لە ئێران خوێندنگاکان کراونەتەوە و مەترسی بڵاوبوونەوەی پەتاش هەیە

لە ئێران خوێندنی ناو پۆل دەستیپێکردەوە، لە لایەکەوە خوێندکاران و مامۆستایان دڵخۆشن و لە لایەکی دیکەشەوە باس لە کەموکورتی بیناکان دەکەن و داوادەکەن چارەسەر بکرێن.

دیلام محه‌مه‌دی

 

مەهاباد- ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا زیانی گەورە بەر  وڵاتی ئێرانیش کەوت، لەدوای قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن، لەم ڕۆژانەدا دەرگای ناوەندەکانی خوێندن لەو وڵاتە کرایەوە بەڵام هیچ ڕێوشوێنێک نەگیراوەتەبەر بۆ پاراستنی مامۆستایان و منداڵان، هەروەها کێشە بیناسازییەکانیش چارەسەر نەکراون.

 

لەو بارەیەوە ئاژانسی نوژنها بۆچوونی مامۆستا و خوێندکارانی وەرگرت و لەبەر پاراستنی ژیانیان ناوی خوازراویان بۆ دانراوە.

 

سارا(ناوی خوازراو)، ئەندامی یەکێتی مامۆستایانە ئاماژەی بەوەکرد کردنەوەی دەرگای خوێندنگەکان لە کاتێکی گونجاودا نییە و وتی: "کردنەوەی خوێندنگاکان لە کاتێکی دروستدا نییە، مەترسی ئەوە هەیە بەهۆی کێشەی بیناسازی و ئەو پەتایەی لە وڵاتدا هەیە نەخۆشی بڵاوببێتەوە، ئەنجومەن بڕیاری نەهێشتنی کەموکورتییە تەندروستی و پەروەردەییەکانی نەداوە، لە ئێران ئاماری ئەو کەسانەی بە هۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە ئاشکرا نەکرا و ئەوەشی بڵاوکرایەوە ڕاست نییە، لەو کاتەی دەرگای خوێندنگاکانیش کراونەتەوە تا ئێستا ژمارەی توشبووەکان زیاد دەکات".

 

لە ژێر هەڕەشی دارایی و نەخۆشیدان

مریەم(ناوی خوازراو)، قوتابیەکی بەشی ئەدەبییە، باس لەوەدەکات لە مانگی نیسانەوە لە زانکۆ دەخوێنێت بەڵام باری دارایی باش نییە: "وانەکان بە ئۆنلاین دەخوێنین بەڵام تاقیکردنەوەکان لە هۆڵەکاندا دەبین، ئەمەش هیچ واتایەکی نییە، ژوورە ناوخۆییەکان خوێندکاری زۆری تێدایە و ئێمە لە ژوورە بچوکەکاندا جێمان نابێتەوە، نەک تەنها کێشەی پەتامان هەیە، بەڵکو نرخی هەموو شتێک زۆر زیادیکردووە، پەرتوکی کۆلێژەکانیش زۆر گرانە، بۆیە ئێمە لە ژێر فشارێکی زۆری داراییدا دەژین."

 

"دەرفەتی خوێندنم نییە بە ئۆنلاین"

سەحەر(ناوی خوازراو) خوێندکاری پۆلی ١٢یە، دەڵێت ماوەی سێ ساڵە ناتوانێت بچێتە قوتابخانە، "ئێمە بە ئۆنلاین وانەکانمان خوێند، لە تاقیکردنەوەکاندا نەهاتینەوە بۆ قوتابخانە، من نەخۆشی دڵم هەیە و دەترسم تووشی پەتا ببم، پۆل خوێندکاری زۆری تێدایە و جێی کەسێکی دیکەی تێدا نابێتەوە، دۆخی ئابوریشمان خراپە و دەرفەتمان نییە کە لەڕێی ئۆنلاینەوە بخوێنم".

 

کۆی گشتی مامۆستا و خوێندکاران داوادەکەن کە لەم دۆخەدا مافەکانیان پارێزراو بێت و بەهۆی کەمی هۆڵەکانی خوێندنەوە مەترسی تووشبوونیان بە پەتا هەیە بۆیە چارەسەرکردنی بیناسازی ناوەندەکانی خوێندن بە گرنگ دەزانن، بەپێی زانیارییەکان لە ئێران بۆ خوێندکارانی خوار ١٢ ساڵ دەرزی کۆرۆنا لێنادرێت، خوێندکارانیش دەیانوێت بێ پەروەردە نەبن و تەندروستیشیان پارێزراو بێت.