شایەتحاڵی ساڵانی ٩٠ەکان: شێواز گۆڕاوە بەڵام هەمان ئەشکەنجەیە

جانێ ئاتاک کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا بۆ ماوەی ٦ ڕۆژ لەگەڵ منداڵەکانیدا ئەشکەنجە درابوو، دەڵێت: هەرگیز ئەو ڕۆژانەم لەبیرناچێتەوە، شێوازی ئەشکەنجەدان گۆڕاوە، بەڵام ئەشکەنجەدانەکە نەگۆڕاوە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

جولەمێرگ- بەپێی داتاکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ-İHDی لقی ئامەد، لە ماوەی ٦ مانگدا لانیکەم ٣ هەزار و ٨٩٥ پێشێلکاری مافەکان لە ناوچەکەدا ڕوویداوە، زۆرێک لەو پێشێلکاریانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەنجامدراون، پێشێلکارییە جددیەکانی مافەکانی مرۆڤ و ئەشکەنجەدان لەم دواییانەدا ساڵانی نەوەدەکانی تێپەڕاندووە.

 

جانێ ئاتاک کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا بۆ ماوەی ٦ ڕۆژ لەگەڵ ٣ منداڵەکەیدا بە توندی ئەشکەنجە درابوو، ڕووداوەکەی بە وتنی "هیچ شتێک نەگۆڕاوە" کورتکردەوە و ڕایگەیاند کە، تاکە ئاواتی ئەوان ئاشتییە.

 

جانێ ئاتاک تەمەنی ٥٨ ساڵە و لە ناوچەی گەڤەر لە شاری جولەمێرگ دەژی، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٤ گوندی ئەلێ سووتێنرا، لەگەڵ کەسوکارەکەی لە گوندی زەرەل نیشتەجێ دەبن و لەگەڵ منداڵەکانی دەستیان بە ژیان کردووە، دوای ئەوەی گوندەکەیان سووتێنرا، ئەو بنەماڵەیە کەوتە بەر فشاری دەوڵەت لەو گوندەی کە تێیدا نیشتەجێ بوون، بە وشەی "ئێوە خواردن دەدەن بە گەریلا، ئێوە یارمەتیان دەدەن" و چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەیان. هەر لەو کاتانەدا جانێ ئاتاک کە لەگەڵ ٢ کچەکەی و کوڕێکی لەسەر ئاگادارییەک دەستبەسەر کرابوو، بۆ ماوەی ٦ ڕۆژ تووشی ئەشکەنجەی جۆراوجۆر بوو.

 

'بۆ ماوەی هەفتەیەک ئەشکەنجە دراین"

ئەو خێزانە بە بیانووی "هاوکاری" سەرەتا لە گوندەکە و دواتر لە ناوەندی شاری گەڤەر تووشی ئەشکەنجەی سیستماتیک بوونەوە، جانێ ئاتاک باسی ڕووداوەکەی کرد و دەڵێت: ئەو ڕۆژەم لەبیر نەچووە، دوای ئەوەی ئێمەیان برد، کچەکەم و کوڕەکەم زۆر بە توندی ئەشکەنجە دران، کچەکەم تا ئێستا بە تەواوی چاک نەبووەتەوە لەو ئەشکەنجە کارەباییەی کە بەرامبەری کرا، دیسان کارەبایان لە هەموو جەستەی کوڕەکەم دا، هەرچەندە هیچ تاوانێکمان نەبوو، بەڵام ڕووبەڕووی ئەمە بووینەوە. چەند ڕۆژێک ڕێگەیان نەداین بڕۆین.

 

"ڕۆژانە دوو جار هێرشیان دەکردە سەر ماڵەکەمان"

جانێ ئاتاک باسی لەوەشکرد، تەنانەت دوای ئازادکردنیشی هەمان فشار لە گوندەکە بەردەوام بووە و دەڵێت: لە گوندەکە ڕۆژانە دووجار هێرشیان دەکردە سەر ماڵەکەمان، منداڵەکانمیان بردە دەرەوە و چەند کاتژمێرێک لە دەرەوە دەیانهێشتینەوە، ناوچەی دەوروبەری گوندەکەمان بۆردوومان دەکرا، هەموو هەوڵێکیان دەدا بۆ ترساندنی خەڵک، دوای جێهێشتنی گوندە سووتاوەکەمان، ئەم دۆخە لە گوندەکەی تریشدا بەردەوام بوو. ساڵانێک ڕووبەڕووی ئەم فشارانە بووینەوە، بەڵام نەچووینە هیچ شوێنێکی تر، ئەوان دەیانویست هەموو گوندەکە چۆڵ بکەن، بەڵام من نەمتوانی زەویەکەم بەجێبهێڵم، ئێستا ناتوانم بچمە گوندەکەم چونکە ڕێگەیان لێگرتووین، جاری وا هەیە ئۆتۆمبێل بە کرێ دەگرین و چەندین کاتژمێرێک دەڕۆین، بەڵام لە دەرگای گوندەوە دەمانگەڕێننەوە، دەڵێن سەلامەت نییە، بەبێ کۆکردنەوەی باخچە و میوەکانمان دەگەڕێینەوە.

 

"لە ماوەی ٣٠ ساڵدا هیچ شتێک نەگۆڕاوە"

جانێ ئاتاک سەرنجی ڕاکێشاوە بۆ ئەوەی هەرچەندە نزیکەی ٣٠ ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام هەمان سیاسەتی ستەمکاری بەسەر گەلی کورددا جێبەجێ دەکرێت، وتیشی: پێشتر ئەشکەنجەیان دەدا، ئێستا ئەشکەنجە دەدەن و سزای قورس دەدەن، تەنها بە یەک هۆشداری خەڵک ساڵانێک سزا دەدرێن، تا ئێستاش ئەو ڕۆژانەم لەبیر نەکردووە و هەرگیز نایکەم، ئەوەی لەو ڕۆژانەدا ڕوویدا ساڵانێکە دووبارە دەبێتەوە. ئەوەی ئێمە وەک گەلێک دەمانەوێت ئاشتی و ئازادییە، وتیان بڕۆن، ئێمە نەڕۆشتین، ئێمە هەر لە گوندی خۆمانین و ئێستاش ئێمە ناچینە کار. ئیتر خوێن ڕشتنمان ناوێت، ئێمە دەمانەوێت کەس ئازار نەچێژێت و نە ئەشکەنجە بدرێت، ئەمەیە کە ساڵانێکە دەمانەوێت.