"باوەڕ بەخۆنەبوون تاکەکانی بەرەو ئەنجامدانی جوانکاری بردووە"

بەهۆی ڕێکلام و بڵاوکردنەوەی جوانی دەستکردەوە لەلایەن سیستمی سەرمایەدارییەوە، گەنجان ڕوویان لە ئەنجامدانی جوانکاری کردووە و پزیشکێکیش هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ باوەڕ بەخۆنەبوون.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- ساڵانی ڕابردوو باوەڕ بەخۆبوون لای تاکەکانی کۆمەڵگە بەهێزتر بوو، چونکە تەکنەلۆژیا بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆوە نەبینیبوو، بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا بەهۆی تۆڕی کۆمەڵایەتی و کرانەوەی کۆمەڵگە بە ڕووی جیهان و دەرکەوتنی کەسانێک وەکو مۆدێل کە سیستمی سەرمایەداری بەڕێوەیان دەبات، وای لە تاکەکان کرد ڕوو لە ئەنجامدانی جوانکاری بکەن، لە کاتێكدا زۆر جار کەسەکە پێویستی بە جوانکاریش نییە، ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی دروست دەکات بۆ سەر نەوەکانی داهاتوو، هەروەها دۆخی دەروونی ژنان بەرەو خراپی دەبات.

 

"تۆڕی کۆمەڵایەتی وایکردووە تاکەکانی کۆمەڵگە ڕوو لە ئەنجامدانی جوانکاری بکەن"

گەشین کەمال، پسپۆری نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری، ئاماژەی بەوەکرد، جوانکاری کردن دوو جۆری هەیە، وەکو جوانکاری بێ نەشتەرگەری و جوانکاری بە نەشتەرگەری، لە هەرێمی کوردستانیش خەڵکی زۆر ڕوویان لە جوانکاری بێ نەشتەرگەری کرد٣وە، وە ڕێژەی جوانکاری کردنیش ڕووی لە زیادبوون کردووە لە ناو کۆمەڵگەکەماندا و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ تۆڕی کۆمەڵایەتی، چونکە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە و ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە، بەهۆی ئەوەی بەکارهێنەرانی زۆرن و ئەو کەسانە دەبینن کە جوانکاری دەکەن، ئەمەش وا لە تاکەکاندا دەکات دەست بدەنە کردنی جوانکارییەکی زیاد لە سنوور و هەندێک جار پێویستیش نییە، بەڵام ئەنجامی دەدەن.

 

"زیادەڕۆیی لە جوانکاری کردن باوەڕ بەخۆبوون لای تاکەکان کەم دەکاتەوە"

گەشین کەمال ڕوونی کردەوە، ئەنجامدانی جوانکاریەکان بەشێکیان چاولێکەرین و بەشێکیتریان بەهۆی تێکچونی شوێنێکی جەستەیان ئەنجامیدەدەن، هەندێکیشیان بەهۆی خەمی زۆرەوە یان بەرکەوتەی تیشکی خۆرەوە پێستیان تێکچوونێکی تیایە و لە تەمەنی خۆیان زۆر گەورەتر دەردەکەون تا ڕادەیەک ئەمەیان پێویستی بە جوانکاری هەیە، هەندێکیتریان لەبەر ئەوەی تەمەنیان بەرەو هەڵکشان دەڕوات دەیانەوێت گەنجتر دەربکەون، بۆیە جوانکاری ئەنجام دەدەن.

 

وتیشی: جێگەی داخە بەشێک لە گەنجەکانی کۆمەڵگە جوانکاری ئەنجام دەدەن بێ ئەوەی پێوستیان پێی بێت، تەنها لەبەر ئەوەی پێی بڵێن جوانکاری ئەنجامداوە، ئەمەش زیادەڕۆییە و زانستی نییە، لە زانستی جوانکاریدا زیاتر ڕێککاری گرنگە، لە ڕووی تەندروستیشەوە باش نییە و دەبێتە هۆی تێکچونی سایکۆلۆژیای جەستە و دەروونی کەسەکە و وای لێدەکات باوەڕ بەخۆبوونی کەم بێت.

 

"کەسانی مۆدێل کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە دروست دەکەن"

گەشین کەمال ئەوەشی خستەڕوو، زیادەڕۆیی لە جوانکاری کردندا زۆر جار وا لە کەسەکە کە هەمیشە خۆی بە ناشرین ببینێت لە کاتێکدا زۆربەیان پێوستیان هەر بە جوانکاری نییە، بۆیە سەرەتا جوانکاری دەروونی گرنگە، ئەو کەسانەی مۆدێلن بۆ دەوستکەوتێکی خۆیان جوانکارییەکی زیاد لە پێویست ئەنجام دەدەن ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە دەبێت و وا دەکات تاکەکان لە تەمنێکی کەمدا دەست بکەن بە جوانکاری.

 

دەشڵێت: هەرچەندە کەسانێکی زۆر هەن باوەڕ بەخۆبوونیان بەهێزە و هیچ شتێک کاریان تێ ناکات، بەڵام دەبێت پزیشکانی جوانکاری تەنها لە بیری ئەوەدا نەبن جوانکاری ئەنجام بدەن بۆ چارەخوازەکانیان، بەڵکو دەبێت سەرەتا قسەیان لەگەڵ بکەن و پێیان بڵێن کە زۆر جار جوانکارییەکە پێویست نییە، هەروەها هاوڕێش کاریگەری زۆری لەسەر کەسایەتی هەیە.

 

"ژنان پێویستە گرنگی بە خۆیان بدەن و باوەڕ بەخۆبوونیان زیاتر بێت"

گەشین کەمال ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە پیاوانی کۆمەڵگە ئەو ژنانەیان پی قبوڵ نییە کە جوانکارییەکی زۆریان کردووە لە کاتێکدا دەبنە هاندەر بۆ ئەوەی ژنان جوانکاری ئەنجام بدەن، لە هەرێمی کوردستان ماددەی زۆر بەکاردەهێنرێت بۆ جوانکاری و دیارترین ئەو مادانەش فیلەر و بۆتۆکسە، ژنان بوونەوەرێکی جوانن، بۆیە متمانە بەخۆبوونیان گرنگترین شتە و بۆ ئەوەی پێویستیان بە جوانکاری نەبێت دەبێت گرنگی بە خۆیان بدەن، وە ئەگەر جوانکاریش ئەنجام دەدەن با لە سنوری خۆیدا بێت، ئەگەریش باوەڕ بەخۆبوونیان نییە دەتوان سەردانی پزیشکانی دەروونی بکەن.