" دەبێت یەکسانی لە واقیعدا ئەزموون بکەین"
زۆربەی تێگەیشتنمان لە دونیا دەنگی مرۆڤەکانە، زانستی ئێمە زانستی پیاوە، ئەگەر پێمان وایە دەسەڵاتی باڵا هەمیشە گێڕەرەوەی مێژوو بووە، ئەوا ژنان دەبێت یەکسانی و هاوسەنگی هێز سەرلەنوێ بۆ خۆیان و جیهان بگێڕنەوە.
ژوان کەرەمی
دیواندەرە- دەبێت پێداگری لەسەر گێڕانەوەی مێژووی ژنان بکەین بە پێی وتەکانی خۆیان، نەک تەنها خۆیان بەڵکو جیهان و هەروەها مێژووی جیهان و پەیوەندییەکان بگێڕێتەوە، زۆربەی ئەو شتانەی دەیخوێنینەوە و دەیبیستین و دەیزانین، یان بە واتایەکی تر زۆربەی ئەو شتانەی لەسەر دونیا دەیزانین، دەنگی مرۆڤە، زانستی ئێمە زانستی پیاوە، ئەگەر پێمان وایە دەسەڵاتی باڵا هەمیشە گێڕەرەوەی مێژوو بووە، ئەوا دەبێت ژنان یەکسانی و هاوسەنگی هێز سەرلەنوێ بۆ خۆیان و جیهان بگێڕنەوە.
پیاوان هەمیشە هەم بۆ خۆیان و هەم بۆ ژنان قسەیان کردووە، کاتی ئەوە هاتووە ژنان سەکۆ و مینبەر لە پیاوان وەربگرن و دەنگی خۆیان بن و بیگەیەنن بە جیهان، بێگومان ئەگەر ئێمە تەنها لە ڕوانگەی ڕۆشنبیر و بیرمەندی ژنەوە بە گێڕانەوەی جیهانی ژن ڕازی بین ئەوا نەگەیشتوینەتە ئامانجی خۆمان، تەنانەت لەو حاڵەتەشدا تەنیا گێڕانەوەی ژنمان دەستکەوتووە، لەم پڕۆژەیەدا مەبەستمانە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ژنان لە هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان قسە بکەین.
ئاگرین ناوێکی خوازراوە بۆ ژنێک بۆ بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ئاژانسی نوژنها، ئاگرین خەڵکی دیواندێرە و خاوەنی دیوانێکی شعرییە، لە تەمەنی هەرزەکارییەوە دەستی بە نووسین کردووە، خوێندنی ژمێریاری خوێندووە، ئێستا ژنی ماڵەوەیە و دایکی کچێکی شەش ساڵانە.
ئاگرین لە خێزانێکی نەریتی گەورە بووە کە پێگەیەکی ئابووری مامناوەندی هەبووە، یەکەمین دیداری پڕۆژەی "خۆگێڕانەوە خەباتە"مان لەگەڵ ناوی ئاگرین هەبووە.
ئەو کاتەت بیر یەت کاتێک تێگەیشتوویت لەگەڵ کوڕان جیاوازیت دەکەن؟ ئەم جیاوازییە لەو کاتەدا بۆ تۆ چەندە بەهای هەبوو؟ ئایا هەستت بە جیاکاری کرد؟
ئاگرین لە وەڵامدا وتی: " ئایا دەکرێت کچ بیت و زۆر زوو لەم جیاوازیانە تێنەگەیت و بەدڵ هەستیان پێ نەکەیت؟، بەو پێیەی لە خێزانێکدا گەورە بووم کە برام نییە و وەک منداڵی دووەمی خێزانەکەم هەمیشە ڕۆڵی کوڕم بۆ باوکم بینیووە و هەمیشە پێی دەگوتم تۆ کوڕی منیت، من کە لە هەمان تەمەنی منداڵیدا خوێندکاری باوکم بووم، هەستم دەکرد بۆ ئەوەی باش و باشتر بم، دەبێت کوڕ بم."
لە سەرەتای گەنجیدا، قۆناغی هەستکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی چەمکێکی وەک خۆشەویستی، لەم ماوەیەدا چ جیاکاری و سنووردارکردنێک بۆ ئێوە و کچانی دیکە جێبەجێ کراوە؟
لە تەمەنی هەرزەکاریدا هێشتا باوەڕم وابوو کە من کوڕی خێزانەکەم چونکە هەمیشە لە ماڵ و کشتوکاڵ و لە دەرەوە هاوکاری باوکم بووم، بەڵام وردە وردە گەورە بووم و هەنگاوم ناوە جیهانێک کە جیاوازی نێوان ژینگە و ناوەوەم تێدا دروست بووە نۆرمەکان نا ئارامییەکی ناوەکییان بۆ من دروست کرد، لەو ماوەیەدا تێگەشتم چەندە نایەکسان بووم لە شەڕێکدا لەگەڵ خۆمدا، شەڕێک کە لە لایەک هەستی کچ بوونم بردمی بۆ دیدێکی جوانی ژیان، و بە نەرمی دەستم لە قوماشی جلی ژنان دەدا لە کۆگاکان، و لە لایەکی ترەوە، ئەو هەستەی کە باوکم لە ساتەوەختی لەدایکبوونمەوە تا تەمەنی ١٥ ساڵی، ئەوە لە مندا چێندرا کە من وەک کوڕێکم، بەڵام هەستی غەریزەیی و ناوەوەی کچەکانم لە هەموو هەستێکی سەپێنراو بەهێزتر بوو و بۆیە چی دیکە توانیم خۆم بم، بەڵام بۆ کچ بوون، ناچار بووم باجێکی زۆر بدەم و زۆرێک لەو بەرژەوەندییانەی کە لە ناومدا بوون لەدەستم دا، چونکە کۆمەڵگە بە ڕوونی شەڕی نایەکسانی دەکرد دژی کچ بوونمان، هەرجاریکیش لە ژێر وشەی وەک شەرەفدا بە دیل دەیهێشتینەوە، خۆشەویستی تەنها چەمکێک نییە، خۆشەویستی خودی ژیانە، ئەو ژیانەی چونکە کچ بووین کە مافی هەناسەدانمان تێدا نەبوو، لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە دەستم بە نووسین کردووە و زۆردەمخوێندەوە.
من بە شێوازێکی جیاواز لە هاوتەمەنەکانم لەم چەمکانەی ژیان تێگەیشتم، بەڵام هەمیشە دەبوو هەزار هۆکارم هەبێت بۆ ئەوەی بچمە دەرەوەی ماڵ، لەبەرئەوەی حەزم لە شیعر بوو و تاکە پەناگەم بوو، دەچوومە کۆمەڵەی ئەدەبی شار و ناچار بووم بە درێژایی هەفتە بۆ خێزانەکەم ڕوونکردنەوە بدەم تا ڕۆژی پێنجشەممە کە دەچوومە کۆمەڵەکە.
لەو دۆخەی کە زۆرێک لە ژنانی کۆمەڵگەی ئێمە لە ژێر فشاردا هاوسەرگیری دەکەن، ئایا هاوسەرگیرییەکەت هەڵبژاردنی خۆت بوو؟ ئایا دەتوانرێت وەک هەڵبژاردنێکی ئازاد پێناسە بکرێت؟
لە دۆخێکدا هاوسەرگیریم کرد کە لە نێوان خراپ و خراپتردا نەبووم، دۆخەکە لەوە ئاڵۆزتر بوو وەک ئەوەی بە چاوی بەستراوەوە بە ڕێگایەکدا بڕۆم بەرەو ژیانێکی زۆرەملێ، لە بڕیاردانی هاوسەرگیریم هیچ ڕۆڵێکم نەوو کاتێک لە کۆمەڵگە بچووکەکەماندا مانای ژنم پێناسە کرد، دەبوو وشەی وەک سەرپەرشتیار یان ژن لە تەنیشتی دابنێم بۆ ئەوەی سەلامەت بێت.
سەربەخۆیی دارایی و ئابووری ژن تا چەند دەتوانێت کاریگەری لەسەر ژیانی تۆ و ژنانی تر هەبێت؟ بە واتایەکی تر، تا چ ڕادەیەک سنووردارکردن و ملکەچکردنی ژنان بە ئەنجامی وابەستەیی ئابووری دەزانن؟
لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا فێری سەربەخۆیی دارایی بووم، کاتێک لە قوتابخانە بووم، هەمیشە دوای خوێندن کارم دەکرد و تا دەچوومە زانکۆ، خۆم پارەی خوێندنم دەدا، بەڵام کاتێک هاوسەرگیریم کرد، ئیتر نەمتوانی بچمە سەر کارەکەم، چونکە جگە لەوەی هاوسەری کەسێک بووم، دەبوو دایکێکی باشیش بم، ئەو ڕۆڵانەی کە هەرگیز ڕێگەم پێنادەن سەربەخۆ بم، سەربەخۆیی دارایی ژنان پرسێکە کە زۆر دڵخۆشکەر نییە بۆ کۆمەڵگە پیاوسالارەکان، ئەو کۆمەڵگەیانەی کە پیاوان حەز دەکەن ژنان لە ڕووی داراییەوە پشتیان پێ ببەستێت، سەربەخۆیی دارایی ژنان پرسێکە کە هەمیشە پشتگوێ خراوە، تەواوی مێژووی پیاوسالاری پڕە لەو پیاوانەی کە هەمیشە ژنیان بە ژێردەستەی خۆیان زانیووە، کارەکانی ژنان بریتین لە مانەوە لە ماڵەوە، چێشت لێنان، پاککردنەوە و پەروەردەکردنی منداڵ؛ لە کاتێکدا پیاوەکان کاریان دەکرد، خانوویان دروست دەکرد یان دەچوونە ڕاو.
چەند جار ئەم هەڵاواردن و نایەکسانییە بەرامبەر بە ژنان لە ژیانتان پێکەوە دەبینن؟
من تەنها لە ژیانمدا جیاکاری لە دژی ژنان نابینم، بەڵکو هەموو چرکەیەک لەم ئازارە دەژیم، لە مافی جیابوونەوە کە لێمان سەندراوەتەوە تا دەگاتە ئەوەی کە "ژن بۆ ئارامی پیاو دروست بووە"! ، تەواوبوونی ئەم چەرخە پەیوەندیدارە بەوەی تا چەند ژنان هۆشیاردەبنەوە، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ٥ ژن لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژراون، تا کەی ئەم توندوتیژییە بەردەوام دەبێت؟ کاتێک دوای هەر کوشتنێکی پیاوێک هیچ سزایەک نەبێت، ئەوە پیاوان هێندەی تر بێشەرەفتر دەکات بۆ بەردەوامبوون لە کوشتنی ژنان، چونکە ژن بە موڵکی پیاو دادەنرێت و بەم شێوەیە خۆیان نیشان دەدەن کە پیاوانەترن.
چونکە لە فەرهەنگەکەیاندا ژن شەرەفە بۆ پیاو، ئێمە هەموو چرکەیەک یان بە نیگایەک یان بە چەکێک دەکوژرێین، ئایا کارکردن لە ماڵەوە تاکە ئەرکی ژنە، لەکاتێکدا شوێنێکی هاوبەشە بۆ ژیانی هەردووکیان؟ ئەم کێشەیە تەنانەت ژنانی کرێکاریش دەگرێتەوە، ئەگەر زۆرێک لە ژنان کار دەکەن و ئەوان زیاتر لە پیاوان کار دەکەن، بەڵام کۆمەڵگە هەمیشە چاوەڕێی ژنێکی باش بێت، دایکێکی میهرەبان بێت، ماڵێکی تەواو و کارمەندێکی ڕازی و ماندوو لە شوێنی کاردا! بۆ ناتوانین تەنها ژن بین؟ بۆچی هەندێک جار ناتوانین باش بین؟ ئایا ئەمە مافی ئێمە نییە؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بڵێین بەسە زوڵم و ستەم لە دژی ژنان؟
شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، وەرچەرخانێکی مێژووییە لە ڕووی بوونی ژنان لە مێژووی کوردستان و ئێران، تا چ ڕادەیەک دەنگی ئەم شۆڕشە بە دەنگی خۆت دەناسی؟ ئایا ئەم شۆڕشە نوێنەرایەتی خواستەکانی ئێوە دەکات؟
دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دروشمێک بوو کە جاران هەمیشە لەسەر زمانم بوو و لە هزرمدا بە زیندووی هێشتمەوە، بەڵام کاتێک بینیم پیاوان لەسەر شەقام ئەم دروشمەیان دەوتەوە، لە دڵی خۆمدا وتم ئەمجارە دونیا لەو شوێنە وەستاوە کە پێویستە، چەند جوان بوو، بەڕای من دەبوایە دەنگی ژنان لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی تردا ببیسترایە، دەبوو باسی ئەو دڕندەییانە بکرایە کە بەناوی ئیسلام و شەرەفەوە بەسەرماندا جێبدەجێدەکرێت، بەڵام ئەمجارە ئەم شۆڕشە بە هی خۆمان دەزانین، ژینا هێمای ئازادییە.
ئه و خوێنەی له لایه ن ژن و پیاوه کانی وڵاتەکەم لەو ماوەیەدا ڕژا له جێگه ی شیاو له مێژوودا و له ڕێگای بەرخۆدان و بەرگری له بەرامبەر زاڵمدا بوو، ئێستاش دەنگمان له جاران بەرزتره، ئاماری کوشتنی ژن و کوشتن لە ژێر ناوی شەرەف و جیاکاریی ڕەگەزی وەک هەمیشە لە ئاستێکی بەرزدایە، تێگەیشتنمان بۆ ژن دەگەڕێتەوە بۆ بوونی مرۆڤایەتی، خۆزگە دەمانتوانی هەموو شتێک ئاوەدان بکەینەوە و کۆمەڵگایەکی بێ ڕەگەز بنیات بنێین، کۆمەڵگایەک کە هاوڵاتی تێدا بێت بە ناوی مرۆڤ.
ئەگەر ئەم شۆڕشە گۆڕانکاریی سیاسیی بنەڕەتیی بەدواوە بێت، چاوەڕوان دەکەیت چ گۆڕانکارییەک لە ژیانی ژناندا ڕووبدات لە ڕووی ماف و یەکسانی و ئازادییەکانی تاک و بەشداری سیاسی و ئابووری؟
من پێم وایە ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەلایەن خەڵکەوە دەستپێشخەری دەکرێن، هەمیشە لە هەر حاڵەتێکدا باشن، بەڵام پێویستە بزانین باسی چ گۆڕانکارییەک دەکەین؟، ئەگەر ئێمەی ژنان لەم شۆڕشەدا سەرکەوین و ڕژێمی ئێران بڕوخێنین و دەوریەی ڕێنمایی و پۆلیسی ئەخلاقی هەڵوەشێنرایەوە، ئایا دەتوانین لە دژی دەورییە شەرەفەکانی بنەماڵەکانمان شۆڕشیش بکەین؟
چاندنی بیرێک و کولتوورێکی دروست بۆ ناو کۆمەڵگە ڕاستە بە سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە و گۆڕانکارییە سیاسییەکان ڕەنگە بەشێک لە کێشەکان نەمێنن، بەڵام ئێمەی ژنانی کورد زیاتر قوربانین و لە ڕاستیدا ڕووبەڕووی چەوساندنەوە دەبینەوە، ئێمە چەوساندنەوەی و ڕەگەزی و چینایەتیمان ئەزموون کردووە، دەبێت لە منداڵییەوە فێربین کە ژن بوونێکە لە دەرەوەی یەک ڕەگەز، پێی دەوترێت مرۆڤ.