" کولتووری کوردی لە بەشێک لە دایەنگە و باخچەکان پشتگوێخراوە"

دایەنگە و باخچەی منداڵان شوێنێکە کە دایک و باوک منداڵەکانیان دەبەن بۆ ئەوە فێری پەروەردەیەکی دروست و کلتوری کوردی ببن، بەڕێوبەری دایەنگەیەکیش دەڵێت: "زۆربەی دایەنگەکان گرنگی بە چالاکییە کلتورییەکان نادەن."

شیرین ساڵح 

 

سلێمانی- منداڵ لە تەمەنێکی کەمدا فێری ئەو ڕەفتار و هەڵسوکەوتانە دەبێت کە چواردەوری ئەنجامی دەدەن، دایەنگە و باخچەی منداڵانیش لە ئێستادا بووە بە شوێنێک کە دایک و باوک منداڵەکانیان دەبەن تا فێری پەروەردەیەکی دروست و ئەو شتانە ببن کە پەیوەندی بە کولتووری کوردیەوە هەیە، هەروەها بووەتە یارمەتیدەرێک بۆ ئەو دایکانەی کە کار دەکەن، بەڵام لە هەندێک لە دایەنگەکاندا و زیاتر گرنگی بە کلتوری وڵاتانی بیانی دەدرێت لە جیاتی ئەوەی گرنگی بە کلتوری کوردی بدرێت.

 

"دایەنگە منداڵێکی خاوەن کەسایەتی بەهێز پێدەگەیەنێت"

هێرۆ بەهمەن، بەڕێوبەری دایەنگە ئاماژەی بەوەکرد، دایەنگە بناغەیەکە بۆ پەروەردەکردنی منداڵێکی تەندروست، ئەگەر دایەنگە بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت دەبێتە ئەو شوێنەی کە دەتوانێت منداڵێک پێبگەیەنێت کە لە دوا ڕۆژدا کەسایەتییەکی سەرکەوتووی هەبێت، پێشتر لە کۆمەڵگەدا وا دادەنرا دایەنگە تەنها بۆ ئەو منداڵانەیە دایک و باوکیان کار دەکەن، و زۆر جار کاتێک دایک و باوک منداڵەکەی دەباتە دایەنگە لە لایەن کۆمەڵگەوە پێی دەوترێت چۆن دڵت دێت منداڵەکەت دەبەیتە دایەنگە، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری دایەنگەکان منداڵەکان وەکو منداڵی خۆیان دەبینن.

 

"بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان زیان بە گەشەی منداڵ دەگەیەنێت"

هێرۆ بەهمەن ڕوونی کردەوە، لە دایەنگەدا منداڵانی تەمەن ١ مانگ تا ٤ ساڵ وەردەگیرێت، زۆربەی منداڵی ئێستا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ئامێرە ئەلکترۆنییەکانەوە وایان لێهاتووە ناتوانن قسە بکەن و شەرم دەکەن یان کەسایەتییەکی لاوازیان هەیە، بەڵام لە دایەنگەدا منداڵ لە تەمەنی ٦ مانگیەوە بەرنامەی کار و چالاکی و کلتوریان بۆ دادەنرێت و منداڵ فێری ئەو شتانە دەکرێت کە پێویستە لەو تەمەنەدا فێر ببن، بۆیە دایەنگە تەنها بۆ ئەو منداڵانە نییە دایک و باوکیان کاردەکەن، ئەو منداڵەی دایەنگە دەبینێت کەسایەتی و ڕۆشنبیرییەکی زیاتری هەیە لە چاو ئەو منداڵانەی نەڕۆشتوونەتە دایەنگە.

 

وتیشی" دایەنگە تەمەنی نووسین و خوێندنەوە نیە بۆیە لە ڕێی چالاکی و یاریەوە منداڵ فێر دەکەین، ئامادەیان دەکەین بۆ باخچەی منداڵان و لە وێدا لە ڕێی نووسین و خوێندنەوە بابەتەکانیان فێر دەکرێت و ئامادە دەکرێن بۆ قۆناغەکانی خوێندن، لە ساڵانی کۆرۆنادا بەهۆی داخستنی باخچە و دایەنگەکانەوە منداڵان لە قۆناغە سەرەتایەکانی خوێندندا ئاستیان باش نەبووە."

 

"منداڵ نابێت لە لایەن دایک و باوکەوە پشتگوێ بخرێت"

هێرۆ بەهمەن ئەوەشی خستەڕوو، زۆر جار منداڵ کێشەی دەربڕینی هەیە و پزیشک پێی دەڵێت کە نەخۆشییەکی هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ گرفتێکی نییە بەڵکو بەهۆی پشتگوێخستنی خێزانەوە منداڵ توشی ئەو دۆخە دەبێت، ئەگەر ئەو منداڵانە ببردرێنە دایەنگە لە ڕێگەی مامۆستای پەروەردەی تایبەتەوە دەتوانرێت چارەسەر بکرێن، هەموو منداڵێک پێویستی بەو بەرنامانە هەیە تا تەرکیزیان بەهێز بێت، منداڵ لە سەرەتای ڕۆشتنی بۆ دایەنگە تا هەفتەیەکیش ئەگەر گریا و حەزی لە دایەنگە نەبوو ئاساییە، بە تێپەڕبوونی کات بەهۆی ئەو گرنگی پێدانەی کە پێیان دەدرێت دایەنگەیان لا خۆشەویست دەبێت.

 

"ئەنجامدانی چالاکی بیانی کاریگەری نەرێنی دەبێت"

هێرۆ بەهمەن باسی لەوەشکرد، ئێمە زیاتر لە دایەنگەدا بابەتەکەنمان تەرکیزیە بۆ گەشەی مێشک و جەستەی منداڵ، یادی سەرجەم بۆنە کوردییەکان دەکەینەوە کە بەداخەوە لە زۆربەی دایەنگە و باخچەکاندا گرنگی بە سروودی نیشتمانی و ئەو بابەتانە نادرێت کە پەیوەندی بە کلتوری کوردیەوە هەیە، بەڵام ئێمە ئەوەی لە تواناماندا هەبێت کردوومانە و لە هەموو بۆنەکاندا چالاکی جۆراوجۆر بۆ منداڵەکان ئەنجام دەدەین و سەردانی شوێنە کلتورییەکانیان پێ دەکەین، چونکە ناساندنی کلتوری کوردی بە نەوەکانی داهاتوو گرنگ بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگەکەمان هەیە.

 

دەشڵێت"بەشێک لە دایەنگەکان چالاکی وسەمای بیانی بە منداڵان دەکەن کە کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵ دەبێت، بەتایبەتی ساڵانە چالاکی هاڵۆوین ئەنجام دەدرێت کە هیچ پەیوەندی بە کلتوری ئێمەوە نییە و بڕە پارەیەکی زۆری بۆ تەرخان دەکرێت، لە کاتێکدا چالاکییە کلتورییەکان پشتگوێ دەخرێن کە کاریگەری لەسەر ئاستی ڕۆشنبیری ئەو منداڵانە لە داهاتوو دەبێت."

لە کۆتایشدا هێرۆ بەهمەن وتی: " بۆئەوەی منداڵان ببنە خاوەنی پەروەردەیەکی تەندروست، دەبێت دایک و باوک هاوکاری ئێمە بن، چونکە دایەنگە و ماڵەوە  تەواوکەری یەکترین و دەبێت لە کاتی هەبوونی کێشەیەک لە منداڵەکەیدا پێکەوە چارەسەری بکەین."