"فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی ڕێگەی کۆتایی هێنانە بە تاوانکاریی دژی ژنان"

کوشتنی ژنان بووەتە یەکێک لە دیارترین تاوانەکانی کۆمەڵگە و یاساش ڕۆڵی خۆی لە بە سزادانی بکوژان جێبەجێ ناکات، چالاکوانێکیش دەڵێت: بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی و کوشتنی ژنان پێویستە کار لەسەر هزری کۆمەڵگە بکرێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- کوشتنی ژنان تا دێت لە زیادبووندایە و تەنها لە مانگی ئەیلوولدا، لە باشووری کوردستان ٥ ژن کوژراون یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون، هەروەها دوو حاڵەتی هەڕەشە بۆ سەر ژنان تۆمار کراوە، ئەم ژمارەیە ئەوانەن کە ئاشکرا دەکرێن و ئاژانسی نوژنها کۆی کردووەتەوە، بە دەیان ژنی دیکە لە ژێر هەڕەشە و مەترسی کوشتن بە ناوی "شەرەف"دان و بە نائاگایی پرسەکانیان دەمێنێتەوە، لەلایەکی دیکەوە، بکوژانی ژن سزا نادرێن و لەلایەن دەسەڵاتەوە داڵدە دەدرێن.

 

هەندێک لەو ژنانە بە چەک دەکوژرێن، بەشی زۆری ئەو چەکانەش مۆڵەتیان لەلایەن دەسەڵاتەوە پێدراوە.

 

"پێویستە کار لەسەر هزری کۆمەڵگە بکرێت"

گەشە دارا، چالاکوانی مەدەنی، دەربارەی کوشتنی ژنان و زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان، وتی: کوشتنی ژنان بووەتە کولتوور لە کۆمەڵگەی کوردیدا، پێویستە کار لەسەر هزری کۆمەڵگە بکرێت، کۆمەڵگە هۆشیار بکرێتەوە بەرامبەر بە ڕۆڵ و کاریگەری ژنان لە کۆمەڵگە و خێزاندا، هۆشیاربوونەوەی کۆمەڵگە هۆکارە بۆ ئەوەی تاکەکان تێبگەن گرنگی ژن لە چیدایە و خودی ژن چەند پیرۆزە، نەک بەم چاوەی ئێستا تەماشا بکرێت کە موڵکیەتی پێوە دیارە و وەک موڵکێک مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان نەبوونی هۆشیاری و پێنەزانینی گرنگی ژنە لە کۆمەڵگەدا، کە ژنە پەوەردە دەکات و کۆمەڵگە بەڕێوە دەبات، نەوەی داهاتوو پێدەگەینێت.

 

"نەبوونی یاسا و جێبەجێنەکردنیان بەسەر بکوژدا حاڵەتەکانی کوشتنی زیاد کردووە"

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی کوشتنی گەڕاندەوە بۆ جێبەجێنەکردنی یاسا لە تاوانێکی کوشتنی ژناندا، لە بەرامبەردا کەیسەکان بە ڕێککەوتنی عەشایەری چارەسەر دەکەن، لێرەشدا دووبارە مافی ژن پێشێل دەکرێت و بکوژ بەر سزاکەی ناکەوێت، دەرباز دەبێت لە سزا و داڵدە دەدرێت، وتیشی: "خۆ ئەگەر بکوژ بشگیرێت لە زیندانەکاندا بەر لێبووردنی گشتی دەکەوێت".

 

گەشە دارا لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە ڕۆڵی یاسا کرد، کە کاتێک یاسا و سزا بەسەر بکوژدا جێبەجێبکرێت هاوڵاتیان و پیاوان دەکشێنەوە لە ئەنجامدانی تاوانکاری و سڵ دەکەنەوە لەوەی دەسەڵاتێک هەیە ڕێگەیان پێنادان لە ئاست کوشتنی ژنێک ئاسایی ژیان بکەن، هەروەها ئاماژەی بەوەدا میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەو ئاڕاستەیە کار ناکەن کۆمەڵگە هۆشیار بکەنەوە بەڵکو ئامانجی سەرەکییان بوونی بابەتە و ڕاکێشانی بینەرە، گرنگی نادەن بە پرسی ژن تەنها وەک هەواڵێک مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

 

"فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی ڕێگەی کۆتاییهێنانە بە تاوانکاریی دژی ژنان"

لە کۆتایدا گەشە دارا باسی لەوەکرد، بوونی ئازادی بۆ تاک گرنگترین خاڵە، لە ئێستادا تەواوی ژنانی جیهان بە فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' تێکۆشان دەکەن لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادیدا، بۆیە ئەو فەلسەفەیە دەتوانێت کاریگەری زۆری هەبێت بەتایبەت لە ڕووی دەروونییەوە، تاکی ژن پەروەردە دەکات لەسەر بنەمای بەهێزی و بەدەستهێنانی ئازادی.

 

وتیشی: ئەو فەلسەفەیە تا ئێستا کاریگەری هەبووە لەسەر تێکۆشانەکانی ژن و بووەتە پاڵپشتییەک بۆیان، نەک تەنها ژنان پێویستە تەواوی کۆمەڵگە کار بەو فەلسەفەیە بکەن، چونکە بوونی ئازادی و گەیشتن بە بنەماکانی هۆکارە بۆ داهێنان و دوورکەوتنەوە لە تاوان و خراپەکاری، بە پێویستی دەزانێت فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" زیاتر گرنگی پێبدرێت و بانگەشەی بۆ بۆ بکرێت بۆ ئەوەی ژن بگات بە هەموو مافەکانی.