لەیلا قاسم، مێژوو بە خوێن شاهیدی خەبات و تێکۆشانییەتی

لەیلا قاسم یەکەم تێکۆشەرە کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لەسێدارەدراوە و ناوی لە مێژوودا ون نەبووە، بەڵام خوێندکاران و گەنجان ئاشنای لەیلا و ژنانی دیکەی تێکۆشەر نین، باسکردنی مێژووی ژنان لە پرۆگرامی خوێندنیشدا وەک پێویست نیە و کەموکورتە.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- لەیلا قاسم چالاکوانێکی سیاسیی کوردی فەیلی بوو، لە ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی شاری خانەقین لەدایکبووە، هەر لەتەمەنی منداڵییەوە هۆگری نیشتیمانەکەی بووە، لەیلا لە تەمەنێکی گەنجییەوە ئاشنای بزوتنەوەی سیاسی نەتەوەکەی دەبێت، ساڵی ١٩٧٠ لەنێو ڕیزەکانی "یەکێتیی قوتابیانی کوردستان" تێکۆشانی بۆ ڕزگاری نەتەوەکەی کردووە.

 

ساڵی ١٩٧١ لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە، وەک پێشەنگێک لەنێو قوتابییە کوردەکانی زانکۆی بەغدا ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبووە لە هۆشیارکردنەوە و بەڕێکخستن کردنیان.

 

لەو ساڵانەدا باوەڕی خەڵک بە جۆرێک بووە کە ژن ناتوانێت لە شار و شاخ خەبات بکات، بەڵام لەیلا قاسم توانی خۆی بسەلمێنێت و خەباتێکی بەرفراوانتری بەڕێوەبرد و دژ بە نایەکسانی مافەکانی ژنان و پیاوان وەستایەوە، چونکە لە ئازارەکانی ژن لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا تێگەیشتبوو.

 

لە ئاداری ١٩٧٤دا ڕژێمی بەعس دەستیکرد بە بۆردومانکردنی قەڵادزێ و ھەڵەبجە و گرتنی ڕۆشنبیران، قوتابیان و ئازادیخوازانی کورد، لەوکاتەدا لەیلا قاسم و جەواد ھەمەوەندی و نەریمان فوئاد و ھەندێک لە ھاوڕێکانی تریان پێیانوابوو خەباتکردن تەنیا لە شاخ بەس نییە، بەڵکو خەبات و تێکۆشان لە شارەکاندا پێویستییەکی زۆر گرنگی ئەو قۆناغەیە و گەڕانەوە بۆ ناو شارەکان تا درێژە بە خەبات بدەن.

 

لە ڕۆژی ٢٨ی نیسانی ١٩٧٤ لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی لە ئەنجامی ھەڵمەتێکی بەرفراوانی ھێزەکانی ئاسایش و سەربازی ڕێژیم لە بەغدا دەستگیرکران، ڕۆژنامەی الصورەی زمانحاڵی ڕژێمی بەعسی دەسەڵاتدار و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی نێوخۆیی عێراق، لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی وەک تێکدەر و تیرۆریست بەناوکرد، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئازار و ئەشکەنجەیەکیشیان بچووکترین کردەوەشیان لەسەر ئاشکرا نەبوو.

 

لەیلا لە وەڵامی پرسیارەکانی بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگری بەعسدا ڕایگەیاندبوو: "بە کوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی هۆشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم کە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستان دەکەم"، دواتر لەیلا لە بەندیخانەی ئەبو غرێب داوای لە دایکی کردووە مقەستێک و جلە کوردییەکەی بۆ بهێنێت، بەوەش کەمێک لە قژی خۆی دەبڕێ و دەیدات بە دایکی پێیدەڵێت "وەکو یادگاری لەلای خۆت هەڵیبگرە، چونکە چەند رۆژێکی دیکە دەگەمە کاروانی شەهیدان و بە جلی کوردییەوە دەبمە بووکی کوردستان".

 

لە کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٢ی ئایاری ١٩٧٤، لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێکەی لەسێدارەدران، تەرمی لەیلا لە گۆڕستانێکی نەجەف شاردرایەوە.

 

خوێندکاران وەک پێویست ئاگاداری مێژوو و خەباتی لەیلا قاسم و ژنانی دیکە نین

لە ساڵیادی لە سێدارەدانی شۆڕشگێڕ لەیلا قاسم لە یەکێک لە خوێندنگا ئامادەییەکانی شاری سلێمانی پرسیارمان لە خوێندکاران کرد تا چەند ئاگاداری مێژوو و ژیانی پڕ تێکۆشانی لەیلا قاسم و ژنانی دیکەن، بەم شێوەیە وەڵاممان درایەوە:

 

ساڤان عەزیز و ڕاز ڕێبەر خوێندکاری پۆلی ١٠ لە ئامادەیی شیرینی کچان، باسیان لەوەکرد کە ئەوان وەک پێویست زانیاریان نیە لەسەر خەبات و تێکۆشانی لەیلا قاسم و ژنانی دیکەی ناو مێژوو، ساڤان دەربارەی لەیلا قاسم وتی: "لە کوردستان ژنانی شۆڕشگێڕمان زۆر بووە کە کاریان بۆ کورد و بابەتەکانی ژنان کردووە، ئەوەندەی زانیاریم لەسەر لەیلا قاسم هەیە یەکێک بووە لە ژنە هەرە بەتواناکانی کوردستان، جوانترین شت کە سەرنجم دابێت ئەوە بووە کە لەیلا قاسم هەستێکی زۆر بەهێزی کوردایەتی هەبووە، کاتێک کە لە سێدارەدراوە بە جلی کوردییەوە شۆڕشگێرانە و ئازایانە چووەتە بەردەم پەتی سێدارە."

 

گەنجان هەوێنی گۆڕانکارین، بەڵام ئاگاداری مێژووی نەتەوەکەیان نین

ساڤان عەزیز لە قسەکانیدان باسی لەوەکرد کە گەنجان دەتوانن داهاتوو بگۆڕن، بۆیە دەبێت ئاگاداری بابەتەکانی مێژوو و ڕابردووی نەتەوەکەیان بن، "کۆمەڵە ژنێک هەبوون بە ئازایەتی و بوێرییەوە ئیشیان بۆ کوردستان کردووە، پێویستە ئێمە ئاشنایان بین و چاویان لێبکەین تا بتوانین شتانی گەورەتر و جیاواز تر بکەین."

 

هەروەها لە وەڵامی هەمان پرسیاردا ڕاز ڕێبەر وتی: "پێویستە گەنجانی وەکو ئێمە زانیاریان هەبێت لەسەر مێژووی ژنانی نەتەوەکەیان بۆئەوەی هانمان بدات ئەو کارانەی ئەوان بکەینەوە، بەڵام گەنجانی ئێستا زۆربەی کاتەکانیان سەرقاڵی سۆشیال میدیان و گرنگی بە مێژووی کورد و ژنان نادەن."

 

لە پرۆگرامی خوێندن و کتێب و سەرچاوەکاندا گرنگی بە ژنان نادرێت

لە دیدی ساڤاندا شتێکی باش نییە مێژووی ژنان پشتگوێبخرێت و هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ کلتوور و سیستم، "هەر لە کۆنەوە پیاوسالاری زاڵ بووە و وەک سیستمێک ماوەتەوە، بۆیە زیاتر گرنگی بە پیاوان دەدرێت و لە ژنان بە باشتر دادەنرێن، کە بێگومان ئەمەش ڕاست نییە و ژنانیش دەتوانن بۆ ئامانجەکانیان بجەنگن و کاری گەورە بکەن."

 

لەو بارەیەوە ڕاز وتی: لە مێژوو و ئەدەبی کوردیدا پێویستە گرنگی بە ژنان بدرێت، چونکە بۆ ئیمەی گەنجان پێویستە کە ئاشنایان ببین، چونکە ئەو ژنانە شوێن دەستیان لە کوردستاندا دیاربووە."

 

شادمان قادر، مامۆستای زمانی کوردی، باسی لە گرنگی بایەخدان بە مێژووی ژنان کرد بۆئەوەی ببێتە نمونەیەکی باش بۆ ژنانی گەنج لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، دەربارەی لەیلا قاسم وتی: "یەکێک بووە لە ژنە شۆڕشگێرەکان کە تا ئەمڕۆ ناوی لە مێژوودا ون نەبووە و باس لە قارەمانیەتی و ئازایەتیەکەی دەکرێت کە بەرامبەر بە پەتی سێدارە وەستاوە."

 

شادمان قادر ئاماژەی بەوەدا کە ژنانی دیار لە مێژوودا کەمن بەهۆی ئەو کلتوورە کۆمەڵایەتییانەی لەو ساڵانەدا زاڵ بووە و ژنانی پەیوەست کردووە بە ماڵەوە و تەنانەت ڕێگری لێکردوون کە بشخوێنن، بەڵام دەبوو ئەو ژمارەیە زۆر بە بایەخەوە باسبکرێت و ئاشنابکرێت بە نەوەکانی داهاتوو، بەڵام لە مێژوو و ئەدەبدا ئەوەندەی پیاوەکان دەخرێتە بەرچاو ژنەکان ناخرێت.

 

ئەو مامۆستایە دەشڵێت: لە پرۆگرامی خوێندندا لە چەند شوێنێکی کەموکورتدا باس لە ڕۆڵی ژن کراوە و ژمارەیەکی زۆر کەمی ژن گرنگی پێدراوە و باسکراوە وەک مەستورەی ئەردەڵانی، ڕەوشەن بەدرخان، دایە جوان کە ئەو باسکردنانەش هێشتا لە ئاستی پێویستدا نین و تەنها ناویان هێنراوە."

 

ڕۆڵی مامۆستایانە لە خوێندندا کە باسی مێژووی ژنان بکەن بۆ خوێندکاران و پێیان ئاشنا بکەن، شادمان قادر لەو ڕووەوە وتی:" ئێمە وەک مامۆستا ڕۆڵێکی گرنگمان هەیە و وەک خۆم لە هەموو بابەتەکاندا گرنگی بە مێژوو، پرسە نیشتیمانییەکان و ژنان دەدەم و زانیاری بە خوێندکارەکانم دەدەم."

 

لە کۆتایشدا ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەدا، "گرنگە ئێمە وەک ژنان گرنگی بە ڕۆڵی خۆمان بدەین و ژنانی نووسەر زیاتر کار لەسەر نووسینی مێژووی ژنان بکەن و هانی ژنان بدەن کە باس لە مێژووی خۆیان بکەن."