ژنان لە ڕێگەی ئەدەبەوە هەست و داهێنانی خۆیان نیشان دەدەن
شاما محەمەد، هۆنەر و مامۆستای زمانی کوردی، گرنگی ئەدەب و زمانی کوردی هەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوەکرد کە زمان هەبوون و ئەدەب مێژووی کۆمەڵگە دەردەخات.
ڤیان ئامەد
قامیشلۆ- زمان بوونی گەلانە و گەلی کورد هەزاران ساڵە بۆ ئەوەی بتوانن بوونی خۆیان زیندوو بکەنەوە خەبات و تێکۆشان دەکەن، بۆ پاشخستنی زمانی کوردی دەسەڵاتداران چەندین شەڕیان هەڵگیرساندووە، بەڵام گەلی کورد بە ناسینی زمان هەمیشە لە ژێر دەسەڵاتدا کولتوور و زمان و بوونی خۆی پاراستووە، لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان دەستکەوتی زۆر بەدەستهات، کە یەکێکیان زمانی کوردی بوو، ئێستاش لە هەموو خوێندنگەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەبینرێت، تەنانەت زانکۆکانیش دامەزراون، لەسەر خاکی پیرۆزی شۆڕش ژنان زۆر خەباتیان کردووە و توانیویانە ڕۆڵی گرنگ لە پەروەردەکردنی منداڵاندا ببینن و بە هەزاران مامۆستای زمانی کوردی هەن، یەکێک لەو مامۆستایانە شاما محەمەدی هۆنەرە، کە ڕۆڵێکی چالاکانەی بینیوە لە زیندووکردنەوەی ئەدەبی کوردی و فێرکردنی خوێندکارانی.
لە ڕێگەی هۆنراوەوە ژان و خۆشی کۆمەڵگە هاوبەش دەکات
شاما محەمەد باس لە هۆنراوە دەکات و دەڵێت کە لە ساڵی ٢٠١٣ فێری زمانی کوردی بووە و دەڵێت: "هونەر و هۆنراوە زمانێکی جیهانییە، چونکە لە منداڵییەوە حەزم لە خوێندنەوە و نووسینی هۆنراوە بووە، ساڵی ٢٠١٣ فێری زمانی کوردی بووم و بە فێربوونم دەستم کرد بە نووسینی هۆنراوەی کوردی، ئەو بابەتانەی کە من دەینوسم بریتین لە هۆنراوە دەربارەی وڵات و ژن و ئازادی، ئەوانەی دەیانەوێت هۆنراوە بنووسن دەبێت بەسەر زماندا زاڵ بن و خۆشەویستیان بۆ زمان و وڵات هەبێت، کاتێک خەڵک لە ڕێگەی هونەرەوە هەستی خۆیان دەردەبڕن، دەبنە هۆنەر، کاتێک مرۆڤ لە ڕێگەی زمانی دایکەوە هەستی خۆی دەردەبڕێت، هەستێکی بەهێز لەگەڵ خەڵکدا دروست دەبێت، چونکە زمان بەشێکە لە بوونی مرۆڤ کاتێک هۆنراوە دەنووسم پەیام بۆ ژنان و کۆمەڵگە دەنێرم و ئەو ئازارەی ڕووبەڕووی دەبینەوە هاوبەش دەکەم".
"گەلی کورد زمانی خۆی پاراستووە"
شاما محەمەد بارودۆخی پێشکەوتنەکانی زمانی کوردی هەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوەدا ئەدەبی کوردی لەگەڵ پێشکەوتنی زمانی کوردی پەرەیسەندووە و وتی: لە پەیمانگای ئامادەیی مامۆستایان مامۆستای زمانی کوردیم و پەروەردەی وێژەیی فێری مامۆستایان دەکەم، زمانی کوردی زمانێکی دەوڵەمەندە، بۆیە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە قەدەغەکراوە و ئەمەش کاریگەری لەسەر گەلی کورد هەبووە، ئەحمەدی خانی و مەلای جزیری و فەقێ تەیران ڕۆڵی سەرەکیان لە ئەدەبی کوردیدا بینی و سەرەڕای ئەوەش گەلی کورد توانیویەتی زمانی خۆی بپارێزێت و ئەمڕۆ گەیشتووینەتە ئەو ئاستە هەم قوتابخانە و هەم زانکۆمان هەیە.
شاما محەمەد تیشکی خستە سەر ژنە هۆنەرەکان و وتی: ژن دروستکەرن و هەستەکانیان بەهێزە، بۆیە کاتێک دەبنە هۆنەری داهێنەر و هەستە قووڵەکانیان پەرە پێدەدەن، گەلی کورد هەمیشە ستەمی لێکراوە، ژنانی کوردیش باجیان داوە لەو زەحمەتییەدا، بۆیە ژنانی هۆنەریش دەرکەوتوون بەڵام لەگەڵ شۆڕشدا ژنانی کورد توانیان لە ئەدەبیات و هۆنراوەی کوردیدا خۆیان پەرە پێبدەن و هەنگاوی ئەرێنی بگرنە بەر.
"کولتوور و هونەر و ئەدەبیات مێژووی کۆمەڵگە پیشان دەدات"
شاما محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە پێویستە ئاستی ڕۆشنبیری و هونەر و ئەدەبی لەناو کۆمەڵگەدا بەهێز بکەن و وتی: ئەو کوردانەی کە مێژوو و کولتووری خۆیان بە زمانی خۆیان نووسیوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەستگیرکراون و ڕێگرییان لە گەشەپێدانی زمانی کوردی کردووە، نووسەران و ئەدیبانی کورد توانیان ئێش و ئازاری گەلەکەیان بۆ مێژوو بنووسن، نەوەکانی ئێستا زۆر حەزیان لە خوێندنەوە یان نووسین نییە، پێویستە زیاتر تیشک بخەینە سەر قوتابخانەکان بۆ ئەوەی منداڵەکانمان فێربن و ئەدەبیاتەکانیان بخوێنن، هەموو کۆمەڵگەیەک بە کولتوور و هونەر و ئەدەبەکەی ناسراوە، بۆیە پێویستە لە ناو کۆمەڵگەکەماندا زیاتر پەرە بەوە بدەین.