ساڤۆ لە پێشبڕکێیەکدا توانی بڕوانامەی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت

ساڤۆ ڕێژەن، وەک تاکە گروپی بەشداربوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق و وەک تاکە ژنێک لە گروپەکەیدا، توانی لە وڵاتی میسڕ بڕوانامەی نێودەوڵەتی پێشبڕکێی تەکنەلۆژی بەدەستبهێنێت.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- ساڤۆ ڕێژەن، خوێندکاری قۆناغی دووەمی بەشی بازرگانی نیودەوڵەتییە لە زانکۆی هەڵەبجە، لە پێشبڕکێی تەکنەلۆژی دراوی ئەلکترۆنیدا، لە نێوان ٣٥ گروپی بەشداربوودا لە زانکۆی ئەمریکی لە قاهیرەی پایتەختی میسر توانی بڕوانامەی  نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت.

 

ساڤۆ ڕیژەن دوای ئاگاداربوونی لە پێشبڕکێیەکی تەکنەلۆژی لە زانکۆی ئەمریکی لە قاهیرەی پایتەختی میسڕ، لەگەڵ دوو هاوڕێی کوڕیدا لە زانکۆی هەڵەبجە بڕیار دەدەن بەشداری پێشبڕکێیەکە بن، گروپەکەی ساڤۆ کە لە سێ کەس پێکدێن، تاکە گروپ بوون لەسەر ناوی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشداریان کردووە، ساڤۆش، تاکە ژنی گەنجی گروپەکەی بووە.

 

بەپێی یاسای پێشبڕکێکە دەبێت هەر گروپێک لەو ٣٥ گروپە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا کێشەیەکی تەکنەلۆژی چارەسەر بکەن، گروپەکەی ساڤۆش توانییان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا کێشەی ئەلکترۆنی "پەی مۆب" چارەسەر بکەن و بڕوانامەی نێودەوڵەتیان پێببەخشرێت.

 

سەیری کێشەکانی ساڵانی ڕابردوومان کرد و سودمان لێوەرگرت

ئەم پێشبڕکێیە ماوەی سێ ساڵە لە وڵاتی میسر لەلایەن زانکۆی ئەمریکیەوە بەڕێوەدەبرێت، لە سەرانسەری زانکۆکانی جیهانەوە خوێندکاران بەشداری تێدا دەکەن، دوای بەشداریکردنی گروپەکەی ساڤۆ، دەستدەکەن بە چارەسەرکردنی کێشەکان، بۆ ئەوەش سوود لە کەیسەکانی ساڵی ڕابردوو وەردەگرن و لەو ڕێیەوە دەتوانن بە ماوەیەکی کەم ئەنجامێکی باش بەدەست بخەن.

 

پەی مۆب چییە؟

پەی مۆب بەرنامەیەکە بۆ مامەڵەکردن بە خزمەتگوزاری و پارەکان و کۆکردنەوەی داتا و زانیاری لەسەر هاوڵاتیانی میسر بەشێوەی ئەلکترۆنی، کێشەکەش باوەڕ نەهێنانی هاوڵاتی میسر بوو بە سیستمەکە، دەبوو گروپەکەی ساڤۆ ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن و باوەڕ بە هاوڵاتی میسری بهێنن بۆ بەشداری لە سیستمەکەدا.

 

گروپەکەی ساڤۆ ڕێژەن، توانییان ئەو کەیسە بە ماوەی ٢٤ کاتژمێر چارەسەر بکەن، لەلایەن لیژنەشەوە بە شێوەیەکی باش هەڵسەنگێندران، وەک ساڤۆ دەڵێت: توانیمان ببینە خاوەنی بڕوانامەیەکی نێودەوڵەتی"، خوازیاریشە ژنان بخوێننەوە و هەوڵی جیاواز ئەزمون بکەن، "ژیان بە ئەزموون کردن و سەرکێشیەوە جوانە، ئەگەر جارێک بکەوین بەدڵنیایەوە هەستانەوە بەهێز دەبێت".