هاوڵاتیان دەربارەی تەماشاکردنی دراما تورکییەکان هۆشیار بوونەتەوە

بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو تەماشاکردنی درامای تورکی کەمبووەتەوە، بەشێک لە هاوڵاتیان هۆشیاریان لە بارەیەوە هەیە و دەزانن کاریگەری نەرێنی دەخاتە سەر ژینگە و خێزانەکانیان.

شنیار بایز

 

سلێمانی- چەندین ساڵە دراما و فیلمی تورکی لە باشووری کوردستان و ناوچەکانی دیکەی جیهاندا وەک وڵاتانی عەرەبی بەربڵاوە، لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان پەخش دەکرێت.

 

لە باشووری کوردستان کاتی پەخشکردنی دراما تورکییەکان هاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوە خێزانییەکان و تاکەکان ناچار بە تەماشاکردنی دەکران، ئەو دەزگایانەی فیلم و دراماکانیشی لێوە پەخش دەکرێت، نزیکن لە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا لە ناوخۆی باشووری کوردستاندا، ئامانجیشیانە کولتووری کوردی پەلکێش بکەنە ژێر کاریگەری کولتووری دەوڵەتی تورکیاوە.

 

بۆ ئەم مەبەستەش چەندین درامای یەک لە دوایەکیان وەردەگێڕایە سەر زمانی کوردی و پەخشیان دەکرد بێ ئەوەی گوێبدەنە لایەنی خراپی ئەم درامایانە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی بۆ سەر کۆمەڵگە، چەندین ساڵ بەم شێوەیە پەخشەکانیان بەردەوام بوو، ڕۆژ بە ڕۆژ کاریگەری دراماکان زیاتر لەنێو خێزان و کۆمەڵگەی کوردیدا دەردەکەوت، هاوڵاتیان بەشێکیان تەواو خێزان و منداڵەکانیان کەتوونەتە ژێر کاریگەرییەوە، لە بەرامبەردا بەشێکی دیکەیان هۆشیارن و ڕێگە لە تەماشاکردنی دراماکان دەگرن لەنێو ماڵەکانیاندا.

 

سەرەڕای بوونی کاریگەری خراپی دراما تورکییەکان بەسەر کۆمەڵگەوە و ڕادەستکردنی یاداشت بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و کاروباری کۆمەڵایەتی و لایەنی پەیوەندیدار، بەڵام کەناڵەکانی لە پەخشکردنی ئەو درامایانە بەردەوامن، لە بەرامبەردا بەشێکی زۆری هاوڵاتیان هۆشیاربوونەتەوە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی دراماکان و بە تێکدەری کۆمەڵگە و کولتوور و خێزانی کوردی لە قەڵەمی دەدەن و لەناو ماڵەکانیاندا بایکۆتی تەماشاکردنیان کردووە.

 

ژنانی شاری سلێمانی دەربارەی هۆشیارییان لە تەماشاکردنی دراما تورکییەکان بۆ نوژنها دوان،

 

"شتێک سودی نەبێت بۆچی تەماشای بکەین"

بەهار حەمەسەعید، ژنێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە و ئاماژەی بەوەکرد، خەڵکی باشووری کوردستان تا ماوەیەک لەمەوبەر زۆر تەماشای درامای تورکییان دەکرد، گومانی تێدا نییە دراماکان کاریگەری نەرێنی لای تاکی کۆمەڵگە دروستدەکەن، وتیشی: گرنگ نییە دراماکان و فیلمەکانی سەر شاشەکان بەرهەمهێنراوی کوێن گرنگ ئەوەیە بەرهەمێکی باشبن و هۆشیاری بڵاوبکەنەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە دراما تورکییەکان شیرازەی خێزانەکان تێک دەدەن.

 

هەروەها باسی لە هۆشیاری خێزانەکان کرد و وتی: بۆ ئەو مەبەستەش دایک و باوکان پێویستە ئاگاداری منداڵەکانیان ببن لە تەماشاکردنی دراماکاندا، بزانن کە چ شتێک سودی دەبێت بۆ منداڵەکانیان، لە ئێستادا هۆشیاری زیاتر هەیە، کەمتر گرنگی بە سەیرکردنی ئەو جۆرە درامایانە دەدرێت.

 

گەنجانیش دەربارەی کاریگەری خراپی دراماکان هۆشیارن

مەهناز ڕەحمان، وەک ژنێکی گەنج باسی لەوەکرد کە بە هیچ جۆرێک گرنگی بە تەماشاکردنی درامای تورکی نادات، چونکە پێیوایە کاریگەری خراپ جێدەهێڵێت لەسەر کۆمەڵگەی کوردی بەتایبەت منداڵان، کە دیمەنی وای تێدایە بە کەڵکی منداڵان نایەت و بەڵام هیچ سانسۆرێکیان لەسەر نییە.

 

مەهناز پێی باشە ئەوەندەی گرنگی بە دراما بیانییەکان دەدرێت، گرنگی بە درامای کوردی بدرێت باشترە، یاخود ماوەی منداڵان و بەرنامەی بەسود باشترە، وتی "لەو ماوەیەی کە خەڵکی بە لێشاو تەماشایان دەکرد، بێگومان کاریگەری خراپی کردەسەر خێزانەکانی کۆمەڵگەی کوردی، بەڵام خۆشبەختانە لە ئێستادا کەمتر بووەتەوە و هۆشیاریان زیاترە، پێیانوایە شیرازەی خێزان تێکدەدات".

 

لە کۆتایدا بە ئەرکی دایک و باوکی دەزانێت زیاتر هۆشیار بن و سەرەتا لە خۆیانەوە دەستپێبکەن و تەماشای نەکەن، دواتر منداڵەکانیان دەتوانن چاویان لێبکەن و حەز بەو درامایانە نەکەن، لە بەرامبەردا بخوێننەوە و منداڵەکانیان فێری زمانە جیاوازەکان بکەن.