حکومەت گوێ ناداتە فشار و داواکاری فەمانبەر جێبەجێ ناکات

فەرمانبەران بێزاربوون لە پێنەدانی مووچەکانیان و ئاودیوکردنی داهاتی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، بۆیە بڕیاریان داوە بەرامبەر نەبوونی مووچەکانیان بایکۆتی دەوامەکانیان بکەن، بۆ ئەوەی حکومەت بە خۆیدا بچێتەوە و مافە سەرەتاییەکانیان پێبدات.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ماوەی سێ مانگە مووچەی فەرمانبەرانی شارەوانی نەدراوە، فەرمانبەران تادێت باری ژیانیان قورستر و قەرزەکانیان زیاتر دەبێت، بەهۆیەوە، فەرمانبەران و مامۆستایان نزیکەی هەفتەیەکە دەستیان بە گردبوونەوە و خۆپیشاندان کردووە و بۆ داواکردنی مافە سەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن، کە مووچەکانیانە، دەستیان بە مانگرتن کردووە.

 

"بۆ وەرگرتنی مووچەکانمان حکومەت دەستی دەستیمان پێدەکات"

ناسک هەمزە، فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی و وەک یەکێک لە خۆپیشاندەران، ڕوونیکردەوە کە حکومەت دەستی دەستیان پێدەکات بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، چونکە مووچەی مانگی ئاداریان وەرنەگرتووە ئەوە مانگی ئایار بەرەو تەواو بوون دەچێت.

 

دەشڵێت: "بە جۆرێک دۆخی ژیانمان خراپ بووە پارەمان پێنییە بیدەین بە کرێی هاتوچۆکردنمان، بیدەین بە منداڵەکانمان بۆ هاتووچۆکردنی خوێندنگەکانیان، ژیانمان نەماوە ئاخۆ کەسێک سێ مانگ مووچەی پێنەدرێیت چۆن دەژی"، دەربارەی ئەو پاشەکەوتانەی مووچەخۆران کەلای حکومەتە وتی: "چەندێک چاوەڕێین مردووی سەر قەبران بگەڕێتەوە ئەوەندە چاوەڕێین پاشەکەوتەکانمان پێبدرێت، بۆیە حکومەت پێویستە بە خۆیدا بچێتەوە بە دەم داوای ئەو خەڵکەوە بێت، ئەم مووچانەش وەک ئەوانەی دیکە نەدزن".

 

"داواکاری ئێمە مافکانمانە"

تافان سدیق، فەرمانبەری شارەوانی، دەربارەی پێنەدانی مووچەکانیان بۆ نوژنها دووا و وتی: ماوەی ٣٠ ساڵ خزمەتم هەیە، پێم خۆش نییە بۆ مووچەکەم خۆپیشاندان بکەم و بچمە بەردەم بانکەکان بەڵام حکومەت ئەم خەڵکە ناچار بە هەموو شتێک دەکات.

 

هەروەها دەشڵیت: حکومەت و دەسەڵات پێویستە مێژوویەک بۆخۆیان تۆمار بکەن کە پڕی نەبێت لە گەندەڵی، بە پێچەوانەوە مێژوویەکی پاک بێت، ئەگەر بە قەدەر ئەوەی پارە بۆ منداڵەکانیان دەدزن مێژوویەک دروستبکەن ئێستا دۆخی خەڵک بەو شێوەیە نەدەبوو، دەبوو حکومەت کارێکی بکردایە ببوویاتە جێگای شانازای نەک هەر لە خەمی پارەخواردن بێت، دڵنیام دەسەڵاتدارانی ئێمە خوێندنەوەیان نییە چونکە ئەگەر خوێندەوار و خوێنەر بن تێدەگەن ئەوانەی لەو پلە و پۆستانەدان دەبێت خزمەت بە خەڵکی بکەن دەبێت ئەو هەلە بقۆزنەوە کە دەسەڵاتدارن و خزمەتی خەڵکی پێبکەن نەک لە خەمی گیرفانی خۆیاندا بن"

 

"لە دابەشکردنی مووچەدا جیاوازی لە نێوان پارێزگاکاندا دەکرێت"

حەمیدە مەحمود، فەرمانبەری شارەوانی بەکرەجۆ، وەک یەکێک لە خۆپیشاندەران داوای لە دەسەڵاتداران و حکومەت کرد کە تێیان بگەینێت جیاوازی چییە لە نێوان پارێزگای سلێمانی هەولێر وا مووچەی سەرجەم دامودەزگاکانی هەولێر دەدات بەڵام هی سلێمانی نادات.

 

وتی: "ڕۆژانە بە ڕێک و پێکی دەوامەکانی خۆمان دەکەین ناکرێت، مافەکانمان بخورێت ناکرێت هەقی سەرەتایمان پێنەدرێت کە مووچەکانمانە"، ئاماژەی بەوەدا وەک فرمانبەران درک بەوە دەکەن کە بە مانگرتنیان دووبارە خەڵکی هەژار زەرەرمەند دەبێت، بەڵام ئەوانیش مەجبوورن بایکۆت بکەن بۆ ئەوەی فشار دروست بکەن و حکومەت مووچە بدات.