دەوڵەتی تورک زەوی گوندنشینەکان دەسووتێنێت

دانیشتووانی گوندەکانی کانتۆنی مەنبج ئاماژەیان بەوەکرد، کێڵگەکانیان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەسوتێندرێت و زۆرجار کاتێک دەچنە سەر زەوییەکانیان ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە.

سیلڤیا ئیبراهیم

 

مەنبج- لەکاتێکدا خاوەن زەوییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چاوەڕێی گەنمەکانیانن زەرد ببێت و بیدوورنەوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ناوچەکانی نزیک سنوور تۆپباران دەکات و بەهۆیەوە بەروبوومی گەل دەسووتێت.

 

گوندنشینانی کانتۆنی مەنبجی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن هاوشێوەی ناوچەکانی دیکە بە گەنمەشامی و گەنم بەناوبانگن، کاتێک زەرد دەبن و کاتی دوورینەوە هات، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دەست دەکەن بە تۆپباران، بەمەش شوێنێکی مەترسیدارە بۆ ئەو خەڵکەی لە گوندەکانی نزیک ناوچەکانی ژێر داگیرکاری تورکیا دەژین.

 

لە ناوچە گوندنشینەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کانتۆنی مەنبج نزیکەی سێ هەزارو ٦٠٠ درەختی میوە و دوو هەزارو ٦٧٠ هێکتار زەوی باراناوی هەیە. بەپێی ئاماری ئەنجومەنی شارۆچکەی ئەلفارات، نزیکەی ٢٥٠ هێکتار گەنم لە گوندی ئیلان، ٢٠٠ هێکتار دار زەیتون، زیاتر لە ٣٥ هێکتار لە گوندی ئەلسەیادە، ٢٥ نەمامی میوە و ١٠ هێکتار زەوی زەیتونی چێنراو لە گوندی بۆخاز سووتێندران.

 

"بەهۆی هێرشەکانەوە ناتوانین بچینە ناو کێڵگەکانمانەوە"

سەبارەت بەو بابەتە، لە گوندی بۆخازەوە، کە سەر بە شارۆچکەی ئەریمایە، لە ڕۆژئاوای کانتۆنی مەنبج، هاوڵاتییەک بە ناوی عەبیر حەمۆ کە لە گوندە داگیرکراوەکانی بابدایە، وتی: ساڵانە بەهۆی تۆپبارانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە کێڵگە کشتوکاڵییەکانمان دەسووتێت، ڕووبەرێکی زۆری ئەو زەویانەی کە زەیتونی تێدایە سووتێندرا، لەبەر ئەوەی هێرش دەکرێتە سەرمان، ناتوانین بچینە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی خۆمان و سوودی لێ وەربگرین.

 

عەبیر حەمۆ ئاماژەی بەوەکرد، خۆی و خێزانەکەی چەندین جار کراونەتە ئامانج و وتی: وەرزی زەیتونی ڕابردوو، کاتێک چووینە سەر زەوییەکانمان، لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کراینە ئامانج و هاوژینەکەم بریندار بوو، لە مردن ڕزگارمان بوو.

 

"دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت لە خاکەکەمان دوور بخاتەوە، بەڵام خاکەکەمان بەجێناهێڵین"

 عەبیر حەمۆ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: وەک جووتیاران زۆر ڕووبەری زەویمان هەیە کە بە گەنمەشامی و گەنم و زەیتون چێندراون، لەم دواییانەدا ڕووبەرێکی زۆر زەوی و دارەکانی سەر بە گوندەکەمان سووتێندراون، تۆپبارانکردن ناوەستێت و زۆر دەترسین کە ئەو زەوییانەی ماومانن بیسووتێنن، بۆیە ئێمە شەوانە لە زەوییەکان دەمێنینەوە بۆ ئەوەی نەسووتێن، ماڵ و حاڵیشمان ڕۆژانە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانیەوە بۆردومان دەکرێن، بەهۆیەوە ناچارین ماڵەکانمان بەجێبهێڵین و بچینە گوندەکانی دەوروبەری، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت لە خاکەکەمان دوور بخاتەوە، بەڵام ئێمە خاکەکەمان بەجێناهێڵین.

 

"ئەو کەسانەی لەسەر زەویەکانیان کار دەکەن گیانیان لە مەترسیدایە"

کەفا ئەلعەلاوی، خەڵکی گوندی ئیلان کە سەر بە گوندەکانی شارۆچکەی ئەریمە، لەسەر هێڵی سنووری لەگەڵ ناوچە داگیرکراوەکان، وتی: بەهۆی تۆپبارانی تورکی داگیرکەرەوە زیانی زۆرمان پێدەگات، ئێستا کاتی چاندنە، ئەم تۆپبارانە کارەکەمان سەخت دەکات، ئاگرکەوتنەوە ڕوودەدات، لەم دواییانەدا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا زەوییە کشتوکاڵییەکانمانی کردووەتە ئامانج، ئەو کەسانەی لەسەر زەوییەکانیان کار دەکەن گیانیان لە مەترسیدایە، ١٢ ساڵە لە دۆخی شەڕدا دەژین، بوونی دەوڵەتی تورکیا لەسەر خاکەکەمان قبوڵ ناکەین، دەیەوێت کۆچ و داگیرکاری زۆرەملێ بکات و گۆڕانکاری دیمۆگرافی بکات.

 

"بەهۆی هێرشی داعشەوە ناچار بووین کۆچ بکەین، ئێستاش لەژێر هێرشی دەوڵەتی تورکیادا دەژین"

 جەمیلە عەبدولقادر، کە کۆچبەرێکی حەلەبە و لە گوندی ئیلان نیشتەجێیە، ئاماژەی بەوەکرد، ئەویش هاوشێوەی ژنانی دیکەی ناوچەکە قەیرانی سووریا کاریگەری لەسەری هەبووە، بووەتە کۆچبەرو لە گوندی ئیلان نیشتەجێیە وتی: لە ساڵانی داگیرکاریی داعش، هاوژینەکەم لە کانتۆنی مەنبج لەلایەن چەتەکانەوە ڕفێندرا و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەو بارەیەوە نییە، لە قەیرانی سووریادا ئازار و ناخۆشییەکی زۆرمان بینیووە، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر کۆچمان کردووە، تەنانەت ئەمڕۆش ڕووبەڕووی تۆپبارانی بەردەوامی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەبینەوە، جیهان بێدەنگە لەم پێشێلکاریانە.