"کتێبخانەی گشتی وێرانە و پێداویستی بۆ دابین ناکرێت"

لە ٧٧ ساڵی خزمەتکردنی کتێبخانەی گشتیدا نەتوانراوە ببێتە ناوەندێک بۆ گرنگیپێدانی پرسەکانی ژنان و نووسەرانی ژن شوێنی خۆیانی تێدا ببیننەوە، هەرچەندە کتێبخانەی گشتی یەکێکە لە ناوەندە ڕۆشنبیریەکانی شاری سلێمانی و شوێنی بڵاوکردنەوەی زانست و هۆشیاری کۆمەڵایەتیە.

لە ٧٧ ساڵی خزمەتکردنی کتێبخانەی گشتیدا نەتوانراوە ببێتە ناوەندێک بۆ گرنگیپێدانی پرسەکانی ژنان و نووسەرانی ژن شوێنی خۆیانی تێدا ببیننەوە، هەرچەندە کتێبخانەی گشتی یەکێکە لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی شاری سلێمانی و شوێنی بڵاوکردنەوەی زانست و هۆشیاری کۆمەڵایەتییە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە چلەکانی سەدەی ڕابردوودا پیرەمێردی شاعیر و ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی "ژیان"دا ڕوو لە بەرپرسان دەڵێت: "سەعادەتی متصرف بۆ هەندێک کاروباری دیوانی خۆی چووە بۆ پایتەخت، وەک بیستوومانە بۆ ئەعماری مەملەکەتەکەمان مساعدەی زۆر کراوە، ئیشاڵڵا ئاساری شیرین و ڕەنگین دەبینین، ئاخ، خۆزگە کتێبخانەیەکی بە ئاساری خەیرییەی بۆ بەرهەم دەهێناین و غیرای ڕۆحمان ئەبوو".

 

هەروەها لە ڕۆژنامەی ژین‌دا لە بەرواری ١٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٤ هەر لەلایەن پیرەمێردەوە مزگێنی کردنەوەی کتێبخانەی گشتی سلێمانی ڕاگەیەندرا.

 

کتێبخانەی گشتی شاری سلێمانی، لە سەرەتاوە چەندین شوێنی جیاوازی گۆڕیوە تا دوا شوێنی ئێستا لە شەقامی سالمە، لە سەرەتادا سەر بە پەروەردە بووە، پاشان خراوەتە سەر کارگێڕی خۆجێیی ئەمینداری کتێبخانەیان هەبووە و سەر بە بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانە گشتییەکانی پارێزگا بوون، پاش ڕاپەڕین کتێبخانە گشتییەکان گواسترانەوە بۆ سەر وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێم و بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی بۆ کتێبخانەکان دامەزرا.

 

ساکار عەلی، جێگری بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی، دەربارەی گرنگپێدانی پرسی ژنان لەلایەن نووسەران و هەبوونی پەرتووکی تایبەت بە پرسەکان بۆ نوژنها دوا و وتی: بەو پێیەی کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگایەکی پیاوسالارە، بۆیە هەمیشە هەبوونی بابەت لەسەر پرسەکانی ژنان بووەتە هەواڵ و بابەتی ڕۆژی ناو میدیاکان، پیاوان لەسەر پرسەکانی ژنان نووسیویانه و باسیان لە دۆخی ژن کردووە، لە بەرامبەردا ژنان خۆشیان وردە وردە هاتوونەتە نێو مەیدانی نووسینەوە و لەسەر ماف و داواکارییەکانیان بابه‌تیان نووسیوە، بەڵام ژمارەیان کەمترە و زیاتر گرنگیان بە ڕۆمان و هۆنراوە داوە.

 

بۆچی پیاوان لەسەر پرسەکانی ژنان دەنووسن؟

لە کتێبخانەی گشتی گرنگی دراوە بەو کتێبانەی کە باس لە ژنانی تێکۆشەر و ڕەنجدەر دەکەن و باس لە مافی ژن دەکەن، بەڵام ئەوانەی لەسەریان نووسیون بە ڕێژەیەکی زۆر پیاون، ساکار عەلی هۆکاری نەنووسینی ژنان لەسەر بابەتە سیاسی و پرسی ژن و ئابووری گەڕاندەوە بۆ هەبوونی کۆمەڵگایەکی پیاوسالار و کاریگەریەی لەسەر خێزان کە ڕێگەی نەداوە ژنان ئازادانە بیروڕای خۆیان دەرببڕن، تەنانەت لە دەزگا حکومییەکانیشدا ژنان ڕۆڵی سەرەکیان نەگێڕاوە، لەم کۆتاییانەدا نەبێت کە ژنان چوونەتە پێگە سیاسییەکان ئەمەش بە ڕێژەیەکی کەمە ئەوەش دەیسەلمێنێت هێشتا مۆرکی پیاوسالاری لەنێو کۆمەڵگادا باڵادەستە.

 

ساكار عه‌لی له‌ به‌رده‌وامی قسه‌كانیدا وتی: "هەبوونی ئەو ئەقڵیەتە پێیوایە ژن نازانێت شیکردنەوە بۆ بابەتەکان بکات، پێیوایە ژن نەزانە و ناتوانێت لە دۆخە جیاوازەکان تێبگات بۆیە هەمیشە گوێ بۆ ژن نەگیراوە، لەکاتێکدا ئەگەر داوای مافی خودی خۆیشی بکات".

 

"نووسەرانی ژن زیاتر گرنگی بە نووسینی هۆنراوە و ڕۆمان دەدەن"

نووسەرە ژنەکان زیاتر لە ڕێگای گۆڤار، ڕۆژنامە و وتارەوە دەنووسن و قسە لەسەر ماف و پێشێلکارییەکانی مافی ژنان دەکەن، کەمتر هەوڵی نووسینی پەرتووک دەدەن، هەرچەندە نووسینەکانیان جوان و پڕ مانایە، بەڵام ترسیان هەیە لەوەی بیکەنە پەرتوکێک، ئەو جێگری بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتییە دەشڵێت تا ئێستا هەوڵی جدی نەدراوە بۆ ئەوەی ژنان لە نووسیندا بەرەوپێشبخرێن، جگە لەوەی ساڵانە لە کتێبخانەی گشتی دەورەیەک دەکرێتەوە بۆ نووسەرەکان بۆ کتێب خوێندنەوە و چۆنیەتی نووسین و دواجار لەلایەن لیژنەی نووسەرانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت، بەڵام ئەم چالاکیانە پێداویستییەکانی پڕ ناکەنەوە.

 

"پیاوان زیاتر لەسەر پرسەکانی ژن دەنووسن بەڵام خۆیانن کە درێژە بە توندوتیژییەکان دەدەن"

ئەوەی لەسەر ژن دەنووسێت پیاوە، ئەوەی دەیخوێنێتەوە پیاون، یاخود ئەو خوێندکارانەن بۆ توێژینەوەی زانکۆ بەکاریدەهێنن، لە درێژەی قسەکانیدا ساکار عەلی دەڵێت: هەرچەندە پیاوان لەسەر پرسەکانی ژن دەنووسن، بەڵام خۆیانن کە توندوتیژییان بەرامبەر دەکەن، هۆکاری ئەمەش ناهۆشیاری کۆمەڵگایە بەرامبەر بە مافەکانی ژن، چونکە کاتێک پیاوێک بە زەقی لەسەر مافی ژن دێتەدەنگ، دەبێتە جێگای ڕەخنە لەلایەن کۆمەڵگا و ڕەگەزی خۆیەوە".

 

ئەو هۆکارانە چین بوونەتە بەربەست لە بەردەم زیادبوونی خوێنەردا؟

کتێبخانەی گشتی لە ئێستادا خوێنەری خۆی لەدەستداوە، بەهۆی چەند هۆکارێکی وەک، سۆشیاڵ میدیا، ساکار دەڵێت "لە ساڵانی هەشتاکانەوە لەم کتێبخانەیەدا کار دەکەم، ڕێژەی خوێنەری کتێب لەو ساڵانەدا زۆر زیاتر بوو لە ئێستا"، هۆکاری دیکەش هەبوونی چەندین قەیرانە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی بە دەروونی مرۆڤەوە هەیە و لە خوێندنەوە دووریان دەخاتەوە.

 

جگە لەمانە نەشیاوی شوێنی کتێبخانەی گشتی و نەخوڵقاندنی کەشێکی وا لەناو کتێبخانەکەدا کە خوێنەر بتوانێت بە دەروونێکی باش کتێبی تێدا بخوێنێتەوە، ساکار عەلی دەڵێت "کەم و کورتی زۆر هەن لە کتێبخانەی گشتیدا هەر لە دیوار و سەقفەکەیەوە تا جەوی ناو کتێبخانەکە، کە لە زستاندا ساردە و لە هاویندا گەرمە و خوێنەر خۆی تێدا ناگرێت، ڕیژەی بەرز و نزمی پلەی گەرمیش دەبێتەوە هۆی لەناوچوونی کتێبەکان".

 

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەدا شارستانی هەر وڵاتێک سەرەتا بە کتێبخانەکەی دواتر بە مۆزەخانەکەیدا دەردەکەوێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان گرنگی بەم لایەنانە نادرێت و کتێبخانەی گشتی وێرانەیەکە بۆ خۆی.