"ژنانی گەنج لە بواری تەکنەلۆژیادا گۆڕانکاری و داهێنانی نوێ دەکەن"

 شارۆ سەرکەوت، خوێدکاری بەشی ئایتی پەیمانگای ناشناڵە، دەڵێت: بەردەوام بیرۆکەکانم دەکەم بە ئامانج، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بە کەسانی خاوەن پێدواستی تایبەت و شوێنە گشتیەکانی شارەکەم بکەم.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لە ناوەڕاستی سەدەی ٢٠ەم، بووە هۆی گەڕان بۆ ناو بۆشایی گەردوون، لێرەدا پێناسەی تەکنەلۆژیا بەم شێوەیە دەتوانرێت بکرێت، کە برتییە لە بەکارهێنانی زانست بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکان بە شێوەیەکی دووبارە بەرهەمهێنانەوە، لەم سەردەمەدا بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بەشێوەیەکی، بەرفراوان لە بواری پزیشکی، زانست، پێشەسازی و پەیوەندی گواستنەوەی ژیانی ڕۆژانەدا باو بووە، هەروەها زۆر پێشکەوتن لە تەکنەلۆژیادا بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا.

 

شارۆ سەرکەوت، لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٣یە، خوێندکاری کۆتا قۆناغی بەشی ئایتی پەیمانگای ناشناڵ بۆ تەکنەلۆژیایە، لە بارەی خولیای بۆ تەکنەلۆژیا و ئامانج لە دەستپێکی بەرهەمهێنانی چەند ئامێرێک وەک،  گۆچانی زیرەک بۆ نابینایان، سەتڵی خۆڵی زیرەک، شەقامی زیرەک بۆ ئاگادار کردەوەی ڕووداو و پێشهاتەکان و خانوویەکی زیرەک کە لە ڕوودانی ئاگر کەوتنەوە ئاگاداری بڵاودەکاتەوە، وتی: سەرەتا ئارەزووم بۆ بەشی ئایتی و تەکنەلۆژیا لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە بوو، لە ئێستادا زۆر گرنگی بە کارەکانم و بەرەو پێشبردنی بەرهەمەکانم دەدەم.

 

شارۆ سەرکەوت دوای تەواوکردنی دوانزەی ئامادەیی بۆ ماوەی یەک ساڵ لە ماڵەوە بووە، بۆ ئەوەی بە باشی خۆی ئامادە بکات بۆ ئەو ئامانجەی هەیەتی، بە کۆکردنەوەی هەندێک بیرۆکە دەستی پێکرد، دواتر لە بەشی ئایتی ناوی هاتووەتەوە و دەستیکرد بە خوێندن. وەک کچێکی گەنج توانیویەتی چەند پارچەی ئەلکترۆنی بەرهەرم بهێنێت، دەشڵێت: لە پەیمانگا مامۆستاکانم پاڵپشتیان کردووم، زۆر بە باشی وانەکانیان تێگەیاندووین و هەوڵیان لەگەڵدا داوین.

 

"پشتگیری نەکردنی بۆ داهێنانی نوێ ژنان ناوەستێنریت لە داهێنان"

شارۆ باسی لەوەکرد، هەر کەسێك بیەوێت تەکنەلۆژیا بەکاربهێنێت دەتوانیت لە ڕێگەی مۆبایلەکەی خۆیەوە چەند کۆدێک بۆ خۆی دروست بکات، لەبەر ئەوەی هەر بەرهەمێک ئێمە دروستی دەکەین لە رێگەی کۆدێکەوە دەتوانین جڵەوی پێبکەین، وتیشی: تا ئێستا هیچ کەسێک پشتگیری نەکردووم بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکانم، تەنها ماڵەوە لە ڕووی داراییەوە پاڵپشتیم دەکەن، لە کڕینی ماددەی خاو بۆ دروستکردنی بەرهەرمەکانم، لەسەر داهاتی خۆم بەردەستیان دەخەم، کە ئەمەش بۆ ئێمەی گەنجان زەحمەتە بە ئاسانی بتوانین ئەو ئامانجەی هەمانە بەرجەستەی بکەین و دروستی بکەین، چونکە بە پێی پێویست پەرە بە توانای گەنجان نادرێت.

 

شارۆ سەرکەوت، وەک داهێنەرێکی بواری تەکنەلۆژیا وتی: ژنان هەمیشە توانایان زیاتر بووە، بیرۆک و بەرهەمهێنانیان زیاتر هەبووە، نموونەی ژنی وەک من زۆرن، من ئامادەیم تیادایە کە ژنانی دیکەش لە بواری تەکنەلۆژیادا بەرەوپێش ببەم و ئەو بەهرەیەی خۆم پێشکەشی ژنانی تر بکەم، هانی ژنانی تر دەدەن کە وەک من لە بەرەوپێشبردنی تەکنەلۆژیادا ڕۆڵیان هەبێت، چونکە ئێمەی ژنان بەدەر نین لە پیاوان لە داهێنانی نوێدا، وەک وڵاتانی پێشکەوتوو ژنانی ئێمەش توانایان هەیە بەشداری بین لە داهێنانی سەردەمیدا، نمونەی ژنی کورد زۆرن، ژنمان فرۆکەوانە کە لەسەر ئاستی عێراق یەکەم ژنی کورد توانیویەتی بڕوانامەی فرۆکەوانی وەربگرێت و چەندین ژنی بە توانای ترمان هەی.

 

شارۆ سەرکەوت بەرهەمهێنانی ئامێرە زیرەکەکان و داڕشتنەوەی بیرۆکەکانی ڕوونکردەوە و وتی: ئەگەر کەسێک هونەری وێنەکێشانی هەبێت، دەتوانێت بە ئاسانی بیرۆکەی دا‌هێنانی نوێ دابڕژێتەوە و ئامێرێکی دەستکرد دروست بکات.

 

"پێویستە ژنانی گەنج زیاتر پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن"

خوێندکاری پەیمانگای ناشناڵ، شارۆ سەرکەوت، جەختی کردەوە کە، ئامانج لە دروستکردنی بەرهەمە ئەلکترۆنییەکان، پەرەپێدان و  خزمەتکردنە بە پێشکەوتنی وڵات، تا بتوانرێت خزمەتگوزارییەکان لە شوێنە گشتییەکان زیاد بکرێت وەک دانانی سەتڵی خۆڵی زیرەک، دروستکردنی شەقامی زیرەک بە شێوەیەک شۆفێر ئاگادار بکاتەوە لە ڕوودانی ڕووداو و چەندین داهێنانی دیکە، وتیشی: لە رێگەی دروستکردنی گۆچانی زیرەکەوە، کە لە داهاتوودا ژمارەیەکی زۆر لە گۆجانی زیرەک دروستدەکەم، یارمەتی هاتوچۆی نابینایان و ڕێگە نیشاندەرییان دەدەم، کە کار ئاسانی بۆ بەڕێکردنی کاروباری رۆژانەیان دەکات.

 

شارۆ سەرکەوت پەیامی بۆ ئەوەیە، کە سەرەڕای ئەو ئاستەنگ و ڕێگرییانەی دێتە پێشیان لە لایەنی دارایی و دەروونی، هەوڵێکی زۆر بدەن و پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن، بەردەوام بیرۆکەی نوێیان هەبێت، بۆ ئەوەی زیاتر داهێنان بکات، هەروەها داوای لە ژنان کرد کە ڕۆڵ و کاریگەری تەواویان هەبێت لە بەرەوپێشبردنی بواری تەکنەڵۆژیا و هانی ژنانی تر بدەن تواناکانی خۆیان بەرجەستە بکەن، چونکە ژنانی گەنج ئەو بەهرەیەی هەیانە، زۆر لەوە زیاترە کە دەیشارنەوە، وتیشی: دەمەوێت لە داهاتوودا بەشداری لە پێشەنگا نێودەوڵەتییە ئەلکترۆنییەکان بکەم و چەند بەرهەمێکی جیاواز دروست بەکەم، زیرەکی توانای ژنانی کورد نیشانی هەموو جیهانی بدەم.