ڕۆڵی گرنگی ڕادیۆ کۆمەڵایەتییەکان لە بەرەوپێشبردنی مافەکانی ژنانی مەغریب

بوشرا عەبدۆ، چالاکوانی مافی مرۆڤ جەخت لەسەر ڕۆڵی گرنگی ڕادیۆ کۆمەڵایەتییەکان لە مەغریب دەکاتەوە کە ئەم میدیایانە وەک پردێکی پەیوەندی لە نێوان چالاکوانانی مەدەنی و کۆمەڵگەدا کاردەکەن و ڕۆڵێکی بەرچاو لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و هەڵاواردن دژی ژنان دەگێڕن

ڕەجا خەیرات

 

مەغریب – لەم ساڵانی دواییدا، زۆرێک لە چالاکوانانی ژنان و کۆمەڵەی داکۆکیکار لە مافی ژنان، ڕادیۆ ناوخۆییەکانیان بۆ وروژاندنی پرسەکان و مافی ژنان و مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو جۆرە جیاکارییەک بەرامبەریان دەستپێکردووە.

 

بوشرا عەبدۆ، چالاکوانی مافی ژنان و بەرپرسی کۆمەڵەی "تەحەدا بۆ یەکسانی و هاوڵاتیبوون" جەخت لەسەر گرنگی ڕادیۆ کۆمەڵایەتییەکان دەکاتەوە لە ناساندنی مافەکانی مرۆڤی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەریان، ئەو ئەم ڕادیۆیانە بە ئەزموونێکی ناوازە دەزانێت لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە پرسەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی مافی ژنان لە کۆمەڵگەدا.

 

بوشرا عەبدۆ ڕوونیدەکاتەوە کە ئەم ڕادیۆیانە پەیوەندییەکی کاریگەریان لە نێوان چالاکوانانی مەدەنی و کۆمەڵگەدا دروستکردووە و بەتایبەتیش ڕەنگدانەوەی دەنگی ئەو ژنانەن کە لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین، دەشڵێت: ڕادیۆی کۆمەڵایەتی میدیایەکی دینامیکن کە ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و هەڵاواردن دژی ژنان و فێرکردنی بەها مرۆییەکان و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ بۆ هاووڵاتیان، هەروەها ئەم ڕادیۆیانە بوونەتە پەناگەیەک بۆ زۆرێک لە ژنان بۆ دەربڕینی کێشەکانیان و فێربوون لە بڕگەکانی یاسای خێزان.

 

بوشرا عەبدۆ سەبارەت بە ئەزموونی تایبەتی خۆی باسی لەوە کرد کە کۆمەڵەی "تەحەدا بۆ یەکسانی و هاوڵاتیبوون" ڕادیۆیەکی بە ناوی "رادیۆی ئەلدرب" دامەزراندووە، ئەم ڕادیۆیە بە ئامانجی چارەسەرکردنی پرسە یاساییەکان و ئازادیەکان و بەها مرۆییەکان لە کۆمەڵگەدا بەتایبەت لە بواری پرسی جێندەری و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و هەڵاواردن دژی ژنان کاردەکات.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم ڕادیۆ کۆمەڵایەتیانە جێگەی میدیای فەرمی ناگرنەوە، بەڵام توانیویانە بگەنە دەست کۆمەڵێک هاوڵاتی و ڕۆڵێکی گرنگ لە ئاگادارکردنەوەدا بگێڕن، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیان ناساندنی چالاکی کۆمەڵەکانی ژنان و گرنگی ئەو کۆمەڵەیە لە گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی مرۆیی بەتایبەت پرسی ژنان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا کارەکانی "ڕادیۆ ئەلدرب" سنووردارە بە تۆمارکردنی بەرنامەکان و پەخشکردنی لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگەی لینکی پەرەپێدانی کۆمەڵەی تەحەدا بۆ یەکسانی و هاووڵاتیبوون و کۆمەڵەی دیکە کە ئارەزووی پرسی مافی مرۆڤ دەکەن و هەروەها ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی دەکەن، لەگەڵ میوانداریکردنی هەندێک لە چالاکوانان لە بواری مافی مرۆڤ و پرسەکانی تردا، ئەو بەرنامانەش کە پەخش دەکرێن بریتی دەبن لەو ژنانە کە بانگهێشت دەکرێن و مایکرۆفۆنیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی باس لە کێشە و پرسەکانیان بکەن و بیخەنە بەردەم ئامادەبووان، بە ئامادەبوونی پسپۆڕانی دەروونناس و پارێزەران و کۆمەڵناسان، هەروەها وروژاندنی هەندێک بابەتی پەیوەندیدار بە بزووتنەوەی ژنان و مافەکانی مرۆڤ بە گشتی.

 

بوشرا عەبدۆ دەڵێت کە ڕادیۆکە هێشتا بە هەموو ئامانجەکانی نەگەیشتووە، بەڵام هەنگاوی سەرەتایی ناوە بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ ژنان دروست بکات و فەزایێک بۆ دەربڕینی کێشەکانیان دابین بکات، وتیشی: ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی ئەم ڕادیۆیانە دەبنەوە، بریتین لە نەبوونی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ ئامادەبووان و سنوورداربوونی لە ڕاکێشانی بینەرێکی فراوان، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​بەشێک لە کۆمەڵەی ژنان داوای یاسایەک دەکەن بۆ چوارچێوەدان و پاڵپشتیکردنی ئەو میدیایانە، ستافی ئەم ڕادیۆیانە پێویستیان بە ڕاهێنانی تایبەتمەند هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی پیشەیی مامەڵە لەگەڵ پرسە گرنگەکانی بزووتنەوەی ژنانی مەغریب بکەن.

 

لە کۆتاییدا بوشرا عەبدۆ گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ڕادیۆ کۆمەڵایەتییەکان لە مەغریب پێویستیان بە چوارچێوەیەکی یاسایی و پشتیوانی پێویست هەیە بۆ پەرەپێدان و باشترکردنی ئەدای کارکردنیان، ئەو پێی وایە ئەم میدیایانە دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە ڕەنگدانەوەی دەنگی ژنان بەتایبەتی لە ناوچە پەراوێزییەکان و دوورەدەستەکان و ببنە ئامرازێکی بەهێز بۆ وروژاندنی پرسی ژنان.