵەیان لەگەڵ نەکردوو پارزگاریان لێنەکرد.

 

"ئەو دۆخەی پەنابەرانی تێکەتووە لە ئەنجامی سیاسەتی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانییە کە دەست لەناو دەستی تورکیا دژی کورد پەنابەران وەستاونەتەوە، نەک بە هەولێر بەڵکو سیاسەتەکەیان درێژەپێداوە لەناو شارەکانی دیکە و سلێمانی و سیخوڕانیان بەردەوام لە هەوڵی تیرۆرکردنی پەنابەرە سیاسییەکاندان"، زولەیخا لە کۆتایدا داوا لە هەموو کوردێک دەکات یەکبگرن و بە ڕووی دوژمنان بووەستنەوە بۆ ئەوەی چیتر دوژمن ڕێگەی بۆ خۆشنەبێت و نەتوانێت خاکی کوردستان داگیر بکات و ڕۆڵەی کورد لەناو ببات.

 

"ژیانکردن بە ئازادی لەسەر خاکی کوردستان ئامانجی ئێمەیە"

بارش قەرە ئاغار، خەڵکی باکووری کوردستان و پەنابەری باشووری کوردستان، ڕوونیکردەوە دەوڵەتی تورکیا تا دێت هێرش و داگیرکارییەکانی بۆ سەر کوردستان و خاکی باشووری کوردستان بە هاوکاری پەدەکە زیاد دەکات، وە هەمیشە لە هێرشەکانیدا شکست دەهێنیت بۆیە سیاسەتی دیکە بەکاردەهێنێت و دەیەوێت لە ڕێگای تیرۆرکردنی پەنابەرە سیاسییەکان دەسەڵاتی خۆی بسەلمێنێت و کورد لەناو ببات، "شۆڕشی کوردستان و گەیلاکانی پەکەکە دەیسەلمێنن کە ئەو هەوڵدانانە بۆ لەناوبردنی کورد و خاکی کوردستان بێسود و تورکیا ناتوانێت گەلی کورد بخاتە بەر هەڕەشی خۆی".

 

"دەوڵەتی تورکیا بە چیاکانەوە نەوەستاوە و هێرشەکانی درێژکردووەتە ناو شارەکانی باشوور"

بارش قەرە ئاغار دەڵێت تورکیا بە چیاکانەوە نەوەستاوە، هێرشەکانی دەستپێکردووە بۆ ناو شارەکان و بە ئاشکرا کورد تیرۆر دەکات، هەرچەندە ئەو هەوڵانە لە هەندێک دۆخدا بۆیان بچێتە سەر، بەڵام نابێتە هۆی ئەوەی کوردێک سەر نەوی بکات لە بەرامبەر داگیرکەردا.

 

باسی لەوەشکرد، تێکۆشەران و ئازادیخوازانی کورد کاتێک لە چیاکان دەجەنگن دژی داگیرکەر هێز دەدەنە گەلی کورد، بەڵام بە داخەوە بۆ شاری سلێمانی لەگەڵ ئەوەی بە شاری ڕۆشنبیری ناسراوە تیایدا ڕێگە دەدرێت کوردێک لەناو شەقامێکی سەرەکی تیرۆر بکرێت، "پێویستە هەمووان بزانن یان کوردستان ئازاد دەکرێت و هەمووان تیایدا ئازادانە ژیان دەکەین یان دەبیت لە ڕێی کوردستان هەمووان شەهید بکەوین".