هەرچەند بۆردومانەکان زیاد بکات، بێدەسەڵاتی حکومەت دەسەلمێنێت
داگیرکاری و هێرشەکان بۆ سەر باشووری کوردستان تا دێت زیاد دەکات، لە بەرامبەردا دەسەڵاتی باشووری کوردستان نەک تەنها بێ هەڵوێستە، بەڵکو ڕێگە خۆشکەری داگیرکارانیشە، هاوڵاتیانیش داوای هەڵوێست و پاراستنی خاکەکەیان دەکەن.
شنیار بایز
سلێمانی- حکومەت و دەسەڵات لە بوونی هەر هێرش و داگیرکارییەکدا بێدەنگ و هەڵوێستە، ڕۆژانە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرش دەکاتەسەر ناوچە سنورییەکان، بۆردومانی ناوچەکان و گوندە جیاوازەکان دەکات، هاوڵاتی دەکاتە ئامانج و جگە لە ناوچە سنورییەکانیش دوژمن پەلی هاویشتووەتە ناوجەرگەی خاکی باشووری کوردستان، دەسەڵاتی باشووری کوردستانیش بەرامبەر هێرشی دەوڵەتی تورکیا و هێرشەکانی ئەم دواییانەی ڕژێمی ئێران بۆسەر ناوچەکانی زڕگوێز، باڵەکایەتی، برادۆست و کۆیە بێدەنگە.
ژنانی دانیشتووی شاری سلێمانی لەو بارەیەوە ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن و داوا دەکەن حکومەت و دەسەڵات لەسەر گەلی کورد بێتە دەنگ و خۆی بە خاوەنی بزانێت.
"دەسەڵاتدارانی خۆمان خۆیان بپارێزن میلەتیان بە خەیاڵدا نایەت"
گوڵبەند حەمەئەمین، دەربارەی هێرش و بۆردومانەکان و بێدەنگی حکومەت باسی لەوەکرد، هێرش و بۆردومانەکان زیانی بۆ هاوڵاتیان زۆرە و حکومەت لێی بێدەنگە، وتیشی بۆ خۆیان و بنەماڵە و کەسوکاریان پێوە نابێت، بەڵکو منداڵی هەژاری پێوەدەبێت، لە بەرامبەردا هیچ قەرەبوویەکیشیان بۆناکرێتەوە".
لای هەموو هاوڵاتیان و دەسەڵاتیش ڕوونە ئێران و تورکیا لە پێناو لەناوبردنی گەلی کورد هێرش و بۆردومانەکانی ئەنجام دەدات، بەڵام دەسەڵاتداران سنوورەکانیان ڕادەستی دوژمن کردووە و کەتوونەتە ژێر دەسەڵاتی ئەوان و ئەوەی زەرەرمەند دەبێت هاوڵاتیانە.
"حکومەتی عێراقیش بێ هەڵوێستە"
گوڵبەند حەمە ئەمین، ئاماژەی بەوەدا هاوڵاتیان لە گوندەکانی ناوچە سنورییەکاندا بە ژیان و کشتوکاڵی خۆیانەوە سەرقاڵن، بەڵام داگیرکەران دێن و لەڕێی بۆردومانەکانیانەوە لەناوی دەبەن، وتی: هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیان خاوەنی هیچ حکومەتێک نین، لە حکومڕانی دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراق سەروەری عێراق لە بەرامبەر دوژمنان بە تەواوی پارێزراو بوو، بەڵام ئێستا حکومەتی عێراقیش بێ هەڵوێستە".
لە درێژەی قسەکانیدا خستیەڕوو، حزب و دەسەڵاتدارەکانی باشووری کوردستان بە درێژای دەسەڵاتەکەیان بیر لە گیرفان و سەروەت و سامانی خۆیان دەکەنەوە، تەنها بیر لە بڕینی پارە و موچەی خەڵک دەکەنەوە، نەک هەوڵی باشکردنی ژیانی هاوڵاتی بکەنەوە.
"جگە لە گەل دەسەڵاتدارانیش دەبێت هەڵوێستیان هەبێت"
سەبریە ئەحمەد، وەک هاوڵاتیەک ئاماژەی بەوەدا، لە هێرش و بۆردومانەکاندا تەنها هەژار پێوە دەبێت، گەل زەرەرمەند دەبێت نەک دەسەڵاتداران، ئەم هێرش و بۆردومانانە تەنها بە هەڵوێستی گەلی کورد لە باشووری کوردستان کۆتای نایەت، بەڵکو دەبێت کوردان بە یەکگرتووی و دەسەڵاتیش لەگەڵیان لە هەر ناوچەیەکی کوردستان بن، هەڵوێستیان هەبێت، بۆی چیتر کورد و گەلی کورد چەوساوە نەبێت.
باسی لەوەشکرد دایکی شەهیدە و لە هەستی دایکانی جەرگ سوتاو تێدەگات، بۆیە هیواخوازە دەسەڵات لێی بێتە دەنگ، وتیشی: ئەگەر حکومەت و دەسەڵاتداران نەیەنە دەنگ ئەی کێ خۆی دەکات بە خاوەنی ئەم گەلە، پێویستە ڕێگری لە بۆردومانەکان بکەن و چیتر بێ هەڵوێست نەبن.