گوندی جارودییە نموونەیەکە لە ژیانی هەرەوەزی

لە گوندی جارودییە سەر بە دێرک کە نموونەی ژیانی هەرەوەزییە، دانیشتووان خەریکی پتەوکردنی بناغەکانی نەتەوەی دیموکراتیکن، ژنانی دانیشتووی گوندەکە دەڵێن: لەڕێگەی کۆمینەکان و کارە هەرەوەزییەکانەوە هاودەنگی پێکدەهێنن و ئەم سیستمە وەڵامی هێرشەکانە.

بێریڤان ئیناتچی

 

دێرک-بناغەی نەتەوەی دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە کۆمینەکانی گەڕەک و گوندەکان و هەرەوەزی گوندەکان بەهێزتر دەکرێت، یەکێک لەو گوندانەی کە سیستمی کۆمینەکان بووەتە شتێکی ژیانی و چالاکانە کاردەکات، گوندی جارودییە ​​کە سەر بە دێرکە، لە گوندەکەدا، بە پێشەنگایەتی ژنان، کێشەکانی گوندەکە بە هەرەوەزی چارەسەر دەکرێن، بەو هاوکارییەی کە گوندنشینەکان دامەزراندوویانە، ئابووری کۆمەڵایەتی خۆیان پەرەپێدەدەن.

 

گوندی جارودییە یەکێکە لە نموونەکانی سیستمی هەرەوەزی، لە ٤٧ خێزان لە ٧ هۆزی جیاواز پێکهاتووە، لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢، کۆمەڵگەیەکی گوندنشین بە ناوی کۆمەڵگەی شەهید کانی دامەزرا، بە تێپەڕبوونی کات، چالاکییە ئابووری، کولتووری، تەندروستییەکان، تەنانەت دەستەی ئاشتی و... لە ژێر چەتری کۆمیندا ئەنجام دەدرا، هەروەها لەگەڵ چالاکییە ئابوورییەکانی کۆمەڵگەی شەهید کانی دەستیان بە چالاکییە هاوکارییەکان کردووە.

 

لە سەردانەکەماندا بۆ دێرک، چووینە گوندەکە بۆ بینینی ژیانی کۆمەڵایەتی و چالاکییە هاوکارییەکانی جارودی،  ژنانی گوندەکە کە بەشێکن لە هەرەوەزییەکە لەسەر ئەو زەوییە پێشوازییان لێکردین کە کشتوکاڵی تێدا دەکەن، تا نیوەشەو لەگەڵ ژنانی ناو زەوییە کشتوکاڵییەکان کاتمان بەسەر ببرد، دواتر چووینەوە گوند، نەریمان حسێن، هاوسەرۆکی کۆمینی شەهید کانی گوندی جارودییە ​​و یەکێک لە بەرپرسانی هەرەوەزی گوندەکە، باسی لە سیستمی کۆمین و ئەو هەرەوەزییە کرد کە لە گوندەکەدا دامەزراون.

 

کێشەکان بە کۆمین چارەسەر دەکرێن

 نەریمان حسێن دانانی سیستمی کۆمینی دروست و کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان خێزانەکانی نیشتەجێی گوندەکە بەم شێوەیە پێناسە کرد: دانیشتووانی ئەم گوندە هەمیشە یەکتریان خۆشویستووە، خێزانەکانی گوندەکە یەکتریان خۆشدەوێت و هاودەنگییەکی گەورە لە نێوانیاندا هەیە، هەرچەندە لە گوندەکەدا ٧ هۆز هەن، بەڵام خەڵک نازانن کە ٧ هۆزی جیاوازن، ڕۆحی فیداکاری لە گوندەکەدا هەیە، لە سەرەتای شۆڕشەوە نەمانهێشتووە کێشەیەک بچێتە لوتکە، ئەگەر کێشەیەکمان هەبێت کۆدەبینەوەو لیژنە پێکدەهێنین و چارەسەری دەکەین، کێشەی گوندەکە بێت، دۆخێکی جیاواز بێت، هەرچییەک بێت لە نێوانماندا چارەسەری دەکەین.

 

نەریمان حسێن باسی لەوەشکرد، لیژنە سەرەکییەکان لەژێر چەتری کۆمیندا دامەزراون و وتیشی: لیژنەی ئاشتی و لیژنەی دارایی و ئەکادیمیمان هەیە، ٥-٦ ساڵ لەمەوبەر لە گوندەکەدا پەروەردەیەک دەستیپێکرد، ٣٠ کەس فێری کاری تەندروستی بوون، من یەکێکم لەوانەی فێری فریاگوزاری سەرەتایی و دەرزی لێدان و سیرۆم بووم، هەروەها لە گوندەکەدا پەروەردەی هێزە سروشتییەکان درا، نزیکەی ٣٠ کەس کە ژنیشیان تێدابووە پێشەنگ بوون لە خۆپاراستندا، ژنان لێرەدا ڕۆڵی خۆیان بە باشی دەگێڕن، بەتایبەت لە گوندی جارودییە کاری ژنان لە پێشەنگدایە، واتە ژنان پێشەنگایەتی لە هەموو شتێکدا دەکەن.

 

یەکەم تاقیکردنەوەی هاوکاری لە گوندەکەدا

نەریمان حسێن ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دامەزراندنی بەشی ئابوری لەژێر چەتری کۆمینەکەدا، بڕیاریاندا هاوکارییەک بەچالاکی ئابوری دەستپێبکەن و وتی: دوای ئەوەی شۆڕش دەستیپێکرد و ئێمە کۆمینەکانمان دروستکرد، خەڵکی گوندەکە پێکەوە دانیشتن، وتمان کارێکی هێندە سەرنجڕاکێش دەکەین کە هەموو گوندنشینان سوودی لێ وەربگرن، لەو کاتەدا بە هاوکاری هەموو گوندنشینەکان باخچەیەکمان دروست کرد، لە سەرەتادا نەماممان چاند، واتە نەمامی میوە نەبوون، پاشان وتمان شتێکی سوودبەخشتر باشترە، وتمان با شتێک دروست بکەین کە منداڵ و خێزان بتوانن بیخۆن، هەروەها داری میوەمان لە تەنیشت ئەو باخچەیە چاند، ئێستا لە باخچەکەمان دارە میوەکانمان هەیە، بەرهەمەکەی بەسەر تەواوی گوندەکەدا دابەش دەکرێت، ٣٢  خێزان لە گوندەکەدا پێکەوە لەو باخچەیەدا دەچێنن، ئاگاداری دارەکان دەبن و دەیانپارێزن.

 

بە سەرکەوتنی هەرەوەزی متمانە زیاتر بوو

نەریمان حسێن تیشکی خستەسەر ئەو سەختییانەی کە لە سەرەتاوە لە دامەزراندنی هەرەوەزییدا تووشی بوون و وتی: تەنانەت پێش دامەزراندنی هەرەوەزی کەمی متمانە یان هەڵوێستێک هەبووە کە "ئایا سەرکەوتوو دەبێت یان نا"  هەرەوەزییەکە بە ٢٢ خێزان دەستی پێکردووە، بەڵام لەگەڵ فراوانبوونی کارەکە و ئەو متمانەیەی دروستبوو، ئێستا ژمارەیان گەیشتووەتە ٣٢ خێزان، کاتێک هەرەوەزییەکە سەرکەوتنی بەدەستهێنا، متمانەی زیاتری دروستکرد، کارەکان لە زیادبووندایە و بەشداریی هەرەوەزییش لە زیادبووندایە، زۆرێک لەو کێشانەی کە لە سەرەتاوە هەمانبوو چارەسەر کران، ئێستا کارەکانی هەرەوەزی باشتر تێگەیشتوون و وەک خۆی بەردەوامە.

 

ئاماژەی بەوەدا، بە فرۆشتنی ئەو بەرهەمە زیادەیەی کە لە دەستیان دەمێنێتەوە، پێداویستییەکانی هەرەوەزییەکە بەدی دێنن و وتی: ساڵی ڕابردوو پەتاتەمان لە باخچەکەمان چاند، پێداویستی ماڵەکەمان دابین کردو زیادەکەییمان لە قامیشلۆ فرۆشت، بەو پارەیەی کە بەدەستمان هێنا، چەندین پێداویستی هەرەوەزییەکەمان دابین دەکرد.

 

"گەشەپێدانی هەرەوەزی و کۆمینەکان وەڵامی هێرشەکانە"

 لە کۆتایی قسەکانیدا، نەریمان حسێن سەرنجی بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئەو گەمارۆیەی کە بۆ سەر ناوچەکە جێبەجێ دەکرێت، ڕاکێشاو وتی: دەمەوێت هەموو گوندێک پەرە بە کاری هەرەوەزی بدات و با خۆیان بەڕێوەببەن، پەرەپێدانی سیستمی کۆمین و چالاکییە هاوکارییەکان وەڵامی سەرەکی هێرش و ئاستەنگییەکانە، هەموو گوندێک دەتوانێت وەک گوندی جارودییە هەرەوەزی خۆی بونیاد بنێت و بەهێزی بکات، پێویستیان بە هەرچییەک بێت، دەتوانن پێکەوە دابنیشن، هەموو گوندێک دەتوانن پەرە بە کاری هەرەوەزی بدەن، دەمانەوێت هەر گوندێک بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت، خۆی بەڕێوەببات، کاری هەرەوەزی بەهێزتر بکات، هەرچەندە دەرگامان لێ دابخەن، ئەوە دەکەین و سەردەکەوین.

 

"بە هەرەوەزی و کۆمینەکان یەکگرتنمان بەهێزتر دەبێت"

نەجدا خەلیل، یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە و لە هەمان کاتدا هاوسەرۆکی لیژنەی ئاشتی کۆمینی شەهید کانی گوندی جارودییە، بۆچوونی خۆی سەبارەت بە ژیانی هەرەوەزی ەو گوندە دەربڕی وئاماژەی بەوەدا، بە هەرەوەزی و کۆمینەکان یەکگرتنیان بەهێزتر دەکەن و وتی: لە گوندەکەدا پێکەوە کارەکانمان ئەنجام دەدەین، خۆشەویستی و تەبایی گەورە لە نێوانماندا هەیە, کارەکانمان بە کۆمین چالاکە، من هاوسەرۆکی دەستەی ئاشتیم، لە گونددا کە دوو کەس لەیەکتر جیا دەبنەوە، کۆیان دەکەینەوە، لە هەلومەرجێکی وادا ئێمە وەک کۆمین کۆدەبینەوە و هاوکاری یەکتری دەکەین و کێشەکە چارەسەر دەکەین.

لە کۆتاییدا وتی ژن و پیاو لە چالاکییە هاوبەشەکانمان لە گوندەکەدا پێکەوە کاردەکەن، وەک ژنێک ئەوەی کە دەبێت بیکەم دەیکەم، هەر پێویستییەک لە گوندەکەدا سەرهەڵبدات، منیش بەشداریی تێدا دەکەم، بانگەوازی من بۆ ژنان ئەوەیە کە هەموومان یارمەتی یەکتر بدەین، دەمەوێت هەموو ژنان هۆشیار بن.