"ڕاپەڕینی ژنانی بەلوچ، ترسی لای ڕژێمی ئیسلامی ئێران دروستکرد"
فەریبە بەلوچ، چالاکوانی مافی ژنان، ئاماژەی بەوەدا کە تاوان هەرچییەک بێت، دەبێت دژی سزای سێدارە بوەستینەوە، باس لە سەرکوتکردنی بەلوچستانیش دەکات.
شەهلا محەمەدی
ناوەندی هەواڵ- ژنکوژی و بڵاوبوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، نایەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، گەندەڵی لە نێو چینی دەسەڵاتدار و سنووردارکردنی سیاسی هۆکاری هەڵگیرسانی ڕاپەڕین بوون لە وڵاتی ئێران، گەلی بەلوچیش بەشداری شۆڕش بوون، چونکە بە درێژایی ٤٠ ساڵ دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک لە هەموو مافە سەرەتاییەکانیان دابڕابوون، لە بێدەنگیی جیهانیشدا درێژە بە لە سێدارەدان و کۆمەڵکوژییان درا.
فەریبە بەلوچ، چالاکوان بۆ مافەکانی ژنان، باسی لە سیاسەتی ئێران کرد بەرامبەر سیستان و بەلوچستان و وتی: هۆکارێک کە دەکرێت بۆ هەموو ڕەفتارە توندوتیژەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەلوچستاندا بگوترێ، ئەو ڕوانگە سیاسی و ئایدۆلۆژیایەیە کە کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە خەڵکی بەلوچستان هەیبووە، لەسێدارەدانی خەڵک بە تۆمەتی وەک مادەی هۆشبەر بیانوویەکە بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی بەلوچستان، لە ڕاستیدا بەهۆی ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە منداڵە گیراوەکان، یاسای سەربازی و حوکمی لەسێدارەدان بۆ ئەو دوو گەنجە دەردەکات کە لەم هەفتەیەی ڕابردوودا لە سێدارە دراون، ئایا خەڵکی ئێران ئەو حوکم و تۆمەتانە قبوڵ دەکەن کە کۆماری ئیسلامی لە دژی ئەو گەنجانە داویانە؟ بەدڵنیاییەوە نا. گەنجێک کە ناڕەزایەتی دەرببڕێت لەسەر مافەکەی و بەبێ دەستگەیشتن بە پارێزەر و بەبێ ئەوەی مافی ناڕەزایی دەرببڕێت و تەنانەت بەبێ ئاگادارکردنەوەی خێزانەکەی بچێتە زیندان، کەمتر لە دوو هەفتە لەسێدارە دەدرێت، بەدڵنیاییەوە باوەڕپێکراو نییە، خۆپیشاندانەکان لەسێدارەدانی خەڵکی بەلوچستان خێراتر کردووە و هەموو لەسێدارەدانێک بە تاوانی ماددە هۆشبەرەکان تۆمەتبار دەکرێت.
هەروەها جەخت دەکاتەوە: زۆربەی خەڵکی ئێران لەم بابەتە ئاگادارن. مافیای ماددە هۆشبەرەکان، مافیای سووتەمەنی، ئەو گەنجانەی بە بیانووی سووتەمەنی دەکوژرێن، بۆ نموونە کەسێک لە هەژارییەکی زۆردا بە ١٠٠ هەزار تۆمان سووتەمەنی دەکڕێت. لە ڕاستیدا سوتەمەنی و مادەی هۆشبەری مافیاکان، حکومەت و سوپای پاسدارانن و لێرەدا ناچارن بە بیانوویەک بەلوچەکان سەرکوت بکەن، ڕژێم خەڵکی بەلوچستان بە توندوتیژ و قاچاخچی و تیرۆریست و چەتە لە قەڵەمدەدا، بەم شێوەیە ئەقڵیەتی دژبەری خەڵکی بەلوچ دروستکرا.
" پێویستە ناڕەزایی دژی هەموو لەسێدارەدانەکان دەرببڕدرێت"
فەریبە بەلوچ بە ئاماژەدان بەوەی کە لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە زیاتر لە ٢٥ کەس لە سێدارە دراون، دەڵێت: هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانی مەجید ڕەزا ڕەهنەوارد و موحسین شیکاری، شاهیدی لەسێدارەدانی چەند بەلوچییەک بووین، بەڵام کاتێک باس لە جەلادەکان دەکرێت، خەڵک دەڵێن ئەمە یەکەم لەسێدارەدانی ناڕەزایەتی و ئەم دۆسیەیە بووە، بۆ خەڵکی بەلوچستان بە ئازارە. ڕاستە پێش خۆپیشاندانەکان بە بیانووی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران، بەڵام ئایا ئەم تۆمەتانە ڕاستەقینەیە؟ لەناو گەنجە لەسێدارەدراوەکاندا، یەکێکیان بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بەبێ پارێزەر و بەبێ ئاگادارکردنەوەی خێزانەکەی دەچێتە دارستان بۆ خۆڕزگارکردن، بەرەنگاری دەبێتەوە و ئەفسەرەکان بە چەقۆ ملی دەدەن و تەرمەکەی لەسێدارە دەدەن، چەند کەسێکی دیکەش تێیدا لەسێدارەدراون بە هەمان شێوە، لە ڕاستیدا لە بەلوچستان پارێزەر هیچ مانایەکی نییە و حکومەت ڕێگە بە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر نادات.
جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامی خەڵکی بەلوچستان سەرکوت دەکات؛ دەشڵێت: لە شەقامەکاندا بە هەینی خوێناویدا بەلوچەکان کۆمەڵکوژ کران ڕژێم پێیوانەبوو کە دوای ئەو کۆمەڵکوژییە خەڵکی هەموو ئێران کاردانەوەیان بەرامبەر بە جینۆسایدی بەلوچستان دەبێت، بەهۆی هەماهەنگی و یەکڕیزی لە ڕاپەڕیندا، و ناوی زاهیدان لە جیهاندا دەرکەوت و جینۆسایدی بەلوچ سەرنجی ڕاکێشا، ڕژێم بەناوی خۆپیشاندەر لەسێدارەدانی کەمکردووەتەوە، بەڵام بە بیانووی مادەی هۆشبەر و تۆمەتی دیکە، لە زیندانەکانەوە دەستی بە کوشتنی خەڵکی بەلوچ کردووە، پێویستە ناڕەزایەتی دەرببڕین بەرامبەر لەسێدارەدانی گەنجان.
"دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە لایەنەکان دەگرێتەوە"
فەریبە بەلوچ لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە ئایینی بوونی کۆمەڵگەی بەلوچستان کرد و وتی: ئەگەرچی پێش هاتنی کۆماری ئیسلامی گەلی بەلوچ هەمیشە گەلێکی ئایینی بوون، بەڵام ئایین هێندەی ئەم ٤٣ ساڵە بەهێز نەبووە، یەکێک لەو بابەتانەی کە لە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"دا هاتووەتە ئاراوە، ئەوەیە کە هەموو مرۆڤەکان بە هەر بیرکردنەوەیەک کە هەیانە، لەگەڵ هەموو نەتەوە و گروپە زمانەوانییەکان و گەل و بیرکردنەوەکان، پێویستە مافی ئازادە خۆبەیانکردنیان هەبێت.
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: کاتێک مەولەوی عەبدولحەمید لەم ڕاپەڕینەدا پەیوەندی بە گەلەوە کرد و کۆماری ئیسلامیی شەرمەزار کرد، باسی لە ئازادی ڕادەربڕین و بۆچوونەکان کرد، پاڵپشتی ژنانی دەکرد و تەنانەت پاڵپشتی کۆمەڵگەی بەهاییشی دەکرد، زۆر کەس ڕەخنەی لێدەگرت کە مەولوی عەبدولحەمید پشتگیری لە گروپی تاڵیبان کردووە، بۆیە ناتوانن قبوڵی بکەن، بەڵام ئەو ڕایگەیاند، پاڵپشتییەکەی بۆ تاڵیبان ئەوەبووە، وایزانیوە کە تاڵیبان گۆڕاوە، بەڵام ئەم هەڵوێستەی مەولەوی ناکرێت ٪١٠٠ قبوڵ بکرێت، چونکە ئەوان پیاوانی ئایینین و پشتیوانی ئایینن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش شتێک کە لەم قۆناغەدا زۆر گرنگ بوو، ئەوە بوو کە هەموو کەسێک لەگەڵ هەر بیرکردنەوەیەکدا بێت، بەشێک بوو لە ناڕەزایەتییەکان.
دەشڵێت: کاتێک پرسی ژن هاتە ئاراوە، دیسانەوە ڕەخنەی لە مەولەوی عەبدولحەمید گیرا کە باسی ژنانی نەکردووە، بەتایبەتی ژنانی بەلوچ، هەروەها گوتی ئەوان دژی ژنان نین، پێویستە ژنان ئازادی خوێندنیان هەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەم قسانە، ئەو چاوەڕوانییەی زیاد نەکرد کە ژن لە کۆمەڵگەیەکی ئازاددا لەسەر بنەمای دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بژی، لێرەدایە ڕۆڵی ژنانی بەلوچ دێتە ئاراوە و ئەمەش پێویستی بە هەوڵی خودی ژنانی بەلوچ هەیە، پێویستە هاوکات لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیە تێکۆشانەکانیان زیاتر بکەن، هەموو خەباتێک، هەموو گۆڕانکارییەک تێچووی هەیە و کاتێک بەدوای گۆڕانکاریدا دەگەڕێین، دەبێت ڕەنجی بۆ بدەین و تێكۆشان بکەین.