لە ئیدلب چالاکوانانی ژن لەژێر ناوی 'خۆکوشتن' دەکوژرێن

سەلوە عیباد، چالاکوان باسی لەوەکرد، کە پێویستە شێوازی یاسایی پێویست بۆ ژنانی کرێکار و چالاکوان هەبن و ژیانیان کە لەژێر هەڕەشەدایە بە یاسا بپارێزرێت.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- زۆرێک لە ژنە چالاکوانانی باکووری سووریا هەمیشە هەڕەشەیان لێدەکرێت، چەتەکانی حەیات تەحریر شام بۆ ئەوەی ژنان نەتوانن چالاکییە مەدەنییەکانیان ئەنجام بدەن و ناچاریان بکەن دەست لە کار و بەڕێوەبەرییەکانیان بکێشنەوە، ژنان دەستگیر دەکەن و دەیانکوژن، بەم کردەوانە هەوڵ دەدەن لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان دووریان بخەنەوە و مەیدان تەنیا بۆ پیاوان بهێڵنەوە.

 

هیبا حاجی عارف، چالاکوانی ژنانی سووری ٢٧ی شوباتی ئەمساڵ لە شارۆچکەی بەزاعە لە گوندەکانی باکووری حەلەب کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشقدایە، لە ماڵەکەی خۆیدا بە کوژراوی دۆزرایەوە.

 

هیبا حاجی عارف چالاکوانێکی ژنان و ئەندامی تۆڕی ژنانی سووریا بوو، هاوکات دایکی ٢ منداڵ بوو، هەروەها بەڕێوەبەری بەشی کچان بوو لە قوتابخانەی ختوە جەدیدە

 

"بەهۆی هەڕەشەی کوشتن وازی لە کارەکەی هێناوە"

ڕوان حەمدانی ٣٥ ساڵ، هاوڕێی هیبایە، باسی لەوەکرد، پێش مردنی هیبا هەڕەشەی کوشتنی لێ کراوە، ئەمەش وایکردووە دەست لەکار بکێشێتەوە و بڕیاریدا هەڕەشەکان بۆ میدیاکان ڕابگەیەنێت، بەڵام پێش ئەوەی بتوانێت ئەو کارە بکات کوژرا، وتیشی: هیبا لە ماڵەکەی خۆیدا بە هەڵواسراوی دۆزراوەتەوە، لە ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەریدا کە شاراوە بووە، باس لەوە کراوە کە پشتر خنکێنراوە و دواتر هەلواسراوە تا وەها دەربکەوێت خۆی کوشتووە، سەرەڕای ئەوەش لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕایانگەیاند کە دەست بە لێکۆڵینەوە لە خۆکوشتنەکە دەکەن.

 

"بانگەشەی خۆکوشتن ڕاست نییە"

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا باس لەوەکرا کە هیبا حاج عارف خۆی کوشتوە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە و تەنها هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکە، "هاوڕێکەم لە دۆخێکی ئاساییدا بوو، ڕێگەی تێناچێت کە خۆی کوشتبێت".

 

ڕێوان حەمدان ڕایگەیاند، کردەوەی کوشتن و تاڵانکردن لە زۆربەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی چەتەکانی حەیات تەحریر شام دووبارە دەبێتەوە، چونکە ئەو ناوچەیە لە دۆخێکی ئەمنی خراپدایە، ئەمەش کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکان دەبێت، بە تایبەتی ژنان.

 

"لە زینداندا بە شێوەیەکی خراپ ئەشکەنجەم درا، هەردوو قاچم شکا"

سندیس بەکوری تەمەن ٤٠ ساڵ چیرۆکی دەستگیرکردنی لەلایەن چەتەکانی حەیات تەحریر شامەوە گێڕایەوە و باسی لەوەکرد، کە گوشاری زۆری لەسەر بووە، چونکە لە ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنیدا کاری دەکرد، "هێرشێک کرایە سەر شوێنی ڕێکخراوەکە، من و هاوبەشەکەم بە گومانی سیخوڕبوون دەستگیرکراین، لە ساڵی ٢٠١٧دا خراپترین شێوەی ئەشکەنجەم کرا و هەردوو قاچم شکا.

 

هەروەها وتی، کە باری تەندروستی و دەروونی لە زیندان خراپتر بووە، کردەوە، دوای ئەوەی چەند ساڵێک لە زیندان بووە، لە کاتی بۆردوومانکردنی چەتەکانی حەیات تەحریر شام لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیاوە لەگەڵ چەند زیندانییەکی دیکە لە زیندانەکە هەڵاتووە و لەو کاتەوە لەگەڵ خێزانەکەی لە باکووری سووریا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگوازرێتەوە، ئاگاداریشی کردەوە کە چیتر ناتوانێت بگەڕێتەوە سەر کارەکەی وەک ڕۆژنامەنووس، چونکە دەترسێت بکرێنە ئامانج و بکوژرێت.

 

 

سەلوە عوبەیدی ٣٢ ساڵ، چالاکوانی مەدەنییە، ئەو مەترسییانەی ڕوونکردەوە کە چالاکوانانی ژن لە لایەن فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەهۆی چالاکییەکانیان بە ئامانجی گۆڕینی عەقڵیەتی کۆمەڵگە سەبارەت بە مافەکانی ژنان و بەرگریکردن لێیان.