سیستمی پەروەردەی خێزان توندوتیژی زیاد کردووە

بەهۆی ئەو توندوتیژی و نایاساییەی هەن لە کۆمەڵگەدا، ڕەوشی ژنان تا دێت بەرەو خراپبوون دەڕوات، توندوتیژی و کوشتنی ژنانیش بووەتە بەشێک لە ژیانی هەر ژنێک لە باشوورت کوردستاندا.

شنیار بایز

 

سلێمانی- هەمووان پێیان وایە ئەو پێشکەوتنانەی لە جیهاندا هەن، بووەتە هۆکارێک بۆ هۆشیاربوونەوەی تاک و کۆمەڵگە و ڕەوشی ژنان بەرەو باش بوون دەڕوات، بەڵام بە پێجەوانەوە، ڕەوشی ژنان لە جیهاندا تا دێت بەرەو خراپتر بوون دەڕوات و توندوتیژییەکان دژ بە ژنان لە هەڵكشاندایە.

 

تا ئێستا ئەو ئەقڵیەتەی پێنج هەزار ساڵە لە کۆمەڵگەدا چەسپیوە، ژنانی لە کایەکانی کۆمەڵگەدا وەلاناوە و ڕەوشی ژنان بەرەو زەحمەتی دەچێت، لە ڕووی یاسایشەوە کارێک نەکراوە ژنان بتوانن دۆخیان بەرەو باشبوون بڕوات، بەڵکو جێبەجێکردنی یاساکانیش، کە تەنها دەقێکی نووسراون، لە خزمەتی ژناندا نین و تیایدا مافیان بێبەش کراوە.

 

"لەچاو پێشکەوتنی جیهان هێشتا ژنان ڕەوشیان خراپە"

نەسیبە حسێن، توێژەری کۆمەڵایەتی، باسی لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەکان کرد و بەتایبەت باسی باشووری کوردستانی کرد، کە پێشکەوتنەکان لە ڕووی تەکنەلۆژییەوەیە، بەڵام ژنان وەک ڕەگەزێکی کۆمەڵگە لە زۆر کار و بواردا پەک خراون، وتیشی: ڕەوشی ژنان لە ئاستێکی خراپ دایە، یەکێک لە هۆکارەکانیشی بۆ سیستمی پەروەردەی ناو خێزانەکان دەگەڕێتەوە، کە لە منداڵییەوە کچان بە شێوازێک پەروەردە ناکرێن داوای مافی خۆیان بکەن و تێکۆشان بکەن، زۆرکات ژن دەبینین دایکە و خاوەن پێگەیەکە، بەڵام بە هۆی کۆمەڵگە و بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، ناتوانێت سەربەستانە بیروڕای خۆی دەرببڕێت، یاخود ڕێگری لێدەکرێت لەوەی چۆن پێگەکەی بەکاربهێنێت و بەردەوام بەربەستی بۆ دروست دەکرێت.

 

"دەبێت کێشەی ژنان لە سروشتی کۆمەڵگەوە چارەسەر بکرێت"

نەسیبە حسێن ڕوونیکردەوە، ڕێکخراوەکانی ژنان کاریان کردووە، بەڵام کارەکانیان لەگەڵ سروشت و ڕاستینەی کۆمەڵگە ناگونجێت، ئەمەش وادەکات کێشەکانی ژنان چارەسەر ناکرێت و ڕەوشیان باش نابێت، هەروەها ئاماژەی بەوەدا زۆرینەی ڕێکخراوەکانی ژنان ئەندامەکانیان کەسانی پسپۆڕ نین لە بوارەکەدا.

 

وتیشی: کاتێک باسی کێشەی ژن دەکەین واتە باس لە کوچە و کۆڵانی شار و گوندەکان دەکەین، بۆیە ناکرێت تەنها لە شوێنە داخراوەکاندا کێشەی ژنان باس بکرێت و هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت، بە پێچەوانەوە دەبێت کێشەکانی ژنان لەناو خودی کۆمەڵگەوە هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت، هەروەها گرنگە هارکات کێشەیەکی ژنان لە کۆمەڵگەدا باسی لێوەدەکرێت، هەول نەدرێت گەورە بکرێت، بەڵکو ڕاستی بابەت و هۆکاری بوونی کێشەکە بڵاوبکرێتەوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بەلاڕێدا نەبرێت.

 

"جێبەجێکردنی یاسا وەک خۆی هۆکارێکە بۆ باشترکردنی ڕەوشی ژنان"

نەسیبە حسێن، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی گەڕاندەوە بۆ بوونی تێڕوانینی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ژنان، بە جۆرێک کاتێک ژنێک داهێنان دەکات کۆمەڵگە بەرز ناینرخێنێت، هەرچەندە لە ئێستادا زۆر ژن هەن کار دەکەن و پشتیان بە خۆیان بەستووە، بەڵام دواجار بەربەست و ڕێگر یەتە بەردەمیان و قسەیان لەسەر دەکرێت، هەروەها بە گرنگی دەزانێت ژنان خاوەن ئیرادە بن هەوڵ بدەن و هیچ بەربەستێک نەبێتە ڕێگر بۆ ئەوەی لە ئیرادەیان کەم بکاتەوە، شانازای بە ژن بوونی خۆیانەوە بکەن و هیچ کات لە ژن بوونی خۆیان سڵ نەکەنەوە و بەو ژن بوونیەوە داوای مافی خۆیان بکەن.

 

لە کۆتاییدا وتی: ژنان لە ئێستادا هەم ئەرکی ماڵەوەیان لەسەر شانە هەم ئەرکی دەرەوە، ئەمەش دووبارە وایکردووە مافەکانیان پێشێلبکرێت و ڕەوشیان بەرەو خراپتر بڕوات، چونکە هیچ لایەنێک یارمەتیدەریان نین و خۆیانن هاوسەنگی ژیانیان ڕاگرتووە، گرنگیشە ئەو یاسایانەی تایبەتن بە ژنان وەک خۆیان جێبەجێبکرێن، دەستی دەرەکی نەبێتە هۆکار لە جێبەجێکردنیاندا، هەروەها کەسانی بکوژ و توندوتیژکار دەستگیر بکرێن و سزا بدرێن، ڕێکخراو و دامودەزگا حکومیەکان کار بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکی یاسا وەک یاسا سەیر بکەن.