ڕژیمی ئێران لە لوتکەی داڕمانی ئابووریدایە

لە هەر ساتێکدا تمەنی ئێرانی دەبێتە بێ بەهاترین و سەرباری ئەوەی کە دۆلار ڕێژەی ٣٩ هەزار تۆمانی تێپەڕاندووە.

هیماراد

 

سنە- هەر لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە، وەرگرتنی پارە لە ئامێری بانکییەوە قورس بووە و خەڵک ناچارن بە زۆرێک لە شەقامەکانی شاردا بڕۆن بۆ دەرهێنانی پارە.

 

هیچ پارەیەکی کاش لە بانکدا نەماوە و کاتێک کەسێک دەچێت پارە دەربهێنێت پێی دەڵێن پارەی کاش لەبەردەستدا نییە، لەم دۆخە ئاژاوەگێڕەدا خەڵک نیگەرانن لە پارەکانیان و بەشێکی زۆریان پارەکانیان لە بانک دەکێشنەوە بۆ کڕینی زێڕ یان دراو.

 

ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن داڕمانی ڕژێمی ئێران نزیکە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر گروپی هاکەری ئەنۆنیموس خەڵکیان ئاگادار کردۆتەوە کە پارەکانیان لەو بانکە دەربهێنن، چونکە بەم نزیکانە هێرش دەکەنە سەر بانکەکانی ئێران و بلۆککردنی ئەکاونتەکان دەکەن، دوای ئەوە خەڵکی زیاتر لە پێشوو خەبات دەکەن بۆ دەرهێنانی پارەکانیان، بەڵام بانکەکان پارەی کاشیان نییە.

 

بەهۆی ئەو بارودۆخەی ئێستاوە ژنان پاشەکەوتی خۆیان کێشاوەتەوە و کردوویانە بە دراو و ئاڵتون، ژنان بەم کارە نەک هەر سەرمایەکەیان لە بێ نرخبوون ڕزگار دەکەن، بەڵکو گورزێکی بەهێز لە ڕژێمی ئێران دەدەن.

 

تمەنی ئێرانی هەر سات و ساتێک بێ بەهاتر دەبێت و هەرچەندە دۆلار ٣٩ هەزار تۆمانی تێپەڕاندووە و گەورەترین نیشانەی ئەوەش داڕمانی ئابوورییە.